کەلتور

گەریدەی ونبوو

07:19 - 14/01/2021 67 جار خوێندراوەتەوە

سروشت نەوزاد


چەترم لە خوێنی هاوخوێنم هەڵدابوو
لە ناکاو کاتژمێر ڕەهێڵەی تیا دووریم
ئێستا کەوتوومەتە ئێستاوە
دەستەکانم زێدی خۆیان بیر نایەنەوە
بەو دیوارەدا هەڵواسراون برین لە ناوچاوی کڵاوە.

بە خەندەیەکتەوە دەمبینیت
لە ئاپۆڕەت چەشنی کیسەڵ ڕووخسار لە قۆزاخەم دەنێم
من بە ئاگام، پێستی ڕووتم لە گۆمی مەنگ دەشارمەوە.
بە خەندەیەکمەوە دیاریت
پێڵاوی کەوتووم لە پشتتەوە لە چاڵەکان حەشار دەدەم و
بۆ ئەوینی ڕانەکردووت دەستت دەگرم
بەڵام هێشتاش مێژووم کۆنە
ڕەنگە هەرگیز نەژیابووبم...

لەسێبەری خۆم چەتر بووم
زمان لە زارمدا ڕۆیشت
لەو شەقامەی کە هەمیشە پڕ خەڵک بوون...
ئێستا لە زارم وەک کافێیەک دانیشتووم
ئەوینداران لە ناومدا سیگارەکانیان پێ دەکەن
دووکەڵەکان بەسەر سەریان دەسوڕێنەوە...
زێدی درەوشاوەیان لێرەیە
لە قوژبنی بنمیچێکدا
دەستە دوورەکانی وشە لە ژوانیاندا تەنگە تاون!

لە سێبەرت هەڵدەڕژێم، تابلۆ بە دیوارەکانتەوە:
_ پۆرترێتی مات و بێڕەنگ لە ڕووخساری هەڵکەندراوە. هەورەکان لە ژوور سەری بەنێو یەکدا لوول دەخۆن. بەرامبەری، لە هەوادا باڵندەیەک وەک ئەوەی سڵ بکاتەوە.
ڕووخسارەکەش دەست لە ژێر چەناگەیدا، ئەوەی بۆی دەڕوانێت شتێکی گرنگ نایەتە بەرچاو. تەنیا کەسێک لەسەر کورسی دانیشتووە و دەستى لە ژێر چەناگەیدا.

_ جل و بەرگى نامۆ بەسەر ڕووبار مەلە دەکەن، دەستێکى زل بە بێ جەستە لە نێو بەلەم سەوڵ دەکوتێت.

_ کەسێک لە کار گەڕاوەتەوە لە ژوورێکی هۆتێلەکە، سەری لە نێو کونێکدایە و لە ژووری دراوسێکەی دەڕوانێت...

چەترم لە خوێنی هاوخوێنم هەڵدابوو
کتوپڕ کاتژمێر ڕەهێڵەی تیا دووریم
من هەنووکە تەلەفیزیۆنم
هەواڵخوێن دەم بە خەندە
لە ناکاو لە شاشەکە هاتە دەر و فڕاندمی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement