3697 کوردستان

شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە

09:23 - 25/10/2020

  "زەمەن" 


بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسێکی عێراقی، لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن و سەرەتای مانگی داهاتووش، شەپۆلێکی بارانبارین سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە. هاوکات، کەشناسی هەرێم دەڵێت، ئەم هەفتەیە باران نابارێت.


حەسەن ئەسەدی کەشناسی شارەزای عێراقی ئاماژەی بەوەکردووە، سبەی دووشەممە، کەشی زۆربەی ناوچەکانی عێراق نیمچەهەور دەبێت و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتووشدا ئاسمان بە هەوری چڕ دادەپۆشرێت.

دەشڵێت، بەهۆی هاتنی تۆپەڵە هەوایەکی شێدار و یەکگرتنی لەگەڵ ئەو هەوا ساردەی کە لە دەریایی ناوەڕاستەوە هەڵیکردووە، پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو، شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

بەگوێرەی پێشبینیەکانی ئەو کەشناسە عێراقییە، پلەی گەرما لەزۆربەی ناوچەکانی عێراق لەنێوان  ٣٠ بۆ ٣٥ پلەی سیلیزی دەبن و روو لە نزمبوونەوە دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی  پێشبینییەکان، لەم هەفتەیەدا باران نابارێت، بەڵام پلەی گەرما ٣-٤ پلە دادەبەزێت و ئاسمانیش نیمچە هەور دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن