394 کوردستان

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی هۆشداریەکی توند دەداتە نەخۆشخانەی شار

03:36 - 23/01/2021

زەمەن ــ سلێمانى

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی  رایگەیاند، بە بیانوى ئەوەى ستافی تەواویان نیە بۆ ئەوەی چاودێری نەخۆشی خەوێنراو بکەن، بەشێک لە تەختەی نەخۆش لە چاودێری چڕی نەخۆشخانەکە بە بیانوی جیاجیاوە پەکخراوە.

لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "زەمەن" کەوتووە تۆڕى پراستنى تەندروستى بە پشتبەستن بەئەو زانیاریانەى دەستیان کەتووە، بەشێک لە تەختەی نەخۆش لە چاودێری چڕی نەخۆشخانەکە بە بیانوی جیاجیاوە پەکخراوە، لە کۆى ٢٠ تەختەی خەواندنی نەخۆشی لە چاودێری چڕ، بەڵام لەو ژمارەیە کەمتر لە ١٥ تەختەی کاری پێدەکرێ.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکە ژمارەیەک بیانوی هێناوەتەوە بۆ ئەوەی کە هەمو تەختەکانی خەواندنی نەخۆش ناخەنە خزمەتی هاوڵاتیانەوە. ئەو بیانوانەی کە نەخۆشخانەکە دەهێنێتەوە بەشێکیان پەیوەندییان بەوە هەیە گوایە ستافی تەواویان نیە بۆ ئەوەی چاودێری نەخۆشی خەوێنراو بکەن.

لەکارخستنى  بەشێکی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی شار، بەلاى تۆڕى پاراستنى تەندروستى گشتییەوە بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە نەبونی ستافەوە نیە، وەک لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ژمارەیەکی زۆری کارمەند هەن کە ئامادەن بە خۆبەخشانە لەو بەشە کار بکەن. بەڵام سەرچاوەکە هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە لەم ڕێگایەوە نەخۆش ناچاردەکرێ کە پارەیەکی زۆر لە کەرتی تایبەت و نەخۆشخانە تایبەتەکان خەرجکات وەکو نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە و سەفین بۆ نمون".

ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بە توندی سەرکۆنەی ئیفلیجکردنی بەشێکی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی شار دەکەین. داواش لە بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکە دەکەین کە بە زوترین کات ئەو تەختانەی کە ئیفلیجکراون بخاتەوە کار. هاوکات داواش دەکەین کە کارمەندی پێویست بۆ بەکارخستنی ئەو بەشە دابمەزرێ.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ئامادەی خۆیان دەربڕى کە هەمو ڕێگایەکی مەدەنی و یاسایی بگرنەبەر بۆ گەڕاندنەوەی مافە تەندروستیەکانی خەڵکی کوردستان بە تایبەتی هەبونی خزمەتی شیاو لە کاتی ڕودانی حاڵەتی کتوپڕ کە پێویست بە چاودێری و خزمەتی چڕ بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن