غه‌رناته ڕێگریى له گه‌یشتنى به‌رشه‌لۆنه به پێشه‌نگى لیگا ده‌كات
10:26 - 29/04/2021
زه‌مه‌ن-وه‌رزش
یانه‌ى به‌رشه‌لۆنه له به‌رامبه‌ر غهرناتهى میوانى شكستیهێنا به ئه‌نجامى (1-2) له‌سه‌ر یاریگاى كامپ نۆ، له‌چوارچێوه‌ى یارییه‌كانى هه‌فته‌ى 33ى خولى ئیسپانى.
هه‌رچه‌نده به‌رشه‌لۆنه له‌ڕێگه‌ى لیۆنێل میسیه‌وه له خوله‌كى 23 گۆڵێ پێشكه‌وتنى تتۆماركرد، به‌ڵام دواتر یاریزانانى غه‌رناته به‌رگرییه‌كى تووندیان كرد، دواتر به دوو هێرشى خێرا خراپى ئاستى به‌رگریكارانى به‌رشه‌لۆنه‌یان قۆستنه‌وه و دوو گۆڵیان تۆماركرد، له خوله‌كه‌كانى 63 و 79دا له‌ڕێگه‌ى داروین ماچیس و خۆرخى مۆلینا.
به‌و جۆره‌ش به‌رشه‌لۆنه هه‌لى به‌نرخى گرتنه‌ده‌ستى ڕیزبه‌ندیى لیگاى له‌ده‌ستدا له‌كاتێكى زۆر گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى كێبڕكێكردن له‌سه‌ر نازناوه‌كه، ئێستاش كۆى خاڵهكانیشى به 71 مایه‌وه له پله‌ى سێیه‌مدا به هه‌مان ژماره‌ى خاڵه‌كانى ڕیاڵ مه‌درید.
له‌كاتێكدا غه‌رناته خاڵه‌كانى به‌رزكرده‌وه بۆ 45 خاڵ له پله‌ى هه‌شته‌مى ڕیزبه‌ندیدا.