ڤیاڕیاڵ سه‌ره‌ڕاى بردنه‌وه‌ى له ئه‌رسیناڵ به‌ڵام گه‌یشتنى به كۆتایى مسۆگه‌رنیه
02:01 - 30/04/2021
زه‌مه‌ن-وه‌رزش
یانه‌ى ڤیاڕیاڵى ئیسپانیى شه‌وى ڕابردوو توانى له ئه‌رسیناڵى ئینگلیزیى میوانى ببانه‌وه (2-1) له یاریى چوونى قۆناغى پێش كۆتایى خولى ئه‌وروپى.
له خوله‌كى (5)ى سه‌ره‌تادا ڤیاڕیاڵى خاوه‌ن یاریگا توانى گۆڵى پێشكه‌وتن له‌ڕێگه‌ى مانۆ تریگیرۆس تۆماربكات، دواتر ڕاوول ئه‌لبیۆلى به‌رگریكار له‌خوله‌كى (29)دا گۆڵى دووه‌مى بۆ یانه به‌رگ زه‌رده ئیسپانیه‌كه زیادكرد.
تاكه گۆڵه‌كه‌ى ئه‌رسیناڵ له‌كاتێكى دره‌نگى یارییه‌كه‌دا تۆماركرا له‌ڕێگه‌ى نیكۆلاس پیپى ئیڤوارى له‌خوله‌كى (73 به لێدانى سزا.
جێى ئاماژه‌یه هه‌ردوو یانه‌كه به 10 یاریزانه‌وه یارییه‌كه‌یان ته‌واوكرد، دواى ئه‌وه‌ى دانیال سیبایۆسى ئیسپانیى له خوله‌كى 57 كرایه ده‌ره‌وه له یارییه‌كه، پێش ئه‌وه‌ى ئیتیان كاپۆى فه‌ره‌نسیى یاریزانى ڤیاڕیاڵ له خوله‌كى 80دا بكرێته ده‌ره‌وه.
بڕیاره یاریى گه‌ڕانه‌وه‌ى نێوانیان له‌سه‌ر یاریگاى ئیمارات له شه‌شى مانگى داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.