6308 کوردستان

وادەى دابەشکردنى موچە راگەیەنرا

08:10 - 29/11/2020

  "زەمەن" 

 

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بەم نزیکانە دەست بە دابەشکردنى موچە دەکەین

 

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، "یەکێک لە ئەولەویاتەکانى حکومەت دابینکردنى موچەیەو حکومەت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دابینکردنى موچە، بۆیە بەمزوانە دەست بە دابەشکردنى موچە دەکەین".

 

وتەبێژى حکومەتى هەرێم وتیشى، "چەند رۆژێکى کەم چاوەڕێى ناردنى 320ملیاردینارەکەى بەغدا دەکەین، بەڵام بە گەیشتن یان نەگەیشتى ئەو 320ملیارە دەست بە دابەشکردنى موچە دەکەین".

 

لەئەگەرى نەناردنى 320 ملیار دینارەکە لەلایەن عێراقەوە وتى، "ئەو پارەیەى عێراق دینێرى 35%  بودجەى موچە پێکدێنێت، هەرچەندە چەند بژاردەیەک هەیە بۆ دابەشکردنى موچە، بەڵام چاوەرێى وەڵامى عێراقین لەسەر ئەو نوسراوەى بۆ ناردنى 320 ملیار دینارەکە ئاراستەمان کردوون، بەڵام ناردن و نەناردنى 320 نابێتە هۆى ئەوەى ئێمە دابەشکردنى موچە دوابخەین".

 

سەبارەت بە رێککەوتنى هەرێم حکومەتى ناوەند ئاماژەى بەوەکرد، "لەگەڵ حکومەتى عێراق رێککەوتنێکى سیاسی باشمان کردووە کە شایستەى خەڵکى هەرێمى کوردستانە، بەڵام ئەم رێککەوتنە دەبێت لە یاساى بودجەى عێراق دا جێگەى بکرێتەوە ئەو کاتە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، لەو رێککەتنەدا حکومەتى هەرێم پابەندە بە رادەستکردنى 250هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەو 50% داهاتى خاڵە سنورییەکان".

 

ژمارەى موچە خۆرانى هەرێم ملیۆنێک و 251 هەزار و 451کەسەو حکومەتى هەرێم مانگانە پێویستى بە 895 ملیار دینیارە.

سه‌رچاوه‌ : روداو

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن