سه‌رۆكایه‌تی كۆمار: بێڕێزی بە ئاڵای كوردستان قابیلی قبوڵ نییە
07:58 - 17/10/2020
"زه‌مه‌ن"
وته‌بێژێک به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراقه‌وه له راگه‌یه‌ندراوێكدا په‌لاماردانی باره‌گای پارتی له به‌غدا ئیدانه كردوو رایگه‌یاند، بێڕێزی بە ئاڵای كوردستان، که خاوەن رەمزیهت و پێگەی مێژووییه، قابیلی قبوڵ نییە و سووتاندنی باره‌گا و شوێنه گشتییه‌كان ناچێته خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی وڵات، به‌ڵكو ئاشته‌وایی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
وتەبێژێک بەناوى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراقەوە لەسەر هەڵکوتانەسەر بارەگاى پارتى لە بەغداو سوتاندنى ئاڵاى کوردستان راگەیەنراوێکى بڵاوکرەوە، سەرەراى ئیدانەکردنى سوتاندن و پەلاماردانى بارەگاى پارتى لە بەغدا، داوا له حكومه‌تی عێراق دەکات لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی خێرا ده‌ستپێبکات و ئه‌وانه‌ی كه‌مته‌رخه‌من سزا بدرێن.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق
له‌كاتێكدا هه‌وڵه‌كان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانانه چڕ ئه‌كرێنه‌وه كه هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ ئاسایش و ئابووری وڵات، ئه‌مڕۆ بینیمان له‌لایه‌ن گروپێكی له‌یاساده‌رچوو و به‌ده‌ر لهرێكاری ئاشتیخوازانه‌ی ئازادی راده‌ربڕین و پاراستنی شکۆی ده‌وڵه‌ت، هێرشكرایه سه‌ر باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا.
هاریكاری و یه‌كڕیزی نێوان سوپا و پێشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی دیکە سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر تیرۆر به‌ده‌ست هێنا، بۆیه رێگه‌پێدراو نییه ئه‌و قوربانیانه تێكه‌ڵ بهشتی لاوه‌كی و هه‌ڵچوون و ئاژاوه‌گێری بكرێن كه ئه‌مڕۆ ئه‌وانه به‌سوتاندنی ئاڵای كوردستان گوزارشتیان لێ‌كرد، ئه‌و ئاڵایه‌ی پێگه و ره‌مزیه‌ت و ده‌لاله‌تی مێژوویی لای عێراقییه‌كان هه‌یه و به‌شێكه له پێكهاته‌ی ده‌ستووری عێراق.
ئێمه له‌سۆنگه‌ی هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕمان له پشتیوانیكردنی ئازادی راده‌ربڕین به‌شێوه‌ی ئاشتیانه، ئه‌و كرده‌وه ئاژاوه‌گێریه ئیدانه ئه‌كه‌ین كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی كه‌س نییه و ئارامی و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تیش ئه‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
هه‌روا جەخت ئه‌كه‌ینه‌وه كه لێكۆڵینه‌وه‌ی خێرا له‌و په‌لاماردانه بكرێ و سزای ئه‌نجامده‌رانی بدرێت، به‌تایبه‌تی كه حه‌شدی شه‌عبی بێ به‌ریبوونی خۆی له سوتاندنهكهی ئه‌مڕۆ راگه‌یاند و به‌رامبه‌ر ئه‌وانه وه‌ستایه‌وه كه بێ په‌روا ویستیان یه‌كڕیزی نیشتمانی تێك بده‌ن، هاوکات هه‌موو لێدوانێکیش ره‌ت ئه‌که‌ینه‌وه که ده‌زگا فەرمییەکان و هێزه ئه‌منییه‌کان له‌که‌دار بکات.
هه‌ر له‌م ساته‌وه‌خته یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه‌ی وڵات‌دا، به‌وپه‌ڕی ئازار و دڵگرانییه‌وه هه‌واڵی په‌لاماره تیرۆرستییه ترسنۆکانه‌که‌ی قه‌زای بهلهدیشمان له پارێزگای سه‌لاحه‌دین پێگه‌یشت،که پێویستی یه‌کخستنی هه‌وڵه‌کان و ئاڕاسته‌کردنی بۆ قه‌لاچۆکردنی توندوتیژی و تیرۆر دووپات ئه‌کاته‌وه که ئه‌یه‌وێ ئارامی و ئاسایشی وڵات تێکبدات.
هه‌روه‌ها داوا له هه‌موو لایه‌ك ئه‌كه‌ین دانبه‌خۆیاندا بگرن و وابكه‌ن زمانی عه‌قڵ زاڵ ببێ و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای وڵات بخه‌نه سه‌روی هه‌موو ئیعتیبارێكی تره‌وه، چونكه عێراق پێویستی به یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی نیشتمانی و ریزه‌كانی هه‌یه بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه ئه‌منی و ئابوورییه‌كان كه وڵاته‌كه‌مان تووشی بووەته‌وه.
وته‌بێژێک به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق
٢٠٢٠/١٠/١٧