عیراق

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا: لەگەڵ ئاڵۆزكردنی دۆخەكەدا نین

11:13 - 17/10/2020 111 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"


نوێنەرای حكومەتی هەرێم لە بەغدا رایگەیاند، درێژەدان بەم دۆخە لە قازانجی هیچ لایەك نییە، حكومەتی هەرێم هەوڵدەدات هەرزوو دۆخەكە چارەسەر بكرێت و تەشەنە نەكات.

 
فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا بە"زەمەن"ی وت، "ستراتیجیەتی حكومەتی هەرێم جێبەجێكردنی سەقامگیرییە لە هەموو شوێنێك، ئەوەی ئەمڕۆ كرا بە ئامانجگرتنی بەهاو ئاڵای كوردستان بوو جێگەی نیگەرانیمان بوو، هەموو لایەنەكان لەسەر خەتبوون ئەوەی دۆخەكە كۆنترۆڵبكرێت".

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا وتیشی، "لەسەرخەتین بۆئەوەی ئەم دۆخە كۆتای پێبهێنرێت، لەبەرئەوەی درێژەدان بەم دۆخە لە قازانجی هیچ لایەك نییە، هەوڵدەدەین هەرزوو چارەسەر بكرێت و تەشەنە نەكات و پەیوەندییەكان ئاسایبن، لەگەڵ سەقامگیریداین، ئامانجی ئێمە نیە لە شوێنەكانی تر كاردانوە هەبێت".

سەبارەت بە هەڵوێستی حكومەتی عێراق لەسەر رووداوەكە وتی، "ئەمڕۆ كۆبونەوەی ئاسایشی نیشتمانی لە بەغدا ئەنجامدرا، لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی قاسم عەعرەجیراوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی و سوتاندنی ئاڵای كوردستان پێكهێنرا".

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەمڕۆ 15 بۆ 20 كەس دەستگیركراون كە تۆمەتبارن بە نانەوەی ئاژاوەكەو دەستدرێژیكردنە سەر ئاڵاو وێنەو رەمزەكان و بارەگای پارتی، دیارە خەڵك هەبووە بەناوی حەشدەوە، بەڵام چاوەڕێی دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكانین".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement