پیاوان دەڵێن ژیان بە ژنەوە جوانە
09:15 - 08/03/2019
زەمەن پرێس: گەرمیان مەحمود
بەشێك لە پیاوانی هەرێمی كوردستان، هەشتی مارس دەكەنە دەرفەتێك بۆ ئەوەی دەرگای دڵیان بۆ ژنان بكەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت كۆتایی بە سەنگەرگرتن لەیەكتر بهێننو هاوشانی یەك هەوڵ بۆ جوانكردنی ژیان بدەن.
“دەبێت ژن بەها راستەقینەكەی خۆی لەدەست نەدا كە تەواوكەری ژیانە، ئەگەر ژن نەبێت ژیانیش نابێت”. جەباری مەكتەب عەسكەری تەمەن 60 ساڵ، لە سوچێكی بەردەركی سەرای سلێمانی بەدەم چا خواردنەوە، وای وت. كە بەلایەوە هەشتی مارس رۆژێكی پیرۆزەو نەك هەر بۆ ژنان بەڵكو بۆ مرۆڤایەتی.
ئەم پیاوە بەتەمەنە، بەپێویستی دەزانێت رێز لەهەشتی مارس بگیرێت، “بەڵام ژن خۆی مافی خۆی پێشێلكردووە، ئێستا ژن هەموو مافێكی تەواوی هەیەو تەنانەت لەمافی پیاویشی خواردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژن لای پیاو زۆر بەنرخە”.
جەبار، كە زیاتر بە پاشگری مەكتەب عەسكەرییەوە خۆی دەناسێنێت، وای بە “زەمەن” وت، بەپێویستیشی دەزانێت ژن چاوێك بە هەڵسوكەوتەكانیاندا بخشێننەوە لەژێر ناوی ئازادی، پیاوان نەكەنە قوربانی خۆیان، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە دەبێت ژنو پیاو مافی یەكتر پێشێل نەكەنو تەواوكەری ژیانی یەكتر بن.
هەشتی ئازاری هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانی ژنان دانراوەو لە سەرتاسەری جیهاندا یادی ئەو رۆژە دەكرێتەوەو باس لەو دەستكەوتە كۆمەڵایەتیو سیاسیو ئابوورییانە دەكرێن، كە ژنان بەدەستیانهێناوە، لە كوردستانیش چەندین چالاكی جۆراوجۆر بەو بۆنەیەوە ئەنجامدەدرێت.
لەمڕۆژەدا ئەوەی چالاكی دەكاتو قسە دەكات، ژنانن، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا بەشێك لەپیاوان قسەیان هەیەو دەیانەوێت هاوبەشی ژنان بكەن.
بەلای موحسین مەحمود، رۆژنامەفرۆش، ژن واتا هاوڕێی مرۆڤ، جوانترین مەخلوقی خودا، ئەو وایدەبینێت، “مافی ئافرەت ناوێكە بۆ بازرگانیكردن، پیاوی كورد تەنیا لەكاتی حەزو ئارەزووەكانی باسی مافی ئافرەت دەكات، لەدوای تەواوبوونی حەزەكەی ئیتر ئەوەی كە پێی دەڵێن مافی ئافرەت بیری نامێنێت”.
بەبڕوای موحسینی رۆژنامەفرۆش، ئەگەر بەتەواوی مافی ئافرەت بدرێت ئەوا دەبێت هەمووان بگەڕێنەوە بۆ ئەو یاسایانەی ئیسلام دایناوە، “تەنها لەناو ئیسلامدا مافی تەواوەتی ژن دراوە” موحسین وای بە “زەمەن” وت.
لە رۆژی 8ی ئازاری ساڵی 1857دا ئەو خانمانەی لە یەكێك لە كارگەكانی ڕستن و چنین لە نیویۆرك كاریان دەكرد، ڕژانە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندانیان كرد بۆ زیادكردنی پارەی كاركردن و كەمكردنەوەی كاتی كاركردنیان بۆ كەمتر لە 10 كاتژمێر لە ڕۆژێكدا، بەڵام لەكاتی ئەم خۆپیشاندانانەدا بەشێك لە خانمانی خۆپیشاندەر لەلایەن پۆلیسەوە لەو وڵاتە دەستبەسەر كرانو هەندێكیان بریندارو هەندێكی دیكەیان لێكوژران.
ساڵی 1977، زۆربەی وڵاتان رێككەوتن لەسەر ئەوەی هەشتی مارس بكەن بە رۆژی جیهانی ژنانو رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەڕەسمی ئەو رۆژەی بە رۆژی جیهانی ژنان ناساند.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەگەرچی پەیوەندی ئەو لەگەڵ میدیا زیاتر لەسەر پرسە سیاسیەكانە، بەڵام بەبۆنەی هەشتی مارسەوە قسەی هەیە.
بە “زەمەن”ی وت: “ژنانی كورد رۆڵێكی گەورەیان هەبووە لە پێشكەوتنی كۆمەڵگە، دەبێت حسابیان بۆ بكرێتو ئەركیان پێبسپێردرێت، ئەو ژنانەی بەشداری لە ناوەندەكانی دەسەڵاتدا دەكەن، پێویستە نوێنەری راستەقینەی ژنان و چاككردنی بارودۆخی كۆمەڵایەتی ژنان بن”.
پیرە، پێیباشە ژنان وابیرنەكەنەوە بە دوژمنداری لەگەڵ پیاوان دەتوانن مافەكانیان بەدەستبهێنن، “دەبێت هەوڵبدەن ژنو پیاو بەیەكەوە كاربكەن بۆ پاراستنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی، هەندێك لە رێكخراوەكانی ژنان هەن، یەكەم وشەیان ئەوەیە هێرش بكەنە سەر پیاو و بە دڕندەزانینی پیاو، لەكاتێكدا بەبێ پیاویش ئیدارە ناكەن”.
سەرەڕای بەردەوامی توندوتیژییەكان، ژنانی هەرێمی كوردستان، گلەیی ئەوە دەكەن كە لە پرسە سیاسیەكاندا دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە بێنە پێشەوەو لە ناوەندەكانی بڕیاردا ژن ئامادەیی نیە، هەرچەندە بەهۆی سیستەمی كۆتاوە سەدا 30ی كورسیەكانی پەرلەمان بەر ژنان كەوتوونو لەم خولەشدا دوو ژن لە سەرۆكایەتی پەرلەمانن.
لەهەرێمی كوردستان، رێكخراوی یەكێتی پیاوان هەیە كە كار لەسەر پێشێلكارییەكان بەرامبەر پیاوان دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت ئاوێك بەئاگری ناكۆكیەكانی نێوان ژنانو پیاواندا بكات.
بورهان عەلی، سكرتێری رێكخراوەكە، بەبۆنەی هەشتی مارسەوە پیرۆزبایی لە ژنانی كوردستان و جیهان دەكات، وتی: “ژنان لە كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكاندا لەژێر هەڕەشەو توندوتیژیدان، زۆرجاریش رووبەڕووی كوشتن دەبنەوە”.
جەختیكردەوە، “وەك یەكێتی پیاوان هەموو رۆژێك پشتگیری لە مافەكانی ژنان دەكەین”، بورهان عەلی بەپێویستی دەزانێت لەچاوی مرۆڤ بوونەوە سەیری ژن و پیاو بكرێت. دەڵێت: “مافەكانی ژنانو یەكسانیو رێزگرتن لە مافەكانی ژنان، لە كوردستان بەرەو پێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، رێژەی توندوتیژییەكان رۆژ بەڕۆژ بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات”.