592وتار

خوێندنەوەیەکی وتارەکەی سەرۆکوەزیران

12/17/2019 8:09:00 PM
شەفیق قەزاز

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاش زیاتر لە سەد رۆژ لە دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی، لە تەلەفزیۆنەوە وتارێکی بەخەڵک گەیاند. بەکارێکی پێویستم زانی خوێندنەوەیەکی خۆم بۆ ئەو وتارە رابگەێنم.
ئەگەر وەک کۆدێکی پرۆتۆکۆڵی سەیر بکرێت، ئاخاوتنی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران لەگەڵ خەڵک دوای ماوەیەک لە دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی، دەستپێکێکی شیاو و بەکەڵک بوو. هیوادارین کە ئەمە لە سەرۆکی حکومەتەوە ببێتە نەریتێک، جا لە شێوەی کۆنفرانسی دەوریی راگەیاندن بێت، یاخود هەر جۆرێکی تر لە کۆبوونەوەی دەسەڵات لەگەڵ خەڵک. راستە حکومەت وتەبێژی فەرمیی هەیە، بەڵام هەموو هەوڵێکی دانیشتنی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ هاووڵاتیان، دەشێت مەبەستێکی تر ببەخشێت.
دەبوو خواستێکی سەرەکیی وتارەکە کەمکردنەوەی کەلێنی بێمتمانەیی بێت نێوان خەڵک و دەسەڵات. واتا باسکردن بوایە لە ئەنجامی کارێک، دەستکەوتێک، پرۆژەیەک کە لە رەوشی قەیراناویی ئەمڕۆدا لای خەڵک زەق دەنوێنێت. تەنها ئاماژە بە “گەڕاندنەوەی شەفافیەت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی”، ئاستێکی دیار لە ئەکتیڤبوونی حکومەت دەرناخات. دەکرا بەلای کەمەوە سەرۆکوەزیران هێمای ئەوەبدات کە لە گوتاری داهاتوویدا، داتا و زانیاریی ورد دەخاتە بەرچاو، چونکە بەو شێوەیە دوو مەبەستی دەپێکا، یەکەم کە ئەم جۆرە لە هەوڵی نزیکبوونەوە لە خەڵک بەردەوام دەبێت و دووهەم کە مژدە و بەڵێنی ئەرکی ئەنجامدراو، بە پاڵپشتی دەستکەوتی راستەقینە دەبێت بۆ خەڵك.
جێگەی خۆی بوو ئەگەر سەرۆکی کابینە بەشێوەیەکی گشتی خەڵکی لە پێکهاتە و ئاڕاستەی کابینەکەی، واتا جیاوازیەک ئەگەر هەبێت لەگەڵ رابووردوو، ئاشنا بکردایە. بۆ وێنە ئەگەر وەزیرەکان هەموو، یان زۆربەیان حیزبین، بەڵام کەسانی شایستە و لێوەشاوەیان تێدایە و پێوەرێک هەیە بۆ لێپرسینەوە و چاودێریی کاربەدەستان و ستافی حکومەت. ئەمە لە روانگەی ئەزموونی حوکمڕانیی رابوردووەوە، لەخۆیدا جۆرێکە لە چاکسازی. هەندێک وردەکاریی ناو وتارەکە دەری دەخات کە سەرۆکی حکومەت نەک هەر لە بابەتەکان شارەزا و ئاگادارە، بەڵکو خەمی ئەوەی هەیە بەدواداچوونیان بۆ بکات. 
ئەمە لە خۆیدا جێگەی ئومێدە ئەگەر لە ئەجێندای ئۆفیسەکەیدا ئەم کارە بە بەرنامە پێڕەو بکرێت. کاتێک دەڵێت “بیرۆکراسی کەمبکرێتەوە..... و دامودەزگاکانی حکومەت لە ئاستی ویستی ئێمەدا چالاک و بەرهەمدارنین...” ئەمە بە فەرمی سەلماندنی ئەوەیە کە سیستمی حکومڕانیەکی بە ئەدا لاواز‌و بارکەوتوومان هەیە و دەستکاریی و ریفورمی پێویستە. هەمە جۆرکردنی سەرچاوەی داهات و جووتکردنی لەگەڵ هاندانی وەبەرهێنان‌و هەڵساندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ، روانگەیەکی دروستە (ئەگەر بێتە ئەنجامدان)، بۆ بووژاندنەوە و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری.
بۆ بەرپرسێکی پلە باڵا، ئاشکراکردنی بڕیار و پلانی بوواری دەسەڵات‌و پۆستەکەی، دەبێت لە بنەمایەکی تۆکمە و باوەڕپێکراوی زانیاریەوە هەنگاوبنێت. سەرنجڕاکێشە کە سەرۆکی حکوەمەت لە وتارەکەیدا و لە بەشی ئاخاوتن لەسەر “پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی عێراقی”،  باس لە “رێککەوتن” ی رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان بە ناوەند، ناکات، ئەمە لە کاتێکدا کە دەتوانم بڵێم بڕگەیەکی سەرەکیە لە گفتوگوی نێوان هەرێم و حکومەت بۆ رەواندنەەوەی گومانی مووچەخۆران لە دۆخی ئێستای بژێوی و داهاتی مووچەی پاشەکەوتکراویان. دەشێت هۆکارێکی ئەو پشگوێخستنە، نەبوونی گەرەنتیی سەرگرتن یان تەنانەت راستیی ئەو رێککەونتە بێت. بەهەرحاڵ دەبوو جۆرێک روونکردنەوە لەم خاڵە هەبێت.
“کەشێکی لەبارمان رەخساندووە لە نێوان سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت‌و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری و دەستە سەربەخۆکان....” ئەمە دەربڕینی سەرۆکی حکومەت بوو سەبارەت پێوەندی لەگەڵ بەشەکانی تری دەسەڵات لە هەرێم. ئێمە ئاگادارین لە رێسای “جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان” لە زۆر سیستمی حوکمڕانیی جیهاندا و لەسەر ئەم بنەمایە ئەو دەسەڵاتانە، واتا جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری، بەپێی نەریتی دەستووری ( کە ئێمە تا ئێستا سەرچاوەکەی کە دەستوورە، نیمانە)، جیاواز و سەربەخۆن. بەڵام بە روویەکی تردا پێوەندیی ئەم دەسەڵاتانە دەبێت شێوازێکی بەردەوام‌و هاوکار‌و تەواوکەری یەکتر وەربگرێت تا سیستمێکی حوکمڕانیی دروست فەراهەم بێت. ئاشکرایە کە ئەمڕۆ بەشێک لەو دەسەڵاتانەی هەرێم، سەلمێنەری ئاستێکی باوەڕپێکراو لە رەوایی، توانست و کارگوزاریی حوکمڕانیی هەرێم نین. دەسەڵاتی دادوەری بە بۆچوونی نووسەران و چاودێران و هەتا هەندێک لە ئەندامانی خودی دەسەڵاتەکە، لاواز و بەڕادەیەک لێکەوتووە. پەرلەمانی کوردستان کە دەبێت داینەمۆی پرۆسەی چاودێری حکومەت و زمانحاڵی راستەقینەی خەڵک بێت، بێکارە دەنوێنێت بەرووی ئەو ئاڵەنگاریانەی دێنە رێگای. سەرۆکی حکومەت دەبێت ئەو “کەشە لەبار و هەماهەنگیە باش”‌ە‌ی، کە لە وتارەکەیدا باسی لێ دەکات، تەرخان بکات بۆ ریفۆرمکردن‌و چالاککردنەوەی دەسەڵاتەکەی خۆی و ئەوانیتر، تا حوکمی چەند ساڵی داهاتووی، سەمتێکی راست و دروست وەربگرێت.
بەشێکی تری وتارەکەی سەرۆکوەزیران رادەیەک لە هیوا دەبەخشێت کاتێک دەڵێ “بەیاسا رووبەڕووی هەموو گەندەڵکاران دەبینەوە. لەم ماوەیەدا زۆر هەوڵیش دراوە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ساردمان بکەنەوە، بەڵام هاووڵاتیان دڵنیا دەکەمەوە بە هەموو توانایەکمان لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین....” هاووڵاتیان لەوەش ئاگادارن کە پێشتر بەڵێنی دژایەتی و نەهێشتنی گەندەڵی دراوە و تەنانەت بەرنامەی چاکسازیی حکومەتیش بۆ ئەو مەبەستە داڕێژراوە!
گەندەڵی دیاردەیەکی ترە وەک تێرۆر کە بنبڕکردن و لابردنی هەژموون و کاریگەریی ئاسان نیە. ئەمڕۆ بە ئەندازە و شێوازی جیاواز هەردوو پێکهاتەی حوکمڕانیی عێراق و هەرێم، دووچاری بوون. بۆیە هەوڵ و توانای راگرتنی شێوازێک لە حوکمڕانیی تۆکمە و رێکاری پێویست بۆ دژایەتی و سنووردانی هەلی گەندەڵی، دەکرێت بە مانای حوکمڕانیی دروست بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن