کەلتور

زەویی پلاستیک لەبەردەم پرۆسەی ناونیشاندا.

11:04 - 05/04/2021 133 جار خوێندراوەتەوە

 ڕێزان حەسەن

ئەگەر بمانەوێت چواندنێک بکەین، ئەوا ناونیشان ڕۆڵی دەروازەیەک، یان پرسگەیەک دەبینێت بۆ ڕۆیشتنە ناو دەقێکی ئەدەبی، یاخود کتێبێکەوە. واتا ناونیشان وەک ناساندنێکی کورت و پوخت وایە بۆ ناوەڕۆک، پاشان هاوکاری خوێنەر دەبێت بۆ ئاراستەکردنی بیرکردنەوەی لەو دەقەی دەیخوێنێتەوە.
بەڵام ئەزموونی خوێندنەوە پێمان دەڵێت کە پشت بە ناونیشان نەبەستین بۆ هەڵسەنگاندن و پەسەندکردنی کتێبەکان، بەهۆی بەرکەوتنی هەمیشەییمان لەگەڵ ناونیشانە فریودەرەکان، بێ متمانەیی و پەرتبوونێک لە نێوان خوێنەر و نووسەردا درووست بووە، کاری لە چەندێتی خوێندنەوە و چۆنیەتی کاریگەری خوێندنەوە لەسەر تاکی خوێنەر بە ڕوونی دەرکەوتووە.

بەهۆکاری گرنگیی ناونیشان لە کتێب و بابەتی ئەدەبدا، سەرنجێک دەخەمە سەر ناونیشان لە دەقە ئەدەبییەکانی(دیار لەتیف) و  کتێبە شیعری (زەویی پلاستیک) بە نموونە. ئەگەر سەرنج لە بەرگی کتێبی زەویی پلاستیک بدەین، دەبینین نەخشێنراوە بە وێنەی باڵەخانە و پیاوێک بە ڕەنگێکی بزڕکاوی ماندوو، کە دەستی گرتووە بە پشتەوەی. ئەم دەست بە پشتەوەگرتنە مانای زۆر لەخۆ دەگرێت وەک( برسێتی، نەخۆشی، خەمێکی قووڵ، هێز لەبەر بڕان بەهۆی ماندووێتی بەدەنییەوە و هتد...). وێنەی باڵەخانەکە هێمای سەردەمی مۆدێڕنیتە و پێشکەوتنە. ناونیشانی کتێبەکەش( زەویی پلاستیک)ە، بە واتای سەرزەمینێکی دەستکرد بە کوالێتێکی خراپ دێت. بۆیە دەکرێت پشت بە دیزاین و ناونیشانی سەر بەرگی کتێبەکان ببەسترێت بۆ تێگەشتن لە ناوەڕۆکی کتێب.

خوێنەری وردبین، بە سەرنجدان لە ناونیشان و دیزاینی دەرەوەی ئەم کتێبە تێدەگات لە ناواخنی ئەم کتێبەدا(زەویی پلاستیک) باس لە سەردەمی مۆدێرن و ژینگەیەکی پڕ لە تەکنەلۆژیا و دابڕاو لە ڕەوتی سرووشتی کراوە.
ئەوەتا لە ناوەوەی کتێبەکەشدا بەر شیعری(ن ا ی ژ ـ ڕەوڕەوەی شکاو) دەکەوین. دەبینین ژیان چوێنراوە بە ڕەوڕەوەیەک، کە ڕەوتی ڕۆیشتنی پێچەوانە بووەتەوە لە ئەنجامی بە دواداهاتنی، هەرجارەی پارچەیەکی لێ بووەتەوە و پارچە پارچە بووە. نووسەریش لە ڕێگەی نووسینەکانییەوە،  لەژێر چەندین ناونیشانە دەقی وەکو(زەقنەبووت، تاکگەرایی، سێرکی بوکەڵە، هەوای ئەلیکترۆنی، ڕۆژە زێرابیەکان، ڕۆبۆت، پارچە شکاوەکان و خۆری سارد و ...هتد) بێمانایی ژیان نمایش دەکات، وەک چۆن هەر لە ناونیشانی کتێبەکەوە زەوی لە سروشتی بوون و ڕەوتی ئاسایی خۆی داماڵیوە لە ڕێگەی بە پلاستیکبوونییەوە. لە هەناوی دەقەکانیشدا چۆنیەتی ئەو بەتاڵبوونەوە سرووشتییەی باس کردووە. واتا دەتوانین بڵێین  ناونیشانی(زەویی پلاستیک) بە ئاگاییەوە و لە ناوەڕۆکی کتێبەکەوە هەڵێنجێنراوە و لە دەقەکاندا بە وێنەی شیعری چرکەساتەکانی ژیانی نێو ئەم سەرزەمینە پێشاندراوە.
لەشیعری(زەقنەبووت)دا وەک چۆن ژیانی مرۆڤەکان هەموو جوانییەکی تێدا کاڵ بووەتەوە، خەریکە سۆز و ئەوینیشی لێ ون دەبێت، کە پێویستی هەبوون و بەردەوامی مرۆڤە. نووسەر لە ڕێگەی لێبووردنخوازی لە ئەوینەکەی دۆخی گەنجان لە نەبوونی و بێکاری و بێمافی و بێبەش بوون لە خۆشییەکانی ژیان پێشان دەدات و دەڵێت:
ئاھ لەوەدانیم بەم حاڵەوە یادتبکەم، ببووره ئەڤینەکەم
ناپەرژێمە سەر باسکردنت، ئێستا کێشەی نان و ئازادیم هەیە.


لە دێڕەکانی ناوەڕاستیشدا کاتێک دەڵێت:

ساڵانێکە نان دەخۆم، وەڕەسبووم لە جوینەوە.
ساڵانێکە درۆ دەکەم، بێزار بووم لە قسە کردن.
ساڵانێکە دەخەوم و ڕادەبم، ماندووم
شەو و ڕۆژ مارە ناکەم، ژینگەی ساختەم
.

لێرەدا کەسی یەکەمی تاک بەکار دێنێت بۆ گەیاندنی پەیامەکەی، لە ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ ئەو دۆخە چەقبەستووەی کۆمەڵانی خەڵک تێیکەوتوون و چاوەڕوانی گۆڕانکاریشی لێ ناکرێت، چونکە کۆمەڵگا بوون بە چەند بەشێکەوە، بەشێکیان لەبەر چڵێسی و چاوبرسێتی متمانەی هیچیان پێ ناکرێت. ئەو بەشە کەمەی کە دەسەڵات لەژێر دەستیانە و دەتوانن گۆڕانکاری درووست بکەن، ئاگادارن لەوەی میللەت مێگەلە و بە ئاسانی فریو دەدرێن، له قازانجی خۆیان و دارودەستەیان هەر خەریکی درۆ و دزی و فێڵکردنن. بەشێکی دیکە، چینی سێیەم و زۆرینەی میللەتن و دەتوانن دژی زۆرداری و جەور و ستەم بوەستنەوە، بەڵام مۆرکی دەستەپاچەییان لە نێوچاوی خۆیانداوە و بێئاگا لە دونیا هەر خەریکی تەمەن تەواو کردن و شەو و ڕۆژ تێدەپەڕێنن. وە بەشی کۆتایش کە چینی ڕۆشنبیرە ڕاستەقینە و دڵسۆزەکەن، بە ئاوەزەوە سەرنجی هەموو بەشەکانی کۆمەڵ و ژیان دەدەن، ئاگایان لە شەو و ڕۆژی خۆیان نەماوە و واهەست دەکەن لە ژینگەیەکی ساختە، یان خەونێکی پووچدا دەژین.

(ئەگەر تەرمەکەم نەدەنەوە،
ستیانی سەرتەنافی ژنەکانتان دەدزم.)


دەکرێت ئەمە وەک ئاماژەیەکی ڕەخنەئامێز بۆ سیستەمی نێرسالاری لێکدانەوەی بۆ بکرێت. لەولایەنەی کە ژن کراوە بە ڕەمزی شەرەف و نامووس، چونکە لە بنەڕەتەوە مێینە ڕەمزی ئەو شەرەف و نامووسە نییە و ئەمە داهێنراوی کۆمەڵگای پیاوسالارییە. هەم لە لایەکی ترەوە لە پای ئەم بە نیشانکردنەی شەرەف، نێرینە وەک کاڵایەک بۆ تۆڵەسەندنەوە بەکاری دێنێت، لە کاتێکدا ژن سەرچاوەی ئارامی و حەوانەوە و سۆزە.
ئەگەر لە دەقە شیعری(خۆری سارد) ڕابمێنین. خۆر هەمیشە گەرمی و ڕووناکی بە مرۆڤ بەخشیوە، واتا بە گشتی وێنەی پەیوەندییەکی سۆزدارانە پێشان دەدات. کەچی نووسەر ناونیشانی دەقەکەی کردووە بە(خۆری سارد)، ئاوەژووکردنەوەی ئەرکی ڕۆژانەی خۆر، ئەمە وادەکات خوێنەر بیری بۆ ئەوە دەچێت ئەم شیعرە گوزارشت لە بێهاودەمی و بێکەسی بکات و دێڕی سەرەتای شیعرەکەش پشت ڕاستی ئەو خوێندنەوەیەمان سەبارەت بە ناونیشانی دەقەکەوە بۆ دەکات:

( لە تەنیشت هەر یادەوەرییەکم، گۆڕێک هەیە).

بەڵام لەناو ئەو ئازار و بێکەسییەی نووسەر و لێ هاتنەگۆی، جۆرێک لە باوەڕبەخۆ بوون و بە خۆنازین هەست پێ دەکەین، نووسەر ناڕاستەوخۆ بە خوێنەری ڕادەگەیەنێت، کە بێئاگایانە بۆی نەدواوە و خەریکە هەقیقەتی ژیانێک دەرخستە دەکات لە شیعرەکەیدا:( کە دەنوسم، دەزانم حەربە لەکوێی ژیان دەچەقێنم).

کاتێکیش لە دێڕەکانی دواتردا دەڵێت:( ئازارەکانی ناو سەرم، لە سەر ئاڵای وڵاتەکەم دەکوتم)، تێدەگەین ئەو بێکەسی و خۆشنەویستنەی کە نووسەر لێی دواوە، خودی نووسەر، یان کەسێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو برینێکە، برینی گەل و وڵاتێکە، بە درێژایی ژیانی لە هەوڵی خۆ سەلماندندا بووە. بەڵام هەمیشە دانپێدانەنراو و تەماح تێکراو و ئازاردراو بووە. کۆتایی دەقەکەش دەگات بەخۆ بەدەستەوەدانێکی دڵشکێنەرانە و کۆتاییەکی بە مەبەست، کە نووسەر نایەوێت لەوە زیاتر لەو بابەتە بدوێت.
کەواتە هەریەکە لەم دێڕە شیعرانەی لێیان دواین، بە هۆکارگەلی دروستبوونی ئەو سەرزەمینی پلاستیکە دادەنرێت.

لە شیعرەکانی لاپەڕە(٩، ٥١، ٥٦)دا ناونیشانی دوو بڕگەیی بەکارهاتوون و (خاڵ)یان لە دواوە دانراوە. باشە؛  دانانی نوختە لەکۆتایی هەر ڕستە و بڕگەیەک بە مانای کۆتایی هاتن، یان کۆتایی پێهێنراو بەو ڕستە، یان بڕگەیە دێت. بەڵام خۆ ناونیشانی دەق، بڕگەیەکی کۆتایی پێ هاتوو، یان کۆتایی پێهێنراو نییە، چونکە جەستەی دەقەکەی بەدوادا دێت. کەواتە دەکرێ بپرسین، ئایا هەر لەبنەڕەتەوە ئەکرێت لەدوای ناونیشانی دەق نوختە دابنرێت؟!
ئایا نووسەر بە ئاگاییەوە و بۆ تێڕامانی خوێنەر، یان یاری کردن لەگەڵ وشە و ناونیشانەکان ئەم کارەی کردووە؟ یان بێ ئاگایانە بە سەریدا تێپەڕیوە؟!
ئەگەر بێ ئاگایانە بەسەر نووسەردا تێپەڕی بێت، ئایا ئاڵۆزی و سەرئێشە لە بیرکردنەوەی خوێنەردا درووست ناکات؟!           

  دەرەنجام پێدەچێت ئەم نوختانە بۆ ڕاگرتنی خوێنەر و بۆ تێڕامانی زیاتر دانرابن و بەئاگاییەوە کاریان لەسەر کرابێت، دەکرێت وابێت.


٭دیارلەتیف ـ زەویی پلاستیک ـ شیعر ـ ٢٠١٩ـ چاپخانەی کارۆ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement