ژنانی بەساڵاچوو، دەستی ماندوو دەخەنە سەر سكی تێر
01:48 - 08/03/2019
زەمەن پرێس: مەزهەر كەریم
شیرین ڕەحمان، (70 ساڵ) پشتی چەماوەتەوەو پرچە سپیەكەی لە سوچێكی ئەو سەرپۆشە ڕەشەی داویەتی بەسەریدا بەدەركەوتووە، ماوەی چەند ساڵێك دەبێت كاری فرۆشتنی جلوبەرگی كوردی ژنان دەكات. پێشتر، ئەگەر جلوبەرگێكی زیادەی هەبوایە دەیبردە دارەسوتاوەكە دەیفرۆشت، “بەڵام ئێستا دێمە بەردەم مەحكەمەی كۆنو دەیانفرۆشم”.
شیرین ڕەحمان، یەكێكە لەو ژنانەی لەسەر شۆستەو شەقامەكان كاردەكات و ماوەی چوار مانگ دەبێت لەگەڵ دەیان ژنی دیكە لە دەوروبەری بینای دادگای پێشووی سلێمانی، كە لای خەڵكی بە “مەحكەمەی كۆن” دەناسرێت بازاڕێكیان پێكەوەناوە.
“لەبەرئەوە ئەو كارەش دەكەم تا هێندە لەماڵەوە نەمێنمەوە” ماوەی پێنج ساڵ دەبێت هاوسەرەكەی شیرین لەژیاندا نەماوەو كوڕو كچەكانیشی هاوسەرگیری كردوە.
“منیش بەتەنها لەماڵەوە ئۆقرە ناگرم هاتومەتە ناوبازاڕو كاردەكەم، هەم پارەیەكم دەست دەكەوێت هەم چەندین ژنی بەساڵاچوی وەك خۆشم كە هەریەكەیان لەجێگەیەكی شارەوە دێنە ناو بازاڕ چاومان بەیەك دەكەوێت”، ژنە بەساڵاچوەكان بەدەم فرۆشتنی جلوبەرگە بەكارهاتوەكان دەمەتەقێ دەكەنو تاقەتی خۆیان دەردەكەن.
ئەو بازاڕەی ژنە بەساڵاچوەكان دایانناوە نە مۆڵەتی بۆ وەرگیراوەو نە قردێلەی سوریش بۆ بڕدراوە، بەبێ هیچ بەرنامەو ئامادەكارییەك كراوەتەوە.
لای “مەحكەمەی كۆن” شوێنێكی دڵخوازی ژنانە، دوكانەكانی جلوبەرگو بابەتی ناوماڵو كەمالیاتی ژنان تا نزیك مزگەوتی گەورە بڵاوبوونەتەوە، ژنانی بەساڵاچوو قەرەباڵغی شوێنەكەیان بەدەرفەت زانیوە بۆ ئەوەی شوێنپێی خۆیان بكەنەوەو سەرنجی بەشێك لە كڕیاران بۆخۆیان رابكێشن.
شیرینو ژنانی هاوپیشەی بەشێك لەو جلە كوردیانەی دەستیان دەكەوێت یاخود پێیان دەبەخشرێت، هەندێكیشی دیكەش لەجلوبەرگە كوردییەكان بەپارەیەكی ڕەمزی دەكڕن، كەوەك خۆیان باسی دەكەن یەك گوێنی جلی كوردی بە پێنج بۆ 10 هەزار دینار دەكڕن دواتر هەرچۆن كڕیاریان هەبێت دەست دەكەنەوە بەفرۆشتنی لەهەزار دینارەوە مامەڵە دەست پێدەكات بۆ زیاتر.
سەبری حەمەلاو، (72 ساڵ) ئەوەندە نابێت دەستی بەفرۆشتنی جلوبەرگی دەستی دوو كردوە، “ماڵمان لەگەڕەكی شێخانەو چەند خولەكێك لێرەوە دوورە، چەند جارێك دەهاتم بۆ كڕینو سەیركردنی ئەو جلوبەرگەكان، ئەوەندەی پێنەچوو منیش دەستمكرد بە كڕینو فرۆش”.
ڕۆژێك ژنێك گوێنیەك جلوبەرگی هێنابوو بۆ فرۆشتن سەبری لێیدەكڕی بۆخۆی، دواتر لەسەر شەقامەكە هەڵیدەڕێشێتو ژنان لێی كۆدەبنەوە، بەو شێوەیە دەستی بەكارەكەی كرد، هەرچەندە كوڕو كچەكانی ڕازی نەبون، “بەڵام من كارەكەم پێخوشەو گوێ بەقسەی كەس نادەم بەردەوام دەبم”. سەبری وای بە”زەمەن” وت.
سەرجەمی جلوبەرگی بازاڕی ژنە بەساڵاچووەكان كۆننو بۆ ڕۆژێكیش بێت بەكارهاتون. لەگەڵ ئەوەشدا كڕیاری تایبەتی خۆیان هەیە، ئاڵوگۆڕیش بەشێكی تری مامەڵەی بازاڕەكە پێكدەهێنێت.
ڕەعنا مستەفا، هەنگاوێك دوور لە شیرینو سەبری، جلە كوردییەكانی لەسەر كارتۆنێك هەڵڕشتووە، دەڵێت: كارەكەی تەنها بۆ هاتنەدەر لەماڵو گۆشەگیری نیە بەڵكو پارەیەكیشی دەست دەكەوێت، “كەسابەتیش بەڕۆژە، ڕۆژ هەبوە بیست هەزارم دەستكەوتوە ڕۆژیش هەبوە 30 هەزار دیناری بەرەوەو ژوور دەستكەوتووە”. ئەگەر بارانو سەرماش بێت هیچی دەست ناكەوێتو بەدەستی بە تاڵ دەگەڕێتەوە ماڵەوە.
رەعنا، بەشێك لەو پارەیە دەستی دەكەوێت دەدات بە كچەزاو كوڕەزاكانی، هەر كراسێكی كوردی ژنانی دێتەلا، لەپێشدا بۆخۆی سەیری دەكات، ئەگەر دڵی بچێتە سەری ئەوە نایفرۆشێتو بۆ خۆی هەڵیدەگرێت.
زۆرینەی كڕیارانی ئەم بازاڕە تەمەنیان لەسەروو پەنجا ساڵەوەیە، زۆرینەشیان ژنانی هەژارو كەمدەرامەتن.
ژمارەی ئەو ژنانەی لەسەر شەقامو شۆستەكان كاردەكەن دیارنیە، بەڵام بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی، ژنان لە 6%ی دەستی كار پێكدەهێنن لە بازاڕو مۆڵەكان، لە 14%ی ژنانو كچانیش لە فەرمانگە حكومیەكان كاردەكەن.
عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێریو گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی، دەستخۆشی لەو ژنانە دەكات كە بەو تەمەنەوە كاردەكەنو خزمەت بەخۆیان دەكەن، بە “زەمەن”ی وت: “هەركاتێك بزانین مەترسیەك هەبێت لەسەر ژیانیان ئێمە لێكۆڵینەوە دەكەین لەوبارەیەوە بەدواداچونیان بۆ دەكەین”.
گوڵپی، وتیشی: “نامانەوێت ئەو ژنو پیاوانەی تەمەنیان لەسەرو شەستو سێ ساڵەوەیە كاربكەن، بەپێی یاسای خانەنشینی لەكوردستاندا دەبێت ئەوان پشوبدەنو لەماڵەوە بن، بەڵام بەداخەوە ماوەی سێ ساڵە موچەی چاودێری خێزان نەماوە، كە لەلایەن حكومەتەوە دەدرا، ئەوەش وایكردووە بەشێكیان ناچاربن كار بكەن”.
سوودمەندانی بەشی چاودێری خێزان لەهەرێمدا ژمارەیان زیاتر لە 115 هەزار كەسە، زۆرینەیان خەڵكی نەخۆش و بەتەمەن و هەژارن و ئەو موچەیە تەنها سەرچاوەی بژێوییان بوە، تا پێش قەیرانی دارایی مانگانە 150 هەزار دیناریان وەردەگرت.