332 کەلتور

پاموک: دەنوسم چونکە پێویستم بە نوسینە

10:49 - 19/02/2021

"من دەنووسم چونکە پێویستییەکی دەروونییم بە نووسین هەیە. دەنووسم چونکە ناتوانم وەک خەڵکی دیکە کارێکی ئاسایی بکەم. دەنووسم چونکە حەز دەکەم کتێبگەلێک بخوێنمەوە لە چەشنی ئەوانەی دەیاننووسم. دەنووسم چونکە لە ئێوە لە هەموانتان تووڕەم، لە هەموو کەس تووڕەم. دەنووسم چونکە عاشقی ئەوەم کە تەواوی ڕۆژ لە ژووڕێکدا دانیشم و خەریکی نووسین بم. دەنووسم چونکە من تەنیا کاتێک دەتوانم بەشداری ژیانی واقیعی بم کە بیگۆڕم. دەنووسم چونکە دەمەوێت ئەوانی دیکە، هەموومان، سەرتاپای جیهان، بزانن ئێمە لە چ جیهانێکدا ژیاوین و دەژیین [...] دەنووسم چونکە زیاتر لە هەموو شتێک باوەڕم بە ئەدەبیات هەیە، باوەڕم بە هونەری ڕۆمان هەیە. دەنووسم چونکە ئەمە خوویەکە، خولیایەکە. دەنووسم چونکە لە فەرامۆشبوون دەترسم. دەنووسم چونکە حەزم لەو وشیاری و شکۆیەیە کە نووسین لەگەڵ خۆیدادەیهێنێت. دەنووسم تاکو تەنیا بم. دەنووسم چونکە ڕەنگە هیوادار بم لەوە تێ بگەم کە بۆچی هێندە زۆر لە ئێوە و لە هەموو کەس تووڕەم. دەنووسم چونکە حەز دەکەم بخوێندرێمەوە. دەنووسم چونکە کاتێک دەست بە نووسینی ڕۆمانێک یان وتارێک یان لاپەڕەیەک دەکەم، دەمەوێت تەواوی کەم. دەنووسم چونکە هەموو کەس چاوەڕوانیی نووسینم لێ دەکات. دەنووسم چونکە باوەڕم بە نەمریی کتێبخانەکان هەیە و بە شێوەیەک کە کتێبەکانی من لەسەر ڕەفەکاندا دادەندرێن. دەنووسم چونکە دەربڕینی هەموو جوانی و دەوڵەمەندییەکانی دونیا بە وشە، پڕە لە هەیەجان. دەنووسم نەک بۆ ئەوەی چیرۆکێک بگێڕمەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی چیرۆکێک دابڕێژم. دەنووسم چونکە دەمەوێت لەدەست ئەو دڵەڕاوکێیە هەڵێم کە شوێنێک هەیە و دەبێ من بچم – ڕێک وەک خەونێک – و ناتوانم تەواو بیگەمێ. دەنووسم چونکە هەرگیز نەمتوانیوە وا بکەم کە شاد بم. دەنووسم کە شاد بم."


ئۆرهان پاموک، لێدوانی وەرگرتنی خەڵاتی ئەدبیی نۆبێل

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن