1047 کەلتور

زنجیرەیەک یادگاریی لەگەڵ ئەحمەد هەردی (8)

04:59 - 09/06/2021

ئاری عەبدولقادر نوری/تایبەت بە زەمەن

 
لەدەمی خۆی و هەروەکو خۆی
بۆ لەناو کوردیشدا "شاعیر" هەیە؟!

 
کاک هەردی ووتی جارێکیان فایەق بێکەس بۆی گێڕامەوە کاتێک کە دوورخراوەتەوەو میری ڕەوانەیکردووە وەک مامۆستا بۆ ناوچەیەکی عەرەبنشین، شێخی گەورەی ناوچەکە کە زانیوێتی فایەق بێکەس شاعیرە، زۆر حەزی بە دانیشتن کردووە لەگەڵیاو میوانداریی کردووە بۆلای خۆی بۆ دیوەخان. فایەق بێکەس ووتی کە بۆ یەکەمجار بانگکرام بۆلای شێخ، هەم شێخ خۆی و هەم هەموو ئەوانەی لە مەجلیسەکەیا دانیشتبوون بەسەرسوڕمانەوە لێیان  ئەپرسیم: باشە تۆ کوردیت و شاعیریشیت؟! باشە کوردیش ئەزانێ  شیعر چیەو شاعیری هەیە؟! کاک هەردی ووتی فایەق بێکەس بە زەردەخەنەوە پێی ووتم: هەردی، منیش بە هەموو ئەقڵێکمەوە دانیشتبووم بۆم شەرح ئەکردن! ووتم: باشە کورد ئینسان نیە وەکو ئێوە؟! هەموو ووتیان بەڵێ وایە! ئینجا ووتم: باشە ئەی شیعر لە شعورەوە نەهاتووە؟! هەموو ووتیان بەڵێ وایە! فایەق بێکەس ووتی لێرەیا ئیتر تەواو پەست و تووڕەبووم بووم و ووتم: ئێ کوردیش ئینسانەو شعوری هەیەو شیعردائەنێ! لەبەر ئەوە شاعیریشیان تیا هەڵئەکەوێ! هەموویان ووتیان تۆ خۆت توڕەمەکە قوربان! ئەوەی تۆ ئەیڵێی تێی ئەگەین، بەڵام ئێمە هەر تەنها پێمان سەیرەو هەرگیز نەمان بیستووە کە کوردیش شیعر بڵێ و شاعیری هەبێ! ئەمە بۆ یەکەم جارە چاومان بە شاعیرێکی کورد بکەوێ لە نزیکەوە! کاک هەردی ووتی فایەق بێکەس پێیووتم ئەو شیعرەی کە دێڕێکی بە کوردیەو دێڕێکی بە عەرەبی لەو ماوەیەدا و هەرلەوێ دامناوە.
هەرلەو ناوچە عەرەبنشینە فایەق بێکەس گێڕایەوە: جارێکیان لەناکاو بوو بە هەڵاو خۆ ئامادەکردن و ڕاکەڕاک، گوایە موفەتیش هاتووە لە بەغداوە بۆ سەردانی قوتابخانەکەمان! فایەق بێکەس ووتی: پێش ئەوەی موفەتیش بڕوات و بەجێمانبهێڵێ، ڕووی دەمی کردە من و پرسی:

بدون زحمة استاذ! ماتگلي بالله ساعتك بیش الآن؟
منیش ووتم: واللە ما عندي ساعة، مع الاسف!

کاکی موفەتیش بەبەرچاوی هەمووانەوە ووتی: هذا شلون! هالله هالله استاذ و ما عندك ساعة؟! ئەمەی ووت و لێیدا ڕۆیشت! کاک هەردی هەمیشە ئەوەی دووپات ئەکردەوە کە فایەق بێکەس تابڵێی پیاوێکی بوێرو سڵنەکەرەوەو قسەلەڕوو بووە. فایەق بێکەس ووتی قسەی موفەتیشەکەم زۆر لەخۆگرت و زۆر لە دڵم گران بوو! بەڵام نەمهێشت بەسەریەوە بچێ هەریەکسەر پێش ئەوەی لە دەرگای مەکتەبەکە بچێتە دەر هاوارم لێکرد:
بدون زحمة استاذ! ممکن بالله توصلنی للبیت بسیارتك؟!
 کاکی موفەتیش ووتی: والله ماعندي سیارة، مع الاسف!

منیش پێمووت:

هذا شلون! هالله هالله مفتش کبیر و جاي من العاصمة و ماعندك سیارة؟!


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن