3470 کوردستان

ئومێد خۆشناو: تا ئه‌مڕۆ قبوڵمان كردووه‌ له به‌یانییه‌وه‌ قبوڵی ناكه‌ین

03:17 - 30/11/2020

"زەمەن"


ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی، رایگه‌یاند: دەبێت پێداچوونەوە به‌ رێککەوتنی لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت بکرێت، وتی: ئەو دەور و تەوزیعەی لەناو پەرلەمان دەکرێت، تائەمڕۆ قبوڵکراو بوو، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە بەیانییەوە قبوڵکراو نییە".


ئومێد خۆشناو، له‌ دوای گرژییه‌كانی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نوسیدا كه‌ په‌یامنێری "زه‌مه‌ن" ئاماده‌یی بوو، قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌نوسان كردو وتی :بە هاوبەشەکانیشمان لە حکومەت کە پێکهێنەری بنەڕەتیی حکومەتین دەڵێین: ئێمە رێکنەکەوتووین تەنیا پۆست و پایە دابەشبکەین، بەڵکو رێککەوتووین چاکسازی لەو وڵاتەدا بکەین، بە ئیرادەیەکی بەهێزیشەوە دەستمان پێکردووە، رێککەوتووین کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکرێن و هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەین.

وتیشی: بۆیە وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە و بەدڵنیاییشەوە لەگەڵ سەرۆکایەتیی خۆمان قسە دەکەین؛ دەبێت پێداچوونەوە بەو رێککەوتنانە بکرێت، ئەو دەور و تەوزیعەی لەناو پەرلەمان دەکرێت، تائەمڕۆ قبوڵکراو بوو، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە بەیانییەوە قبوڵکراو نییە".

 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، راشیگه‌یاند: شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە چوونەتە بەغدا، چەندین جار لێدوانیان داوە و بۆ رایگشتی رایانگەیاندووە، پێشوەچوون لەنێو پرۆسەکەدا هەیە. شاندی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان (دەبێت) بە فایلی دەوڵەمەندەوە بێنە نێو پەرلەمان و بۆ رای گشتی روونبکەنەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند لەگەڵ چارەسەردا بووە و چ ئەقڵییەتێکیش لە بەغدا هەبووە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت.

ئومێد خۆشناو دەڵێت، پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، بەشێکە لە پرۆسەیەکی گەورەی سیاسی بۆ زەفەربردن بە هەرێمی کوردستان.

 

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی، داواكاری په‌رله‌مانتاران بۆ ئه‌ه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان تایبه‌ت بكرێت به‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر موچه‌، به‌ "هەڵمەتی هەڵبژاردن" ناوبردووه‌.

 

داواشی له‌ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن كرد بەرپرسیارانە کاربکەن و واز لە موزایەدات بهێنن، "بە تەپڵ لێدان لەنێو پەرلەمانی کوردستان کێشەکان چارەسەر نابن، کوا ئەو دەنگە زوڵاڵانەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان بوون، لە بەغدا جارێک گوێبیست نەبووین ئەوان داکۆکی لە خەڵکی کوردستان بکەن".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن