709 کەلتور

زمانناس و شاعیرێکی بەناوبانگ کۆچی دوایی کرد

06:06 - 15/10/2020

کولتووری زەمەن

 

مامۆستا عوسمان محەمەد هەورامی نوسەر و شاعیرو زمانناسی کورد، ئێوارەی ئەمڕۆ لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا، پاش تووشبوونی بە نەخۆشی کۆرۆنا، کۆچی دوایی کرد.
عوسمان هەورامی، یەکێکە لە زمانناس و ئەدیب و شارەزایانی ئەدەبیاتی منداڵان و شیعری کلاسیکی کوردیی، بەتایبەتیش شاعیرانی زاری گۆران. 

لە ساڵی ١٩٤٠ لە تەوێڵە لەدایكبووە، لە ساڵی ١٩٥٩ لە كۆلێژی ئاداب لە بەغداد لە بەشی زمانی كوردی وەرگیراوە، زیاتر لە نیو سەدە، سەرقاڵی بواری پەروەردە و فێرکردن بووەو لەو بوارەشدا، چەندین پێشنیارو سەرنجی لە پەروەردەدا خراوەتە بواری جێبەجێکردن. 

لە شیعرناسیشدا، شارەزایەکی فراوانی لە شیعری مەولەوی و بێسارانی و وەفایی گۆران و پێرەمێردا هەبووە و چەندین کتێبی تایبەتیی لەسەر شاعیرانی شێوە زاری هەورامی نووسیووە.

ساڵانی کۆتایی تەمەنی، وەک پسپۆڕی بواری زمان و ئەدەبی منداڵان کاری کردووەو لەو بوارەشدا کۆمەڵێک نامیلکە و شیعری منداڵانی بڵاوکردووەتەوە.

شیعرەکانی زۆربەیان کراون بە گۆرانی و سروود و لە قوتابخانەکاندا دەخوێنرێن. عوسمان هەورامی جیا لە نووسەرانی تری کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، بایەخی زۆر بە شیعر و بەرهەمەکانی دراوە، هەر بۆیە لە نێوەندی ئەدەبی کوردی لە رۆژهەڵاتدا، ناوێکی دیارو بەرچاوەو چەندین دیوانە شیعریی منداڵانیشی لە سنە و رۆژهەڵات چاپ و بڵاوکراونەتەوە.

ئەمەش ناوی بەشێک لە کتێبە چاپکراوەکانییەتی لەبواری ئەدەب و شیعری منداڵاندا:


1-شاهۆ: هۆنراوەی پەروەردەیی
2-خونچە گوڵ، هۆنراوەی پەروەردەیی
3- مناڵ و گوڵ، هۆنراوەی پەروەردەیی.
4- مافە گەشەکانم، هۆنراوەی پەروەردەیی.
5- جیهانە جوانەکەمان، ئۆپەرێت و شانۆگەری جیهانی منداڵان.
6- چاوانی باوان، هۆنراوەی پەروەردەیی.
7- شنەی شادی، هۆنراوەی پەروەردەیی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن