بۆ پێداچوونەوە بە رەوشی پێشمەرگە، پێنج لیژنە پێكھاتووە
05:18 - 29/11/2020
"زەمەن"
لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیدا و بۆ باشترکردنى ژیانى پێشمەرگە، پێنج لیژنە بۆ پێداچوونەوە بە رەوشی پێشمەرگە پێك ھاتووە.
رێڤینگ ھرووری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ھەندێ لە خاڵەكانی نێو یاسای چاكسازی، وەزارەتی پێشمەرگەش دەگرێتەوە و چەند ھەنگاوێك بۆ چاكسازی لەنێو ھێزی پێشمەرگەدا نراون، یەكەی ژمێریاریی ھەردوو یەكەی حەفتا و ھەشتا چوونەتە سەر وەزارەتی دارایی و چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی خانەنشینی ھەبووە، كە ھەموویان یەك دەخرێن".
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە وتیشی، "پێنج لیژنەش بۆ پێداچوونەوە بە رەوشی پێشمەرگە پێك ھاتووە، ئەو لیژنانەدەستیان بە كار كردوە بۆ پێداچوونەوە بە فایلی ھەموو پێشمەرگەیەك و ئەوانەی دەمێكە پێشمەرگەن و لە شۆڕش بەشدار بوون و وەك پێویست مافیان پێ نەدراوە، مافەكانیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە".
11ی کانونی یەکەمی 2019 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، پڕۆژە یاسای چاکسازی پەسەندکرد و لە 16ی کانونی دووەمی 2020دا، یاساکە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا، لە 4ی شوباتی 2020یش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یاساکەی واژۆ کرد.
ناوەڕۆکى یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020٠، (یاسای چاکسازی لە مووچەو دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان-عێراق) جەختدەکاتەوە لە چاکسازى کردن لە لیستى خانەنشینانى سەربازى و یەکخستنەوەى یەکەى ژمێریارى هێزەکانى پێشمەرگەو و یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە.