301 کوردستان

د.بەشیر حەداد: نابێت مووچە تێکەڵ بە بابەتی سیاسی بکرێت

04:33 - 14/01/2021

زه‌مه‌ن_عێراق

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، پێویستە حکومەتی فیدراڵ شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و نابێت مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە بابەتی سیاسی بکرێت.


به‌شیر حه‌داد جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، رایگه‌یاند، حکومەتی فیدراڵی تاوەکو ئێستا شایستە داراییەکانی ساڵانی ٢٠١٤-٢١٠٥-٢٠١٦، جوتیارانی هەرێمی کورستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراقی نەداوە لە کاتێکدا چەندین جار بەشێوەی نووسراوی فەرمی و بە زارەکیش بە سەرۆک وەزیرانی پێشوو د.عادل عەبدولمەهدی و سەرۆک وەزیرانی ئێستا مستەفا کازمیمان گووتووە کە پێویستە شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی نەختینە و نەبوونی ئیرادەیەکی بەهێزەوە تاوەکو ئێستا ئەو شایستە داراییانە خەرج نەکراون.

جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژەشی بەوەدا کە لە دانیشتی رۆژی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەیان بەوەدا کە چی دیکە ئەوە قبوڵ ناکەن کە شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکرێت و بۆ ئەو کارەش ئەمیندارێتی ئەنجومەنی نوێنەرانیان راسپاردووە کە نووسراوێک ئاراستەی حکومەت بکەن و هۆکاری خەرج نەکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران روون بکەنەوە و لیژنەیەکیشیان پێکهێنا بۆ ئەوەی بە دواداچوونی بۆ بکات.

سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، به‌شیر حه‌داد ده‌ڵێت، ''ئەو بابەتە بابەتێکی سیاسی نییە و نابێت تێکەڵ بە بابەتی سیاسی بکرێت و حکومەتی فیدراڵ چۆن ئەرکە لەسەری مووچەی مووچەخۆرانی بەسرە و ناسریە و دیالە بدات، بەوشێوەیەش ئەرکە لەسەری مووچە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بدات.''

سەبارەت نە دیاریکردنی بودجەی تایبە بە پارێزگای هەڵەبجەش جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق وتی، ''پارێزگای هەڵەبجە زوڵمی زۆری لێکراوە و پێویستە بودجەیەکی تایبەتی بۆ دیاری بکرێت، چونکە هەڵەبجە شەهیدێکی زۆری داوە و بریندار و زیندانێکی سیاسی زۆری هەیە، هەر بۆیە لە سەر حکومەتی فیدراڵ پێیویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ خانەوادەی شەهیدانی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکات، بەوشێوەیەش مامەڵە لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان بکات.''

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن