"ئەوەى ئەم فۆڕمە پڕنەکاتەوە مووچەکەى رادەگیرێت"
11:53 - 03/03/2021
زەمەن_هەرێمى کوردستان
بەڕێوەبەری ئامار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند،
لە ئێستادا فۆڕمێکیان پێشکەشی ھەموو پلە تایبەتەکان کردووە، کە پێویستە پڕی بکەنەوە،
بۆ ئەوەی بزانن کێ یاساییە و کێش نایاساییە، ئەوەی پڕیشی نەکاتەوە، مووچەکەی رادەگیرێت.
سەباح موخلیس، بەڕێوەبەری ئامار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشین بە ماڵپەڕی فەرمیی
پارتی راگەیاندووە، "فۆڕمێکمان بەسەر ھەموو پلە باڵاکان وەکو وەزیر و بریکاری
وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان دابەش کردووە، بۆ ئەوەی پڕی بکەنەوە و ھەموو زانیارییەکمان
بۆ ئاشکرا بکەن، چونکە لە کاتی خۆی کەسێک ھەبووە وەزیر بووە و دۆسیەکەی کەموکوڕی ھەبووە،
بۆیە پێویستە بەو فۆڕمە زانیارییەکان پڕ بکرێتەوە، کە ئەوەی یاسایی بێت پڕی دەکاتەوە
و ئەوەی نایاساییش بێت ئاشکرا دەبێت، بۆیە لە ئێستادا خەریکە فۆڕمەکە تەواو دەبێت،
بەڵام زۆرینەی پڕیان کردووەتەوە، تەنها ئەوانەی دەرەوەی وڵات ھێشتا پڕیان نەکردووەتەوە
و دوای پڕکردنەوە و تەواوبوونی فۆڕمەکەش، ئەوکات پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و رێک دەخرێتەوە،
کە پاشان بۆ ئەنجومەنی وەزیران رەوانە دەکرێت و ئەوان بڕیاری لێ دەدەن".
موخلیس وتیشی، ئەوەی فۆڕمەکە پڕ نەکاتەوە، مووچەکەی رادەگیرێت تاوەکو فۆڕمەکە
پڕ دەکاتەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، "لە چاکسازیکردن لە پلە تایبەتەکان گەیشتووینەتە بەڕێوەبەرە
گشتییەکان، کە ٧٥٠ کەس دەبن و ئەوانیش ٩٠%ی تەواو بووە و ئەگەر ئەوانەش تەواو بێت،
ئەوانی دیکە وەکو وەزیر و بریکار ژمارەیان کەمە و زۆر نییە".
دەشڵێت: "لەناو بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش خەڵکی نایاسایی تێدایە، بەڵام
تا تەواو نەبین، نازانین ژمارەیان چەندە و کاتێک تەواو بووین، ئەوکات ژمارەیان دیار
دەبێت".