673 کەلتور

گۆڤاری ئەدەبی کرێکاری: بیبلیۆگرافیاو لێکۆلینەوە- سلێمانی- کوردستان- ١٩٩١:

11:04 - 03/03/2021

  یووسف ئەحمەد منتک- ئەڵمانیا

ڕۆژنامەگەریی کرێکاری، یان بیری سۆسیالیستی بەشێکە لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی. بۆ تیشک خستنەسەر ژمارەکانی گۆڤار و مێژووی سەردەمی بڵاوبوونەوە و ڕۆڵی لە ڕووداوەکاندا و بە دواداچوونی ئەم گۆڤارە، دەستمکرد بە لێکۆڵینەوە و بە دواداچوون تاکو بتوانم لێرەوە خزمەتێك بە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی و ئەرشیفکردنی ئەم مێژووە و ناساندنی بە نەوەی ئێستا و داهاتوودا بکەم. دوای پەیوەندی کردنم بە سەرنووسەری گۆڤار "عەباس شوان" دوای چەندین نامەگۆڕینەوە لە نێوانماندا هاوکاری تەواوی خۆی نیشاندا، بڕیاریدا تەواوی ژمارەکانی بە پاشکۆکانیشەوە لە پەیجێکی تایبەتی خۆی دابنێت، بەڵام دەبێت چاوەنۆڕ بم. ئەوە بوو دوای ماوەیەک ئاگەداری کردمەوە پەیجەکەی بۆ ناردم، ئەمە بۆ من جێی بایەخە و ئەم بەرهەمەی بەردەستتانی لێهاتۆتە بەرهەم. هیوادارم توانیبێتم خزمەتێکم کردبێت، لە بوونی هەر کەموکوریەکیش، سرنج و تێبینی و ڕەخنەکانتان  خزمەت بە بابەتەکە و پێش خستنی ڕەوتی ڕۆژنامەگەری کوردی دەکات.

سەبارەت بە گۆڤار، ئەم گۆڤارە لە هەلومەرجێکی سیاسی، ئابووریی، بێکاری و ئاڵۆزی کوردستانی باشوور بڵاوکراوەتەوە، لە کاتێکدا خەڵک خەمی نان و ژیانیان بووە، لەو ڕۆژگارەی، کە  هێز و حیزب و بزووتنەوە ئایدیۆلۆژیاکانی کوردستان لەوپەڕی گرژی و بەیەکدادان بوون لەگەڵ یەکدیدا. سەرباری ئەو ئابلووقەی لەسەر هەرێمەکە بوو، خەراپی باری ئابووریی و نەبوونی سەرچاوەیەکی دارایی پێویست بە هەموو لایەنەکانی گۆڤارەکەوە دیارە وەک: لایەنی هونەری، چاپخانە، کۆمپیوتەر، نەبوونی ستاف و کادیری ئەکادیمی و هونەری لە بواری دیزایین، مۆنتاج  و پێداویستیەکانی گۆڤار، بەڵام لێهاتویی سەرنووسەر و هاوکاری هاوڕێیان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی کرێکاری،  یارمەتیدەر بوو لەو هەلومەرجە دژوارەدا بۆ ماوەی پێنج ساڵ- ٣٣ - ژمارە و دوو پاشکۆی ئەدەبی و سیاسی بڵاوبکەنەوە. سەبارەت بە نێوی گۆڤارەکە، لە ژمارە- ١ تا ١٢-، دواتر لە ژمارە- ٣٠ تا ٣٣- نێوی گۆڤارەکە نووسراوە: گۆڤاری ئەدەبی کرێکاری (PROLETARIAN  LITERATURE). لە ژمارە ١٣ تا ٢٩- نێوی گۆڤارەکە بووەتە گۆڤاری "ئەدەب  و هونەری کرێکاری".  لێرە مەبەست لەوە بووە، کە بابەتی هونەریش لە خۆ بگرێت و گۆڤارەکە فراوانتر بکرێ. لەسەر بەرگی پێشەوەی گۆڤارەکە لەسەرەوە لە ناوەڕاستی لاپەڕەکەدا بە ئینگلیزی نووسراوە:  PROLETARIA  ART  AND LITERATURE ))

لە ناوەڕاستدا بە کوردی نووسراوە: گۆڤاری ئەدەب و هونەری کرێکاری. لەژێر ئەم ناونیشانە لەلای ڕاست بە دواییەکدا نووسراوە: گۆڤارێکی مانگانەیە. لە ناوەڕاستدا ساڵی خزمەت، لەلای چەپی مانگ و ساڵ نووسراوە، لە سەروو ئەوە ژمارەی گۆڤار لەلای چەپ نووسراوە، لە سەرووتریش وێنەی چەکوشێک هەیە. لەسەر بەرگی گۆڤار هەرجارەی وێنەیەک یا تابلۆیەک هەیە، کە واتابەخشی ئایدیۆلۆژیەتی کرێکاری هەیە.
لە تەواوی ژمارەکانی گۆڤاردا وێنە و تابلۆ و هێلکاریی هونەری هەن. زمانی گۆڤار زمانی کوردی ( شێوەزاری کرمانجی خواروو- تیپی ئارامی). چەند شیعرێک بە زمانی عەرەبی  لەو ژمارانەی ئاماژەم پێدان هەن.
بۆ قەبارەی گۆڤارەکە، چونکە گۆڤارەکەم لە کن نەبوو تەنێ وێنەکانم بە سکان هەبوون، بۆیەیش پرسیارم لە سەرنووسەر کرد. بۆ ئەم مەبەستە بۆی نووسیم: " زۆربەی ژمارەکان دیارە گەر بۆ نموونە لە-٣٣- وردبیتەوە نووسراوە -٣٦- لاپەڕە کەواتە گەر دابەشی ژمارە دووی بکەیت ئەوەندە نیوە پەڕەی ئەیفۆڕ دەبێت. تەنها ژمارەیەکیان گۆڕا بۆ لاپەڕەی ئەی فۆڕ ئەویش ژمارە -٢٨-، بەڵام ژمارە -٢٩-یش بووە چارەکی پەڕەیەکی ئەیفۆڕ وەک کتێبی گیرفان." بابەتی چەشنەکانی ڕۆژنامەوانی و ئەدەبی وەک: وتار، دیدار و گفتوگۆ، ڕاپۆرت، هەواڵ، بابەتی ئەدەبی، وەرگێڕان، شیعر، چیرۆک، تابلۆی هونەری، وێنەی فۆتۆگرافی، کرنۆلۆژیای ڕووداو، لە دایکبوون و مەرگی نووسەر و بیرمەند و کەسایەتی کۆمۆنیست و کرێکاری و بۆنە و یادەکان، هەموو بابەتەکان لە قەدەر توانا و بوونی گۆڤارەکەدان.

خاوەنی ئیمتیاز: لە ژمارە -٢١- تا ژمارە -٢٥- ناوی خاوەنی ئیمتیاز نووسراوە "بەندی عەلی حەسەن"،  لە ژمارە -٢٦- دا نامەی دەست لە کارکێشانەوەی داوە بە گۆڤارەکە. سەرنووسەر: لە هەموو ژمارەکانی گۆڤارەکەدا نێوی سەرنووسەر نووسراوە" عەباس شوان" (عەباس ئەحمەد محەممەد).
لەگەڵ ئەوەشدا، کە هاوڕێیان و کەسانی چەپ هاوکاری و کۆمەکییان بە گۆڤارەکە کردووە، بە پارە و پێداویستی چاپەمەنی و کتێب و بڵاوکراوە و بە کارکردن لە بوارە جیاجیاکانی دیکەی گۆڤار، بەڵام دیارە سەرنووسەر سەربازێکی ماندوونەناسی گۆڤار بووە.
سەرچاوەی دارایی: لەگەڵ ئەوەشدا گۆڤار خودانی مۆڵەت بووە، بەڵام لە لایەنی پەیوەندیدارەوە، هاوکاری ماددی نەکراوە، ئەوەی هەبووە کۆمەکی کەسانی سەر بە هەمان ئایدیۆلۆژیای کرێکاری و چەپ و کۆمۆنیستەکان و خوێنەرانی گۆڤار و نووسەرانی بوون. واتە هیچ سەرچاوەیەکی دارایی نەبووە وەک پێویست، کە پاڵپشت و بەردەوامی بە گۆڤار بدەن.  بۆیەیش لە ژمارە-٢٦-ەوە ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە، کە لەبەر بێ ئیمکاناتی دارایی ڕێڕەوی گۆڤارەکە تێکچووە، وەزارەتی ڕۆشنبیرییش هاوکاریان نەکردوون، و پێداویستییەکانی چاپ و بازاڕیش گران بوون. بڕیاردەدەن دوو مانگ جارێک بڵاوببێتەوە، بەڵام دەرکردنی گۆڤار سستی تێدەکەوێت و لە بڵاوکردنەوە دەوەستێت. بەم جۆرە: ژمارە -٢٦- ئازاری ١٩٩٤. ژمارە -٢٧- ئایاری ١٩٩٤. ژمارە -٢٨- تمووزی ١٩٩٤. ژمارە -٢٩- تشرینی یەکەمی١٩٩٤. ژمارە -٣٠- نەورۆزی ١٩٩٥. ژمارە -٣١- ئایاری ١٩٩٥. ژمارە -٣٢- تشرینی یەکەمی ١٩٩٥. ژمارە -٣٣- دواژمارەی گۆڤار دەبێت لە ئازاری ١٩٩٦ دەرچووە.

دەستەی نووسەران: لە ژمارەکانی ١٦ و١٧ەوە وا  نووسراوە: سەردار عەبدوڵڵا، نینا ڕەحمانی، کسپە، مامۆستا بەیان، حەمەعەلی حەسەن، کاوە ئەحمەد. لە ژمارەکانی ١٨ تا٢٠ دەستەی نووسەران دەبێتە: حەمەعەلی حەسەن، سەردار عەبدوڵڵا، ڕێباز مەحموود، لەوە بە دواوە دەستەی نووسەران نامێنێت.
هاوکارانی هەمیشەیی:  لە ژمارە ١٨ەوە تا ژمارە ٢٤ دەستەیەک هەن بە ناوی هاوکارانی هەمیشەیی بریتیین لە: ١- مامۆستا بەیان ٢- برایم فەتاح ٣- نینا ڕەحمانی ٤- شکار ٥- سامان قادر ٦- ڕەفیق حەداد.
کارە هونەرییەکان:  لە ژمارە ٢تا ٢٤ و ژمارە ٢٧ کاری مۆنتاج: کاڵێ. ژمارە ١ حوسەین.  ژمارە ٧ م.عەلی، ناوی هاتووە. لە ژمارە ١٨ شکار، عمر، ئاسۆ، هاتووە. ژمارە ٢٠ ناوی نامۆ هاتووە . ژمارە ١٩و٢١  برایم ناوی هاتووە.
تایتلی ناوەوە: لە ژمارە ١١ کامیل. ع ، ژمارەکانی ١٢-١٣-١٤- ئیدریس، ژمارە -١٧- کاردۆ.
دەرهێنانی هونەری: لە ژمارەکانی ٢٥ و ٢٦و ٢٧ سامان قادر.
کارگێری هونەری:  لە ژمارەکانی ١ تا ٥ و ژمارەی ٧ و٨ کارا. ژمارە ٦ کاڵێ. ژمارەکانی  ٩و ١٠  ئیبراهیم.
تایپ: لە ژمارە -٧- م.عەلی و ع. ئیسماعیل. لە ژمارەکانی -١١ تا ١٦- کازیوە. ژمارە -١٧- کاڵێ. ژمارە -١٢- ع. ئیسماعیل. لە ژمارە -١٨- تا ژمارە -٢٤- باوکی کۆژین. ژمارە -٢٥- باوکی کاردۆ. ژمارە -٢٦ و٢٧- نوخشە.
نرخی گۆڤار: لە ژمارە -١١-  (١،٧٥٠) دینار نووسراوە. لە ژمارەکانی ١٢و١٣ و١٧  (٢) دینار. ژمارە ٢٠ – (٣ )دینار.
ژمارەی لاپەڕەکانی گۆڤار لەنێوان: ١٢– ٢٨- ٣٤- ٣٦- ٤٨- لاپەڕەدایە، ژمارەی لاپەڕەکانی هێندەک دیار نیین بۆیەیش وەک پێویست نەتوانراوە دەقاودەق ژمارەکانی دیاری بکرێت. بۆ نموونە سەرنووسەر لەو ژمارانەی، کە سکانی کردوون لە سەر پەیجێکی تایبەتی خۆی دایناون کە ژمارە -٢٨- بۆ ژمارەیەک دانابێت ئەوە بەرگ و دیوی ناوەوەی، یان دوا لاپەڕەکانی ژمارەی لەسەر نەبوون، بۆیە من بەرگم هەژمار نەکردووە تەنێ ئەو لاپەڕانەی ژمارەی لەسەر بوون ئاماژەم پێکردوون، بەڵام بەم جۆرە لە سەرەتاوە ئاماژەم پێداوە لاپەڕەکانی لەنێوان ئەو ژمارانەدان. پاشکۆکانیش لە نێوان ٨ -١٢ لاپەڕەدایە.
 بۆ بەرچاوڕوونی ئەم تیپانە کورتکراوەن وەک: ن- نووسین، و،وە- وەرگێران، م- مامۆستا، ب- بەش.
ناونیشان: دوو ناونیشانی هەبووە: یەکەم/ کوردستانی ئێراق، سلێمانی، جادەی سابوونکەران، بازاڕی گۆیژە٠ سندووقی پۆست -٢٢٦-. لە ژمارە -٢٥- دەبێتە شەقامی سابوونکەران- قاتی دواوە بازاڕی تۆفیق، هەمان سندووقی پۆستە.
مۆڵەتی گۆڤار: گۆڤارەکە بە نێوی گۆڤاری ئەدەب و هونەری کرێکاری مۆڵەتی پێدراوە، بە مۆڵەتی ژمارە- ٨- بە فەرمانی وەزاری ژمارە- ٢٣٥٢- ٢٦/ ٧/١٩٩٣، خاوەنی ئیمتیاز: بەندی عەلی حەسەن، سەرنووسەر: عەباس ئەحمەد محەممەد، بەپێی یاسای چاپەمەنی ژمارە-١٠- ساڵی -١٩٩٣-  بە واژووی وەزیری ڕۆشنبیریی: شێرکۆ بێکەس.
گۆڤاری ئەدەب و هونەری کرێکاری دوو پاشکۆی لە پەراوێزی ژمارەکانی دەرکردوون وەک: ١-پاشکۆی ئەدەبی، کە لەگەڵ ژمارەکانی گۆڤار ئاماژەمان پێکردووە.
٢. پاشکۆی سیاسی وەک لە ژمارە -٣٢-ی گۆڤاردا ڕاگەیەندراوە، کە ژمارە- ١و ٢-ی پاشکۆی سیاسی دەرچووە تێکڕای ژمارەکانی پاشکۆ -٦ - دانە بوون، ئەوەی پێویستە بگوترێ لە سەردەمی دەرچوونیاندا ڕۆڵی  کاریگەر و بەرچاویان هەبووە. وەک سەرنووسەر ئاماژەی پێدەدا:  جاری واهەبووە ژمارەکانی پاشکۆ لە هەزار دانە زیاتر چاپکراوە. ژمارەکانی پاشکۆ بەم ڕیزبەندییە دەرچووە: ژمارە-١-ی پاشکۆی سیاسی، حوزەیران -١٩٩٥.  ژمارە -٢- تەمووزی -١٩٩٥.  ژمارە -٣-  کانوونی یەکەم  -١٩٩٥-.  ژمارە -٤- ساڵی پێنجەم- شوباتی -١٩٩٦-. ژمارە -٥- حوزەیرانی -١٩٩٦-. ژمارە -٦- ، کە دوایین ژمارە بووە کانوونی یەکەم ساڵی -١٩٩٦-.

گۆڤاری ئەدەبی کرێکاری:
ژمارە١/ ساڵی یەکەم، کانوونی یەکەم ساڵی ١٩٩١ دەرچووە. ژمارەی لاپەڕە -٣٤-، ژمارەکە دەستنووسە و پاشان کۆپی کراوە، تەنێ دوو بابەتی تایپ هەیە، تیراژ ١٥٠ دانەیە.
بابەتەکانی ژمارە١:
١-  ئەم گۆڤارە بۆ؟ ل...
٢- لە ئەرشیفەوە، شیعری برێشت، وەرگێڕانی: ئازاد لە فارسییەوە،ل٢.
٣- سەربازێک لە بەندەری لاسیوتا، نووسینی: برێشت، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: وریا محەممەد،ل٣.
٤- بزنەزێڕینە لە تەرازوودا ، ل٦.
٥- عەلیزادە ،ل١٢.
٦- ڕەخنە لە چەمکی گشتی شانۆنامەی بزنەزێڕینە، عەباس شوان، ل١٣.
٧- کاریکاتێری هەڵبژاردن، ل...
٨- وتووێژی ژمارە لەسەر شانۆگەری بزنەزێڕینە، لەگەڵ فاروقی میرزا عارف، ل١٤.
٩- دوو کۆپلە شیعری ڕێبوار، ل١٥.
١٠- بەڵگە، وێنەی خۆپیشاندان، ل..
١١- پێناسینی تابلۆی کۆرنیکای پیکاسۆ، ل...
١٢- وێنەیەک لە شانۆگەری بزنەزێڕینە لەسەر بەرگی دواوە.

ژمارە ٢/ ساڵی یەکەم، کانوونی دووەم ساڵی١٩٩٢ دەرچووە، ژمارەی لاپەڕەکانی ٢٦، ژمارەکە  تایپە، بابەتی دەستنووس هەیە، تیراژ ٢٥٠ دانە، مۆنتاژ: حوسەین، کارگێری هونەری: کارا.
بابەتەکانی ژمارە ٢
١/ ڕەخنەی کرێکارێک، کاوەی مام ڕەحیم، ل١.
٢/ نامەیەکی لینین، وەرگێڕانی: ا.م ، ل٤.
٣/ نامۆ، چیرۆک، نووسینی: نەورۆز، ل٦.
٤/ رابۆتیتی ،چیرۆک، و:عەباس شوان ، ل١٠.
٥/ هێڵی ٣٤، شیعر، ئاسۆ، ل١٣.
٦/ هاوکاری، شیعر، جوهێڵ، ل١٤.
٧/ کارگە، شیعر، عوسمان شەیدا، ل١٦.
٨/ لە ئاوێنەی خۆزگەی خۆمدا، شیعر، لینگتۆن هیوز- وەرگێڕانی:  محەممەد مەعەری، ل١٨
٩/ کاروان بەڕێوەیە، پەخشانە شیعر، کسپە، ل٢٠.
١٠/ هەڵبژاردن، کاریکاتێر، ل٢٢.
١١/ دوو پارچە شیعر- ڕێبوار، کوردستانی ئێران، ل٢٣.
١٢/ ڕاگەیاندن هەواڵی ئەدەبی و هونەری، ل..
١٣/ بەڵگەیەکی تر- وێنەی ئاهەنگ، ل..
١٤/ مایک- تابلۆیەکی هونەرمەند: بەکر عەبدولڕەحمان، ل..

ژمارە ٣/ ساڵی یەکەم، شوبات ١٩٩٢، ژمارەی لاپەڕەکانی ٢٦، تایپکراوە، دەستنووسی کەم هەیە، تیراژی ٢٥٠ دانەیە.
بابەتەکانی ژمارە -٣
وێنەی بەرگی پێشەوە/ پلانتۆ
وێنەی بەرگی دواوە/ بەکر عەبدولڕەحمان
١/ لە پەراوێزی مەرگی( اخوان ثالث) ئیرەج ئازەرین، و: حەمەکەریم عارف، ل١
٢/ ڕاپۆرت لەسەر کاروچالاکی و مەراسیمە کرێکارییەکانی شاری هەولێر-  سەفین عەلی، ل١٢
٣/ بە شوێن تۆدا- شیعر بۆ هاورێ لینین، ن- کاوە، ل١٤
٤/ نوێژ، شیعر، مهاباد قەرەداغی، ل١٦
٥/ ئاوڕدانەوەیەک، شیعر، ن- ئاسۆ، ل١٩
٦/ گفتوگۆ لەگەڵ بەکر عەبدولڕەحمان- سازدانی عەباس شوان، ل٢٠
٧/ نامەیەکی لینین بۆ گۆرکی- و: ا.م، ل٢٣
٨/ بەڵگە- وێنەیەکی خۆپیشاندەران، ل٢٥

ژمارە ٤/  ساڵی یەکەم، ئازار ١٩٩٢، ژمارەی لاپەڕەکانی ٢٦، تایپکراوە، تیراژ ٢٥٠ دانە.
 وێنەی بەرگی پێشەوە/ سامان
وێنەی بەرگی دواوە/ یادی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژن- ش.ع.
بابەتەکانی ژمارە /٤
١/ دۆشیشکای سۆسیال دیموکرات، لینین، و: ا.م، ل١
٢/ بە دوای ڕەخنەی کرێکارییدا- نینای ڕەحیمی، ل٣
٣/ بەدیل، چیرۆک – عەباس شوان، ل٥
٤/ باران، شیعر، کەمال عزیز- هەولێر، ل٧
٥/ ڕیشت لە خوێنم هەڵبسوو، شیعر، م.ڕۆژهەڵاتی، کەلار، ل٨
٦/ سەردان- شیعر، حەمەعەلی حەسەن، ل ٩
٧/ چیرۆکە شیعر، دیمەنێکی ڕاستی جەرگبڕ- سەردار مەردان، ل١٠
٨/ بۆ ئەوانەی پاش هەفتە خوێناوییەکە مانەوە، شیعر- کۆمۆنەی پاریس، ١٨ ی ئازاری ١٨٧١- ئۆژین پۆتییە، و: م.م،  ل١١
٩/ کاریکاتێر، ل١٢
١٠/ ئازاری خوێناوی- شیعر، ئارێز، پێکەشکراوە بە ڕۆژی جیهانی ژنان، کرێکارانی ئەنگل داغ لە تورکیا، ل١٣.
١١/ بانگەواز- شیعر، مامۆستا بەیان، ل١٥.
١٢/ ڕەخنەی کرێکارێک، فەرهاد فەرەج،  ل١٦.
لە لاپەڕە ٢٢ ئاگاداریەک بۆ ئەوانەی بەشداری کۆڕی شیعر خوێندنەوە دەکەن، بڵاوکراوەتەوە.
١٣/ هەڵەبجە- شیعر، بۆ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە
 ١٦-٣-١٩٨٨، ڕێبوار، کوردستانی ئێران، ل٢٣.

ژمارە ٥/ ژمارەی تایبەت-  ساڵی یەکەم، نیسان ١٩٩٢، ژمارەی لاپەڕەکانی ٣٤، تایپکردنی ا.ع. ئیسماعیل، تیراژ ٤٠٠ دانە.
بابەتەکانی ژمارە /٥
وێنەی بەرگی پێشەوە- سامان
وێنەی بەرگی دواوە- تریتیکۆ، ئینتەرناسیونال ١٩٧٠.
١/ لە ئەرشیفەوە، خۆپیشاندانی یەکی ئایار، مەکسیم گۆرکی، و: کەریمی حیسامی، ل١.
٢/ ڕاگەیاندن بۆ دواڕۆژی کرێکاری و چەند سەرنجێک، هیوا محەممەد، ل٧.
٣/ لە ئەرشیفەوە- کورتە باسێک لەسەر بەسەرهاتی یەکی ئایار، ل١١.
٤/ لەجێی ژوانی  شیعر و ئایاردا، شیعر، ئاسۆ- سلێمانی، ل١٥.
٥/ کاریکاتێر- ل١٩.
٦/ وێنەی هێڵکاریی مارکس لەگەڵ منداڵانی کرێکار لە لەندەن، ل٢٠.
٧/ یەکی ئایا- شیعر، وریا نازری، و. لە فارسییەوە: عەلی کیتابی، ل٢١
٨/جەژنی یەکی ئایار، شیعر-  عبداللەگۆران، ل٢١
٩/ بۆئایاری ١٩٩٢، شیعر- مامۆستا بەیان، ل٢٢
١٠/ وەرە ئەی یەکی ئایار- شیعر، پیترو گوری- وە، عەلی کیتابی، ل٢٦.
١١/ سروود بۆ یەکی ئایار، اس.ئا.دوبت، وە: عەلی کیتابی، ل٢٦.
١٢/ یەکی ئایار، ئەرنست فیشەر، وە: دلاوەر قەرەداغی، ل٢٩.
١٣/ بڕژێنە شەقامەکانەوە، شیعر، ئەلفرێد مایس، و:دلاوەر قەرەداغی، ل٣١.
لە پەراوێزی لاپەڕەکانداچەندین ڕاگەیاندنی شانۆگەری و سیمینار و چاپەمەنی نوێ بڵاوکراوەتەوە وەکوو: شانۆگەری نینا، سیمینار لەسەر شانۆگەری دایک، بڵاوبونەوەی کۆمەڵە شیعری مەشخەڵ، کرێکار لە چیرۆکی کوردیدا: ڕەئووف حەسەن، وەرگێڕانی کۆمەڵە چیرۆکی یوری غیرمان، وەرگێڕانی بۆ عەرەبی، لەگەڵ چەندین ڕاگەیاندنی تر.

ژمارە ٦ / ساڵی یەکەم، ئایار ١٩٩٢، ژمارەی لاپەڕەکانی ٢٦، تایپ، تیراژ ٣٠٠ دانە.
بابەتەکانی ژمارە / ٦
وێنەی بەرگی پێشەوە- جیهانییە
وێنەی بەرگی دواوە- ش.م
١/ ڕێکخستنی حیزبی و ئەدەبی حیزبی، لینین، وە: لەتیف، ل١.
٢/ مانگرتن، محمد الهراوی، وە: ئازاد، پێداچوونەوە و دەستکاری کردن، عەباس شوان، ل٦
٣/ ڕیفراندۆم، شانۆنامە، برێشت- وە: دلاوەرقەرەداغی،ل٩.
٤/ پێڵاوەکانی سامان، شیعر، کاروان. پێشکەش کراوە بە سامان و هاوڕێ بەشمەینیەتەکانی، ل١٦.
٥/ بەشێک لە شیعری لە دایک بوون، شیعر، مەشخەڵ، هەولێر، ل١٩.
٦/ مەرگی هەژار، شیعر، حەمە عەلی حەسەن، ل٢٠.
٧/ پرسیاری کرێکاری، شیعر، شالووم موریجی، ئەفریقا، وە:عوسمان شەیدا،ل٢١.
٨/ حالەتی سێهەم، شیعر، حەسەن، وە: سەفین عەلی، هەولێر،ل٢٢.
٩/ بەیانی ژمارە یەک، شیعر، ئاسۆ، ل٢٥.
١٠/ کاریکاتێر، ل٢٦.

ژمارە٧/ ساڵی یەکەم، حوزەیران١٩٩٢، ژمارەی لاپەڕەکانی ٣٠، تیراژ ٢٥٠ دانە.
بابەتەکانی ژمارە/ ٧
وێنەی بەرگی پێشەوە- جیهانییە
١/ بیرەوەری لەسەر چامەی مایاکوڤسکی، لە لینین بۆ ئا. ف. لونا تشاوسکی، وە: ئازاد، ل١.
٢/ گۆڕان، شیعر، ئاسۆ، ل٢.
٣/ بەڵێن- شیعر، م.عەلی، کەلاری کۆن، ل٣.
٤/ گۆرانییەک، شیعر، ڕزگارعومەر( ڕزگار عەلی) هەولێر، ل٦.
٥/ حەقیقەتی دایک لەنێوان گۆرکی و پەیامی نوێی بۆرژوازیدا، ڕەخنە، عومەر محەمەد، ل٨.
٦/ کاریکاتێر، بەکر ڕەشید لە شانۆی گۆرکیدا،ل١٦.
٧/ چەند سەرنجێکی کورت لەسەر شانۆگەری دایک، ڕەخنە، پێشڕەو، ل١٧.
٨/ چمکێکی ڕەخنەگرانە لە ئامادەکردن و نواندنی ڕۆمانی دایک، تایەر حەسەن، ل٢٠.
٩/ نووسین لەسەر گلکۆیە، شیعر، برێشت، وە: لەتیف،ل٢٢.
١٠/ لەسەر تەختەی شانۆ پێشکەوتنخواز ئەکرێ بە کۆنەپەرست، ڕەخنە، عەبدولکەریم نەجم، ل٢٢.
١١/ نەسیحەت بۆ سەران، شیعر، برێشت، وە: لەتیف،ل٢٨.
١٢/ تەزبیح نیین، شیعر، سالح بێچارە، سلێمانی، ل٢٩.
١٣/ من ئەمەوێ،  شیعر، محەمەد ئەمین پۆڵا، ل٣٠.

ژمارە٨/ ساڵی یەکەم، تەمووز ١٩٩٢، تیراژ ٢٠٠ دانە، ژمارەی لاپەڕەکانی ٣٠.
بابەتەکانی ژمارە / ٨   
وێنەی بەرگی پێشەوە جیهانییە، فیکتۆر خارا
١/ کورتە چیرۆک، بێکاری ٢، عەباس شوان،ل١.
٢/ گلەیی نامەی سەرنووسەر بۆ بڵاوکراوەکانی: سەرنجی کرێکار، بۆ پێشەوە، پەیامی کرێکارو ئەوانی تر، ل٢.
٣/ پیاسەکردن لە مەیدانەکەدا، کورتە چیرۆک، یوری غیرمان، و: لەتیف، ل٣.
٤/ گەردانە، شیعر، م.بەیان ، ل٢٥.
٥/ مایاکوڤسکی، شیعر، عوسمان شەیدا، ل٢٧.
٦/ دووپارچە شیعر، بەرزان کۆسیدار، ل٢٨.
٧/ بیرەوەری هاوڕێیان- ئا.ئای ئۆلیانۆڤا ئیلیزارۆڤا، ل٢٩.
٨/ هەواڵە تازەکان، شیعر، سەفین عەلی، هەولێر، ل٣٠.

ژمارە٩/ ساڵی یەکەم، ئاب ١٩٩٢، ژمارەی لاپەڕەکانی ٣٠، تیراژ ١٧٥ دانە.
بابەتەکانی ژمارە ٩
وێنەی بەرگی پێشەوە- وێنەی بەرگی کتێبی کریستاڵ- جیهانییە.
١/ سەروتار، چەند ڕاز و نیازێ، عەباس شوان، ل١.
٢/ هونەر و ژیانی کۆمەڵایەتی، پلیخانۆف، و.لە فارسییەوە: حەمە کەریم عارف، ل٢.
٣/ چرپە ناڵەی هەموو شەوەم، شیعر، ناڵە حەسەن، هەولێر، ل٢٢.
٤/ کرێکارێک لە کاتی خوێندنەوەدا دەپرسێ، شیعر، برێشت، و. لە عەرەبییەوە: لەتیف، مەرگی برێشت١٦/٨/ ١٩٥٦، ل٢٥.
٥/ هەواڵی چالاکی، بروسکەیەک، ل٢٧.
٦/ بەرەبەیانی یەکی ئایار، شیعر، سەردار دەلاک، سلێمانی، ل٢٨.
٧/ ڕاگەیاندنی بڵاوکراوە کرێکارییەکانی کوردستانی ئێران، گۆڤاری پێشەنگ......هتد، ل٢٩.
٨/ ، ساڵیادی مەرگی فردریک ئەنگڵس: ٨-٥-١٨٩٥، وتەیەکی نیکراسۆف بۆ ئەنگڵس، مەرگی گۆرکی، لەسەر مەزاری گۆرکی، شیعر، برێشت، مەرگی گۆرکی ١٨-٨-١٩٣٦، ل٣٠.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن