838 کوردستان

د.شه‌فیق قه‌زاز كۆچی دوایی كرد

07:02 - 23/10/2020

زه‌مه‌ن-سلێمانی

شەوی رابردوو، دکتۆر شەفیق قەزاز، نوسەر و مێژوونووس و لێکۆڵەری سیاسیی و وەزیری ھاوکاری و مرۆڤایەتی لە ھەردوو ‌کابینەی سێیەم و چوارەمی حکومەتی ھەرێم، بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.

دوو هەفتە پێش ئێستا، دکتۆر شەفیق قەزاز تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و دواتر ماوەی ھەفتەیەک لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی ئاسای تایبەت بە توشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی خەوێندرا و شەوی رابردوو، لە تەمەنی ٨٦ ساڵییدا بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستدا.

شەفیق قەزاز لەساڵی ١٩٣٤ لەیەکێک لە گەڕەکە دێرینەکانی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٣ تا ١٩٧٣، ئەندامی دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەمەریکا بووە.

لە ساڵی ١٩٧٥، نوێنەری کورد بۆ ھاوکاری و نیشتەجێکردنی کورد لە دەرەوەی وڵات لە ئێران بووە و لە ساڵی ١٩٩٠ سەرۆکی مەڵبەندی رۆشنبیری کوردی بووە.

هاوکات، لە ساڵانی ١٩٩٦ تا ـ٢٠٠٥، وەزیری یارمەتی مرۆڤایەتی و ھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەردوو کابینەی سێیەم و چوارەم.

لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١١، سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی بووە لە ھەولێر و لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ساڵی ٢٠١١ سەرۆکی بۆردی زانکۆی کوردستان بووە.

شەفیق قەزاز، هاوسەری چلورە هەردی، چالاکوانی مافی ژنان بوو، كه‌ ده‌كاته‌ زاوای ئه‌حمه‌د هه‌ردی شاعیر و دوای خانه‌نشینبوونی هه‌ر له‌ سلێمانی ژیاوه‌.

لینکی دوو وتاری تایبەتی د. شەفیق قەزاز بۆ "زەمەن"

 

وتاری یەکەم : هەرێمی کوردستان و ئەجێندایەکی کراوە
وتاری دووەم: خوێندنەوەیەکی وتارەکەی سەرۆکوەزیران

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن