گونتەرگراس بۆ جاری سێهەم، حوسێن عارف بە بەردەوامی
09:26 - 23/01/2021
ئیسماعیل حەمەئەمین
لە کۆتایی مانگی یانواری ١٩٩٧ قوتابخانەی شەش مانگی زمانی ئەڵمانیم تەواوکرد. هەموو بەیانیەک لە حەوتی بەیانییەوە هەستە لەخەو، بۆ منێک کە مرۆڤی بەیانیان نیم و باڵندەی شەوم، ئەمە جۆرێک بوو لە ئەشکەنجەدان. بێگومان ساڵانی دوایی تاوەکو تەمەنم نێزیکدەبێتەوە لەپەنجا ساڵی ئەم ئەشکەنجەدانە بەردەوام بوو. ئێستا بە هۆی نەخۆشی کاتم زۆرترە.. بەهەر حاڵ، لە کاتژمێر هەشت و نیو تاوەکو چوار و نیوی عەسر، لەگەڵ زمانی ئەڵمانیدا بەسەر دەبرد. لەگەڵ گراماتیکی پێچاوپێچ و ئەو هەموو لادانە زۆرانە لە گراماتیک کە دەبێت بە سەلیقەی خۆی خۆت فێری بیت. دوای ئەوەش شەش مانگی دیکە، لە قوتابخانەیەکی تری زمانی ئەڵمانی کە ئەمەیان بۆ زمانی باڵا بوو. ئەوەی سەبری پێ بەخشیبووم قسەکەی ڕۆمانوسی کلاسیکی ئەلمانی (تۆماس مان) بوو کەدەیگووت: (سی ڕۆژ بۆ فێربوونی ئینگلیزی و سی ساڵ بۆ ئەڵمانی!)یان نوسەرێکی بریتانی دەڵێت `: ( ژیان زۆر لەوە کورترە بچیت ئەڵمانی فێربیت!)
هەموو ئەمانە ئەو شەڕە دەستە یەخەیەیە، ڕۆژانە لە گەڵ زمانی دووهەمدا دەیکەیت. شەڕێک کۆتایی نییە و لە کوێدا هەستدەکەیت بەهێزیت، لەسووچێکی تردا هەستدەکەیت هیچ فێرنەبوویت، بێگومان بۆ زمانی کوردیش هەر وایە. ئەم شەڕەم لەگەل زماندا بۆ مامۆستای گەورە جەمال نەبەز باسکرد، گووتی مەترسە مادام کوردییەکەت باشە، کەواتە لەزمانی ئەڵمانیشدا کێشەت نابێت... هەربۆیە لای من زمانی کوردیی سەرچاوەی هێز بوو. جگەلەوە ئەوەی ئامانج بوو لەم زمان فێربوونەدا ئەوەبوو . بەسەر دونیای خوێندنەوەی فراوانتردا بکەوم جگە لە زمانی عەرەبی، کە بێگومان زمانی عەرەبیش زمانێک قووڵ و جوانە... دوای سێ ساڵ گەشتم لەگەڵ زمانی ئەڵمانی دەستمدایە (گونتەر گراس) ئیدی ورد ورد خوێندەنەوە و سەر ئێشە لەگەڵ زمانە پێچاوپێچەکەیدا. هەرچەندە زۆربەی کتێبەکانیم خوێندۆتەوە، بە تایبەت تەپڵی تەنەکە، بەڵام ئێستا دوای ئەزموونی خۆم لەگەڵ ژیان و نوسیندا، دووبارە خەریکی خوێندنەوەی گراسم، ئەوسا گراس مابوو و هیچ چاوپێکەوتنێکم بە فیڕۆ نەدەدا. ئێستا گراس نەماوە، بەڵام کە بۆ سێهەم جار ئەم ڕۆمانە دەخوێنمەوە، هەستدەکەم گونتەر گراسێکی ترە و ڕۆمانێکی ترە. هەربۆیە لەو بڕوایەدام کاری داهێنەرانە بەیەک خوێندنەوە تێیناگەیت، وەک چۆن کە مامۆستا (حوسێن عارف)ی چیرۆکنوس دەخوێنمەوە هەستدەکەم، لە هەشتاکاندا خوێندنەوەم بۆی هەژارانە چەندە بووە. هەربۆیە لەو بڕوایەدام کە کاری داهێنەرانە بەیەک خوێندنەوە خۆیت بۆ ناکاتەوە.!