3592 کوردستان

زانیارى نوێ لەبارەى شێرەکەى بازیان

02:50 - 20/10/2020

"زەمەن" 


لە چەند رۆژى رابردوو، لە سنورى ناحیەى بازیان له‌ نزیك سلێمانی، شێرێک لەلایەن دانیشتوانى گوندێکەوە بینراوە و ئەمڕۆش شوێن پێى شێرەکە دۆزراوەتەوە و دڵەڕاوکێى زۆرى دروستکردووە.


ئیسماعیل ئەحمەد بەڕێوەبەرى ناحیەى بازیان بە "زەمەن"ى راگەیاند، لەچەند رۆژى رابردوو ئاگادار کراونەتەوە لە بونى شێرێک لە گوندێکى سنورەکە کە دڵەڕاوکێى لاى هاوڵاتیانى ئەو گوندە دروستکردووە و بەشێکیشیان ماڵیان چۆڵکردوە، بۆیە لەگەڵ هێزەکانى پۆلیس هەڵمەتێکیان کردووە بۆ دۆزینەوەى، بەڵام هیچیان نەبینیوە و دوێنێش بە فڕۆکەى وەزارەتى ناوخۆ بەدوایدا گەڕاون.

وتیشى، ئەمڕۆ شێرەکە لەلایەن چەند کەسێکى ترەوە لە سنورى تەیناڵ بینراوە و گوێیان لە دەنگى بووە دڵەڕاوکێ و ترسێکى زۆرى لاى خەڵکى ناوچەکە دروستکردووە، بۆیە ئەمڕۆ بە چوار فڕۆکە بەدوایدا گەڕاون.

ئیسماعیل ئەحمەد ئاشکراشیکرد کە شوێن پێى شێرەکە و شوێنى خەوتنەکەى دۆزراونەتەوە و بە راپۆرت ئاڕاستەى دادگا کراوە و تیمى شارەزا شوێنپێکانیان هەڵگرتوەتەوە و ئێستا گومانەکان زیاتر بوون.

بەڕێوەبەرى ناحیەى بازیان ئاماژەى بەوەشکرد، بەوتەى ئەو کەسانەى شێرەکەیان بینیوە، زۆر گەورە بووە و پێشبینى دەکرێت لەو شوێنێکى دەرەوەى بازیانەوە هەڵاتبێت، هەر ئەوەش ترسى زۆرى لاى هاوڵاتیانى سنورەکە دروستکردووە.

 

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن