لەدەمی خۆی و هەروەکو خۆی
09:47 - 13/05/2021
ئاری عەبدولقادر نوری-بەشی 4/تایبەت بە کلتوری زەمەن
زنجیرەیەک
لە یادگاری، لەگەڵ ئەحمەد هەردی
*بیرەوەریەک لەگەڵ عەبدوڵا
گۆران
ئەحمەد هەردی، لە گەلێک دەرفەت و لە زیاد لەبۆنەیەکدا، ئەوەی دووپاتئەکردەوە، کە بەڕای ئەو
گۆران زۆر لەو شاعیرترە! بەڵام هەمیشەش ئەیووت، کە جیاوازیەکی زۆرگەورە هەیە لە
نێوان ئەو شیعرانەی کە بۆ سروشت و جوانی و بۆ دڵداری ووتوونی، وەک لە شیعرە
سیاسیەکانی! ئەیووت: بەڕای من، شیعرە
سیاسیەکانی مامۆستا گۆران، زۆر لاوازن، لەچاو شیعرەکانی تریا! من ئەمەم بەرەوڕوو بە
عەبدوڵا گۆران خۆی ووتوە!
کاک
هەردی گێڕایەوە، جارێکیان خولێک کرایەوە بۆ (مامۆستایانی زمانی کوردی) من
هەڵبژێردرام کە بۆ ماوەی مانگێک، ڕۆژانە ٤۵ تا ۵۰ دەقە هەندێ محازەرەیان لەسەر
زمانی کوردی بۆ بدەم۰ بەڵام من بە بەڕێوەبەری دەورەکەم ووت، کە من مەرجم هەیە بۆ
ئەوەی ڕازیبم بە دەرس ووتنەوە! بەڕێوەبەرەکە وا چاوەڕوان بوو کە من باسی پارەو
موچەی لەگەڵا بکەم! زۆر سەیری لێهات کاتێ پێمووت تەنها مەرجی من ئەوەیە کە ئەمەوێ
بەدرێژایی ئەو مانگە هەر بەتەنها قسە لەسەر شیعرێکی گۆران بکەم، ئەویش شیعری
"جوانی بێ ناوە"! بەڕێوبەرەکە بە سەرسوڕمانەوە ووتی باشە چۆن؟! مەبەستت
ئەوەیە بەدرێژایی ئەو مانگە تۆ هەر ئەو شیعرە ئەڵێیتەوە؟! ئەمە چۆن؟! ووتم بەڵێ
زۆر چاک! ئەو شیعرە هێندە کاری هونەریی و جوانکاریی و بەهرەو تەلارسازیی ئەدەبیی تیایە، کە من ئەتوانم بەدرێژای ئەو مانگە کاری
لەسەر بکەم۰ کاک هەردی ووتی فیعلەن دەستمکرد بە دەرس ووتنەوەو یەک مانگی ڕێک هەر
خەریکی ئەو شیعرەبووم! (ئەو موحازەرانەشم ماوە، پشت بەخوا لەدەرفەتێکا بڵاویان
ئەکەمەوە!)
کاک
هەردی ووتی ڕۆژێکیان چاوم بە عەبدوڵا گۆران کەوت۰ پاش سڵاوکردن و هەواڵپرسی چەند
کەسێکمان لێکۆبوەوە، یەکێک لەوانە کە باش لەیادمە (فەتاح ئاغای کوڕی حەمەومین ئاغا)
بوو کە ئەودەم مامۆستای کوردی بوو، لە محازەرەکانی منا بەشداربوو۰ بە گۆرانم
ووت: باشە عەبدوڵا بەگ ئەوە من قسە لەسەر شیعرێکی تۆ ئەکەم، بۆ ڕۆژێک سەردانێک
ناکەیت و بزانی چی ئەڵێم؟! گۆران ووتی: وەڵا زۆر حەزئەکەم، بەڵام زۆر مەشغوڵم و
سەرم ناپەرژێ! کاک هەردی ووتی من تێگەیشتم مەبەستی چیە، چونکە ئەمزانی کە ئەو سەرگەرمی
سیاسەتەو لەگەرمەی کاری حیزبایەتیکردنایە!
ووتم بێ قەزابی نیو سەعات چیە بێیت و گوێ بگری! وتی بەخوا زۆر حەزئەکەم چونکە
بیستوومە کە باسی "جوانی بێ ناو" ئەکەی، بەڵام بەخوا سەرم زور قاڵەو
پێمناکرێت!
کاک هەردی ووتی پێمووت بەهەرحاڵ من شتێک هەیە ئەمەوێ بەخۆتی بڵێم و لە
خۆتەوە وەڵامەکەی وەرگرم۰ پرسیم: باشە بۆچی شیعرە سیاسیەکانت لەچاو شیعرەکانی ترتا
هێندە بێهێزن؟ کاک هەردی ووتی: لەپێشا گۆران وتی: نەخێر وانیە! من وای نابینم! من
جیاوازیەکی ئەوتۆ لەنێوانیانا نابینم! منیش پێمووت قوربان من ئەتوانم بۆت بسەلمێنم
کە وایە! من لەسەر شیعرەکانی ترت ئەتوانم بە مانگ قسەبکەم و ووردەکاری هونەریی و وێنەی شیعریی هەمەڕەنگی تیا
بدۆزمەوە۰ بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئەو جوانکاری و ووردەکاریە لە شیعرە سیاسیەکانتا
نابینم! مامۆستا گۆران ووتی ئاخر باشە خۆ خەڵک زیاتر شیعرە سیاسیەکانمیان پێخۆشەو زۆرتر
لەسەر دەمیانەو زیاتر پیایانا هەڵئەیەن!
ووتی منیش پێمووت مامۆستا تۆ واز لە خەڵکی بێنە!! چونکە هەر ئەو خەڵکەی کە جەنابت
باسیان ئەکەی منیان بردە ئاسمان کاتێ (ئازادیخوام) وت، هەر ئەوانیش ئێستا
بەجۆرێکیتر قسەم لەسەر ئەکەن چونکە وازم لێ هێناون!
دواجار عەبدوڵا گۆران ووتی:
کاکی خۆم، شیعرێک بەرهەمی خەیاڵێکی فراوان و ئەندێشەیەکی قووڵبێت بێگومان جوانترو بەتامترو
و چێژدارترئەبێ۰ شیعری جوان پێویستی بە خەیاڵی جوانە۰ منیش بەداخەوە ئێستا کات و
ماوەم بۆ ئەو خەیاڵفڕین و خەیاڵفراوانیە نەماوە! (کاک هەردی ووتی هەندێ کتێبم
لەسەر ئابووری بە دەستیەوە بینی)۰ ئەو شیعرانەی کە تۆ باسیان ئەکەیت ئەحمەو بەگ،
هەموویان زادەی خەیاڵێکی زۆر فراوانن۰ کاک هەردی ووتی منیش زۆر سوپاسم کردو ووتم
بەخوا زۆر ڕاستەکەی قوربان، سیاسەت و حیزبایەتیکردن بەر بەو چەشنە لە ئەندێشەو
خەیاڵ ئەگرن!
چاوەرڕێی بەشێکی دیکە لە یادەوەریی ئەحمەد هەردی بن، لە هەفتەی داهاتوو