کوردستان

ئاسایشی نیشتیمانیی دوو گۆرانیبێژی میللی ناچار بە داوای لێبوردن دەكات

07:33 - 19/04/2021 224 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن_كەركوك ناو

 

ئاسایشی نیشتیمانی كەركوك لە ماوەی هەفتەیەكدا دوو گۆرانیبێژی میللی شارەكە ناچار بە داوای لێبوردن دەكات و بە ڤیدیۆ دەقی وتەكانیان بڵاودەكاتەوە. ئەوەش لەسەر هەڵوێست و مامەڵەكانیان كە ناڕەزایی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەدواداهات.

 

ئەو كارەی ئاسایشی نیشتیمانیی دوای ئەوە هات كە یەكێك لە گۆرانیبێژەكان وتەی نەشیاوی لە بەندەكانیدا لە دژی كەركوك و خانمانی ئەو شارە بەكارهێنا، ئەوەی  تریشیان بەشێوەیەكی ناشارستانی لەناو شاردا هەڵسوكەوتی كردووە و لە ئۆتۆمبێلەكەیەوە تەقەی بە ئاسماندا كردووە، ئەوەش بەپێی وتەی سەرچاوەیەك لە ئاسایشی نیشتیمانی بۆ (كەركوك ناو).

 

ماجد هیلالی یەكێك لەو گۆرانیبێژانە، یەكشەممە 18ی نیسان ڤیدیۆی داوای لێبوردنەكەی لەلایەن ئاسایشی نیشتیمانییەوە بڵاوكرایەوە و تیایدا دەڵێت "داوای لێبوردن لە خەڵكی كەركوك دەكەم، هەمویان خوشك و برای منن، هیچ جیاوازییەك لە نێوان پێكهاتەكانیدا نییە و ئیشەڵا ئەم هەڵەیە جارێكی تر دوبارە نابێتەوە".

 

ماجد لە یەكێك لە بەندەكانیدا كە چەند رۆژێكە بڵاوبۆتەوە، لە بڕگەیەكیدا دەڵێت "كەركوك و كچانی كەركوك بە نەعلەت بن"، هەروەها سوكایەتی بە خانمان و خەڵكی شارەكەش دەكات.

 

تۆماركردنی ڤیدیۆكە بۆ ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە كە پێدەچێت لە دەرەوەی شار و لە دانیشتنێكدا بێت، بەڵام چەند رۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبۆتەوە.
سەرچاوەكەی ئاسایشی نیشتیمانی بە (كەركوك ناو)ی وت "ماجد لەسەر رەزامەندی دادوەر دەستبەسەركراوە، دوای ئەوەی داوای لێبوردنی كردووە، ئازادكراوە و بەڵێنیداوە كاری لەو شێوەیە دوبارە نەكاتەوە".

 

(كەركوك ناو)، چەند جارێك پەیوەندی بە ماجد هیلالییەوە كرد، بەڵام بەردەست نەبوو.

 

هەفتەی رابردوو، لە روداوێكی هاوشێوەیەدا یەكێك لە بەشداربووانی بەرنامەی عەرەب ئایدڵ لە كەناڵی MBC، دوای ئەوەی گەیشتە فیناڵی بەرنامەكە و دواتر دەنگی پێویستی نەهێنا، لەكاتی گەڕانەوەیەدا بۆ ناو شاری كەركوك و لەناو ئۆتۆمبێلەكەیەوە "تەقەی خۆشی" بە ئاسماندا كرد، ئەوەش بووەهۆی ئەوەی لەلایەن ئاسایشی نیشتیمانییەوە دەستبەسەربكرێت.

 

ئەو كەسە مستەفا سەمیر، كە لە دانیشتنەكانیشدا گۆرانی میللی دەڵێتەوە، بە هەمان شێوە لە رونكردنەوەیەكی ڤیدۆییدا پەشیمانی خۆی لەو كارەی راگەیاند و وتی "دەمەوێت لێرەدا داوای لێبوردن بكەم لەو تەقانەی بە ئاسماندا كردم، نامەوێت ببمە هۆكاری تێكچونی ئاسایشی شارەكە، تەقەكردنەكەش تەنیا بۆ خۆشی بوو و دوبارەی ناكەمەوە"، زیاتر وتی "خەڵكی كەركوك وەكو دایك و باوكم وان و سڵاوم بۆ ئەم هێزەش هەیە كە دەستبەسەریان كردم".

 

هەردوو گۆرانیبێژە میللییەكە دوای تۆماركردنی ڤیدیۆی داوای لێبوردنەكانیان لەلایەن ئاسایشی نیشتیمانی كەركوكەوە ئازادكراون.

 

مامەڵەی ئەو دوو هونەرمەندە بووە جێی رەخنەی بەكارهێنەرانی سۆسیال میدیا، عەلی زەنگەنە، بەكارهێنەرێكی سۆسیال میدیا، لە كۆمێنتێكدا بۆ یەكێك لە پەیجەكان لەبارەی هەڵوێستی مستەفا سەمیر، دەنوسێت كە "ئەوە چ مامەڵە و هەڵوێستێكە، ئەو خۆی لە شتێكەوە گلاندووە و نەدەبوو بیكات"، زیاتر دەنوسێت "تەنانەت ئەگەر مۆڵەتیشیان پێ بدایە نەدەبوو تەقە بە ئاسماندا بكات".

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement