611 کەلتور

لەدەمی خۆی و هەروەکو خۆی

12:24 - 03/05/2021

ئاری عەبدولقادر نوری

زنجیرەیەک لە یادگاری، لەگەڵ هەردی (٢)

 
هەرلەو گردبوونەوەیەی پێشوودا کاک هەردی بەم جۆرە باسی شیعرێکی دیکەی فایەق بێکەسی کرد. کاک ئەحمەد هەردی گێڕایەوەو ووتی: بەڵام من شتێکی کەم پێووتن کە ئەمیان خستۆتە نێو دیوانەکەی فایەق بێکەسەوە، ئەمەشیان ئاوهابوو۰ لە ساڵی 1941 یان 1942 دابوو۰ من و هاوڕێی نزیک و خۆشەویستم (ڕەفیق چالاک) و چەند لاوێکی تری ئەوکاتە ویستمان لیژنەیەک دروستکەین هەروەک ئەوەی لە (یادگاریی لاوان) بچێ و کۆمەڵێک کەسایەتی ناوداری ئەوکاتەی شاری تیا کۆبکەینەوە۰ مەبەست لە دروستکردنی ئەو لیژنەیە هەر بەتەنها بۆ ئەوەبوو کە هەرهەفتەو جارێک لەماڵی یەکێکمان کۆببینەوەو هەرکەسێکیش ئەگەر باسێکی پێبێ یان بەرهەمێکی ئەدەبی تازەی هەبێ، هەر لەوێ بیخوێنێتەوە بۆهەمووان۰ کاک ئەحمەد هەردی ووتی: بۆ خۆهەڵکێشان نایڵێم بەڵام من ڕۆڵێکی سەرەکیم هەبوو لە دامەزراندنی ئەو لیژنەیەدا۰ ئەویش لەبەر ئەوەی من تازە  لە (دارول موعەلیمینی ریفی) دەرچووبووم و  لەهەڕەتی لاوێتی و لە لووتکەی گەنجێتیمابووم و زۆر خوێنم گەرم بوو. وە من نێوانم خۆشبوو لەگەڵ یەکە بەیەکەی ئەو کەسانەی لەناو لیژنەکەیا کۆمانکردبوونەوە، وەکو مامۆستایان (ئیبراهیم ئەحمەد) و (فایەق بێکەس) و (عەبدوڵا گۆران) و (فایەق ووشیار) و گەلێکیتر۰ کاک هەردی ووتی لە دانیشتنێکا کە لەماڵی (فازیڵ عیرفان) بووین، پاقلاوەو شیرینیەکی زۆری بۆ کڕیبووین و خەریک بووین ئەمانخوارد۰ یەکێک لە ئامادەبوان، بەبیرم نایەت کامیانبوو، لەوکاتەی فایەق بێکەس هەر بەتەواوی سەرقاڵی پاقلاوەخواردن بوو، ڕووی دەمی تێکردو ووتی: ئەوە چیە فایەق بۆ وا مەشغوڵ و بێدەنگی؟! بێ قەزابی، بزانە بەدرێژایی ئەمڕۆ شتێکت بۆ خوێندینەوە! فایەق بێکەسیش لەسەرخۆ سەری هەڵبڕی و سەیری یەکە بەیەکەمانی کردو ووتی: با، شتێکم پێیە بۆتان!
هەموو بە یەکدەنگ ووتمان ئادەی فایەق گیان!!
یەکێک ووتی: ئەی یاخوا یێ قەزابی! ئەی بۆ وا نقەت لەخۆت بڕیوە؟!
ئەویش ووتی هیچی وانیە هەمووی شەش حەو دێڕە! هەموو ووتمان هەرچەنێکە فایەق، بڵی بابزانین چیە؟ فایەق بێکەس ئەم شیعرەی خوێندەوە:

کەمن ڕازیبم بە چۆڕێ عەرەق
بەتۆزێ چێشت و لەتێ نانی ڕەق


کەڵکەڵەی پارە لەسەرما نەبێ
حرس و تەماعم دابێتە بەرشەق


سەر بۆ هیچ کەسێ دانانەوێنم
تەشی ناڕێسم بۆ پیاوی ئەحمەق


بەنێریی ئەژیم هەتاکو ماوم
ئەبەد لانادەم لەسەر ڕێگای حە
ق

کاک هەردی ووتی من هەریەکسەر لەو دانیشتنەیا ئەم دێڕانەم جوان لەبەرکرد و پاشان لای خۆم نووسیمەوە۰ دواجار دامنێ
بیخەنە دیوانەکەیەوە. ئەمەیان لە دیوانەکەی فایەق بێکەسدا هەیە۰

2-5-2021

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن