دیمانە

وتەبێژی تەندروستی: ئێستا کۆرۆنا لە مەترسیدارترین حاڵەتی خۆیدایە

02:44 - 15/08/2020 212 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"
وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" له‌ئێستادا بارودۆخی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا مه‌ترسیدارترین حاڵه‌تی خۆیه‌تی به‌جۆرێك تاوه‌كو ئێستا هه‌رێمی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ خراپ نه‌بووه‌، پێشبینی ده‌كه‌ین ئه‌و سیناریۆیانه‌ی باسمان ده‌كردن پێشتر له‌ڕاستی نزیكببنه‌وه‌"

د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند "ناتوانرێت ئاسان بڕیار بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بدرێت پێویسته‌ داتای به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ دوو هه‌فته‌ دراسه‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت، ناتوانیین ئێستا ئێمه‌ بڵێین له‌لوتكه‌داین هیوادارین ئه‌مه‌ خراپترین بێت به‌ڵام ئه‌م زانیاریه‌ به‌ هیوا و ئومێدی ئێمه‌ نییه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها داتایه‌كه‌ و پێویستی به‌چاودێری زۆر توندهه‌یه‌، نه‌خێر ناتوانیین بڕیاری كۆتایی بده‌ین كه‌ ئه‌مه‌ لوتكه‌ی هه‌ڵكشانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ داتاكان زیاتر بێت".

دەقی چاوپێکەوتنەکە:


" پێشبینی ده‌كه‌ین ئه‌و سیناریۆیانه‌ی باسمان ده‌كردن پێشتر له‌ڕاستی نزیكببنه‌وه‌"
له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌بره‌ی بارودۆخی كۆرۆنا-وه‌ وتی" ئێمه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌و سیناریۆیانه‌ی باسمانكردووه‌ له‌ڕووی مه‌ترسی و نه‌مانی شوێن و له‌ڕووی په‌ككه‌وتن و شه‌كه‌ت بوونی كارمه‌ند و پزیشكانمان زۆر له‌ڕاستی نزیكده‌بێته‌وه‌، ژماره‌كه‌ تاوه‌كو ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌تایبه‌ت ڕۆژانه‌ 500 حاڵه‌تمان هه‌یه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌، له‌ 24 كاتژمێری ڕابردوو 566 حاڵه‌ت پشكنینی پۆزه‌تیڤ هاتۆته‌وه‌، ئێمه‌ دڵنیایین له‌وه‌ی چه‌ندین ئه‌وه‌ی ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ ناو كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ 24 كاتژمێر 16 مردن تۆمار كراوه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی ئاماژه‌ن له‌ئێستادا بارودۆخی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا مه‌ترسیدارترین حاڵه‌تی خۆیه‌تی به‌جۆرێك تاوه‌كو ئێستا هه‌رێمی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ خراپ نه‌بووه‌."

" ناتوانیین ئێستا ئێمه‌ بڵێین له‌لوتكه‌داین هیوادارین ئه‌مه‌ خراپترین بێت "
له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه‌ده‌وترێت ئێستا ژماره‌ی توشبووانی كۆرۆنا له‌شاری هه‌ولێر له‌لوتكه‌دایه‌؟ د.محه‌مه‌د خۆشناو ده‌ڵێت" ناتوانرێت ئاسان بڕیار بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بدرێت پێویسته‌ داتای به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ دوو هه‌فته‌ دراسه‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت، ناتوانیین ئێستا ئێمه‌ بڵێین له‌لوتكه‌داین هیوادارین ئه‌مه‌ خراپترین بێت به‌ڵام ئه‌م زانیاریه‌ به‌ هیوا و ئومێدی ئێمه‌ نییه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها داتایه‌كه‌ و پێویستی به‌چاودێری زۆر توندهه‌یه‌، نه‌خێر ناتوانیین بڕیاری كۆتایی بده‌ین كه‌ ئه‌مه‌ لوتكه‌ی هه‌ڵكشانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ داتاكان زیاتر بێت، تووشبووان زیاتربێت ، بارودۆخی نه‌خۆشه‌كان به‌تایبه‌تی نه‌خۆشی "كریتیكه‌ڵ و زۆر خراپ" ژماره‌یان زیاتر بێت وه‌ له‌ ته‌نیشت ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ژماره‌ی مردوانیش زیاتر ده‌بێت ئه‌و ڕێنمایی و ئاكارانه‌ی له‌ سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ت له‌سه‌ر ئاستی تاك پێشنیاركراوه‌ جێبه‌جێبكرێت، به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێنماییانه‌ كه‌ هه‌مان پێشنیاره‌كانی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییه‌ ئێمه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین زۆر به‌خێرایی بێته‌ خواره‌وه‌."

"هۆكاره‌كانی زیادبوونی ژماره‌ی توشبووانی كۆرۆنا له‌هه‌ولێر و دهۆك "
ده‌رباره‌ی هۆكاری هه‌ڵكشانی ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له‌هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك؟ وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم ڕونیكرده‌وه‌" جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ڕێنماییانه‌ی كه‌وه‌كو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌رمانكردووه‌ بۆفه‌رمانگه‌كان، بۆ بچوكترین شوێن و ته‌نانه‌ت بۆ ناو ماركێت و شوفێران و هۆیه‌كانی گواستنه‌وه‌، دوو هۆكار هه‌یه‌ كه‌ به‌ڕاستی كۆنتڕۆڵكردنی ئاسان نییه‌ ، له‌ده‌ره‌وه‌ی توانای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌، هۆكاری یه‌كه‌میان بریتییه‌ له‌ خودی سروشتی ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ كه‌كۆمه‌ڵێك كاره‌كته‌ری هه‌یه‌، كۆمه‌ڵێك سیفه‌تی هه‌یه‌، ئاسان نییه‌ پێشبینی بكرێت ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات له‌ڕووی ئه‌وه‌ی له‌به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی بێ نیشانه‌یه‌ ، نیشانه‌كان به‌پێی كه‌سه‌كان جیاوازن ئه‌مه‌ش متمانه‌ له‌ لای خه‌ڵك ناهێڵێت چونكه‌ خه‌ڵكی ئێمه‌ وا ڕاهاتوووه‌كه‌ شته‌كان زۆر زۆر ڕوون بێت و بیناسێته‌وه‌ كاتێك نیشانه‌یه‌ك هه‌یه‌ و ڕوون نییه‌ به‌ كۆرۆنای دانانێت كه‌ئه‌مه‌ خاڵی دووه‌م سه‌رهه‌ڵده‌دات ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ پابه‌ندنه‌بوونی هاوڵاتیان به‌هه‌ر هۆكارێك بێت به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی بڕوای به‌نه‌بوونی ڤایڕه‌سه‌كه‌ نییه‌ یان بڕوای به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌ بوونی هه‌یه‌ و له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكه‌وه‌ ده‌قۆزرێته‌وه‌، بڕوای به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌ هه‌یه‌ و ڤایڕه‌سێكی سوكه‌، ئه‌مه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی توانای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌، وه‌خاڵی دووه‌میان ده‌كرێت كاری له‌سه‌ر بكرێت به‌هۆشیاری ته‌ندروستی به‌به‌ستنی ماسك و پابه‌ندبوون به‌ڕێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌لایه‌ن ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیشه‌وه‌ به‌خاڵێكی زۆر كاریگه‌ر داده‌نرێت."

" هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان مانای ئه‌وه‌ نییه‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان داده‌خرێن "
دوێنێ د.هێرش سه‌ید سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ڕه‌خنه‌ی له‌بڕیاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم گرتبوو سه‌باره‌ت دیاریكردنی نرخی نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، به‌ڵام د.محه‌مه‌د خۆشناو ده‌ڵێت" خاڵێك هه‌یه‌ ده‌مه‌وێت زۆر به‌گه‌وره‌یی جه‌ختی له‌سه‌ر بكرێته‌وه‌، هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان مانای ئه‌وه‌ نییه‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان داده‌خرێن، مانای وانییه‌ خزمه‌تگوزاری حكومی ده‌وه‌ستێت به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌م چركه‌یه‌ به‌نزیكه‌یی 40 نه‌خۆشخانه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان به‌ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر له‌ قه‌ره‌وێڵه‌وه‌ دابینكراوه‌ بۆ نه‌خۆشان، خزمه‌تگوزاری كۆرۆنا به‌خۆرایی ده‌بێت بۆ هه‌موو هاوڵاتیان مه‌گه‌ر كه‌سێك له‌سه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی خۆی بیه‌وێت بچێته‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی كه‌بێگومان له‌و بارودۆخه‌دا پێویسته‌ ئه‌و نرخه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ دابین بكرێت، ئه‌و نرخانه‌ی سه‌ره‌تا له‌و نه‌خۆشخانانه‌وه‌ ده‌ستپێكران، نرخه‌كان یه‌كجار به‌رزبوون ئه‌وه‌ بوو به‌بڕیارێكی لیژنه‌ی تایبه‌ت له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ 50% نرخه‌كان داشكێنران، ئه‌و نرخانه‌ی كه‌ پێشنیاركران بۆ نه‌خۆشخانه‌كان نێردرا ئه‌و نرخه‌ی كه‌ بڵاوبۆیه‌وه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چه‌سپێنراو نه‌بوون یه‌كێك بوو له‌و سیناریۆیانه‌ی كه‌ پێشنیاركرابوو بۆ نه‌خۆشخانه‌كان به‌ڵام به‌هه‌مان شێوه‌ ناڕه‌زایی دیكه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و نرخه‌ش دوباره‌ داشكاندنێكی زۆر گه‌وره‌ كراوه‌ به‌ڵام ئه‌مانه‌ هیچی په‌یوه‌ست نییه‌ به‌وه‌ی كه‌نه‌خۆشی كۆرۆنا پێویسته‌ بچێته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ هێشتا به‌رده‌وامین له‌زیادكردنی ژماره‌ی نه‌خۆشخانه‌كان زیادكردنی ژماره‌ی قه‌ڕه‌وێڵه‌كان ته‌نانه‌ت سوود وه‌رگرتن له‌ توانای پزیشكان و كارمه‌ندانی دیكه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ كه‌ له‌سه‌نته‌ری كۆرۆنانیین ، بۆ نموونه‌ له‌ بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی كۆمه‌ڵێك پزیشك و كارمه‌ندمان هه‌یه‌ ڕاهێنانیان پێده‌كرێت له‌سه‌نته‌ره‌كانی كۆرۆنا شوێنیان ده‌كرێته‌وه‌."

" تادوا توانای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌كی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا به‌پێی توانا به‌خۆڕایی ده‌بێت "
د.محه‌مه‌د خۆشناو جه‌ختیكرده‌وه‌" تادوا توانای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌كی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا به‌پێی توانا به‌خۆڕایی ده‌بێت مه‌گه‌ر نه‌خۆشخانه‌كانمان پڕبێت یاخود مه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ خۆی هه‌ڵبژارده‌ی هه‌بێت بچێته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی له‌سه‌ر داوای خۆی له‌و كاته‌شدا نرخه‌كه‌ هه‌ر ئه‌و نرخه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ پێشنیار كراوه‌ وه‌كو "به‌ڕێز دكتۆر سامان به‌رزنجی" ئاماژه‌ی پێدا ئه‌گه‌ر له‌ئه‌نجامی پڕبوونی شوێنی نه‌خۆشخانه‌كان بێت و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ شوێن نه‌ما و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی بكرێت ئه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ وه‌كو سه‌ردانیكارێكی نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی سه‌یر ناكرێت وه‌كو كه‌سێك ده‌بێت كه‌هاتۆته‌ نه‌خۆشخانه‌ی حكومی، زۆر جه‌خت له‌سه‌رئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ خزمه‌تگوزاری كۆرۆنا100% له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان به‌خۆڕایی ده‌بێت وه‌كو هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌ ، ئه‌گه‌ر كه‌سێك بۆ خۆی بچێته‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی و له‌وێ چاودێری خۆی بكات ئه‌وا پێویسته‌ پابه‌ندی ئه‌و نرخانه‌بن نه‌خۆشخانه‌كان كه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ دانراوه‌."
"هه‌موو هاوڵاتیه‌ك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌نه‌خۆشخانه‌ی حكومی یان ئه‌هلی هه‌ڵبژێرێت "
وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕه‌تیكرده‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ نادادپه‌روه‌ری چینایه‌تی دروست بكات، له‌وڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ده‌بێت كه‌ هاوڵاتیان ناچار بكرێن بڕۆن بۆ ئه‌و شوێنانه(نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت) هه‌موو هاوڵاتیه‌ك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌نه‌خۆشخانه‌ی حكومی یان ئه‌هلی هه‌ڵبژێرێت، كاتێك كه‌سێك نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بكرێت مانای وا نییه‌ ده‌كرێت ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ به‌ویستی خۆی نرخه‌كان دیاری بكات ئه‌گه‌ر كه‌سێك باری دارایی زۆر باش بێت چونكه‌ كه‌سانێكمان هه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆماوه‌ی چه‌ندین ساڵ ده‌بێت له‌ نه‌خۆشخانه‌ی حكومی چاره‌سه‌ری وه‌رنه‌گرتووه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌توانێت له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت به‌هه‌مان شێوه‌ش نابێت ئه‌م كه‌سانه‌ش له‌لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كانه‌وه‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ئه‌و بارودۆخه‌ بقۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نرخێك به‌دڵی خۆیان دابنێن."

"هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان ته‌نها بۆ ئه‌وه‌بووه‌ له‌ته‌نیشت نه‌خۆشخانه‌ی حكومی خزمه‌ت بكه‌ن "
خۆشناو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد" هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان ته‌نها بۆ ئه‌وه‌بووه‌ له‌ته‌نیشت نه‌خۆشخانه‌ی حكومی خزمه‌ت بكه‌ن، له‌ كاتێكدا ئه‌م بڕیاره‌ نازانستی ده‌بێت و قۆرخكاری ده‌بێت كاتێك ئێمه‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان دابخه‌ین، نه‌خۆش وه‌رنه‌گرین و ئیجباری نه‌خۆش ڕه‌وانه‌ی ئه‌هلییه‌كان بكرێت، نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان پێشتریش نه‌خۆشیان وه‌رگرتووه‌ له‌ته‌نیشت نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان، به‌ر له‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنا ئه‌مان هه‌بوون و نرخی تایبه‌تی خۆیان هه‌بووه‌ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی هه‌ر به‌خۆراییه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاوڵاتی هان نادرێت بچێته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی ئه‌مه‌ كاتێك ده‌بێت كه‌ نه‌خۆشخانه‌ی حكومیمان داخست وتمان نه‌خۆش وه‌رناگرین له‌مكاته‌دا ده‌كرێت بڵێن بڕیارێكی نازانستییه‌، ئێمه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستا بۆنموونه‌ دوێنێ له‌فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كۆمه‌ڵێك كه‌لوپه‌ل و پێداویستی پزیشكی دیكه‌ له‌ كۆریای باشور وه‌رده‌گیرێت ئه‌مانه‌ هه‌مووی دابه‌شده‌كرێت به‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان وه‌هه‌موو هاوڵاتیان بێ به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ر و ته‌نانه‌ت چاودێری چڕوه‌رده‌گرن."
" ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌وه‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی جێبه‌جێنه‌كرا پێویسته‌ بیانوی ئیداری یان زانستی هه‌بێت كه‌ له‌به‌رچی جێبه‌جێنه‌كراوه‌؟ "
د.هێرش سه‌ید سه‌لیم ئه‌وه‌شی وتبوو وه‌ك سنوری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی نابن سه‌باره‌ت به‌نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان، به‌ڵام وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم ده‌ڵێت" هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ ده‌درێن بڕیاره‌كان مه‌ركه‌زین له‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ پێویسته‌ هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان جێبه‌جێی بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌وه‌ جێبه‌جێنه‌كرا پێویسته‌ بیانوی ئیداری یان زانستی هه‌بێت كه‌ له‌به‌رچی جێبه‌جێنه‌كراوه‌؟ ده‌كرێت له‌لایه‌ن ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ ناڕوون بووبێت به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان تێگه‌یشتن له‌و بڕیاره‌ نه‌بووبێت یان پێویستی به‌ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر هه‌بێت بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌، ئێمه‌ دڵنیاین له‌وه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان تاكه‌ ئامانجی خزمه‌تی هاوڵاتیانه‌، له‌هه‌رشوێنێك وا په‌یامه‌كه‌ گه‌یه‌نرا كه‌ئه‌م بڕیارانه‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان نیین، دڵنیا بن ئه‌م بڕیاره‌ وه‌كو خۆی نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و شوێنه‌ ، پێویستی به‌ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاترهه‌بووه‌، ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ ده‌درێن بۆ سه‌رئاستی هه‌موو هه‌رێمی كوردستانه‌."
" ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی ته‌واو زانستییه‌ "
جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ئه‌وه‌شی وتبوو " ده‌بێت نه‌خۆشخانه‌ كه‌ تایبه‌ت بێت به‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنا، تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بێت و هیچ نه‌خۆشێكی تری بۆ نه‌چێت بێجگه‌ له‌نه‌خۆشی كۆرۆنا، خۆ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كانیش خۆیان قبوڵ ناكه‌ن شتی واهه‌بێت هه‌م نه‌خۆشخانه‌كان و هه‌م ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی تر جگه‌ له‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنا سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نه‌خۆشی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا تێدا بێت، به‌ڕاستی له‌ نا هۆشیاری ته‌ندروستی خۆیانه‌ بیانه‌وێت سه‌ردانی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ بكه‌ن چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك هیچ نه‌خۆشیه‌كی تری نه‌بێت و بچێت بۆ نه‌شته‌رگه‌ریه‌ك ده‌بێت ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو بێت تووشی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا-ش ده‌بێت له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌بێت."
د.محه‌مه‌د خۆشناو هه‌مان بۆچوونی هه‌یه‌ و ده‌ڵێت" بێگومان ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی ته‌واو زانستییه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و شوێنه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنای لێیه‌ نابێت له‌و شوێنه‌ نه‌خۆشی تر بوونی هه‌بێت چونكه‌ ئه‌مه‌ نه‌خۆشیه‌كی گوازراوه‌یه‌ بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ولێر سه‌نته‌ری نه‌خۆشیه‌ گوازراوه‌كانمان هه‌یه‌، له‌سلێمانی به‌هه‌مان شێوه‌ شوێنی نه‌خۆشی گوازراوه‌ نابێت تێكه‌ڵاو بێت له‌گه‌ڵ شوێنی دیكه‌، هه‌رئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان داوای خه‌رجییه‌كی زیاتر بكه‌ن چونكه‌ ئه‌مانه‌ شوێن و ستاف ته‌رخان ده‌كه‌ن، كه‌لوپه‌ل و پێداویستی ته‌عقیم كراو ته‌رخان ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك جلو به‌رگ و پێداویستی ته‌رخان ده‌كرێت ئه‌مه‌نه‌ پێویسته‌ جیاكاریه‌كی ته‌واو له‌نێوان ئه‌و شوێنه‌ هه‌بێت په‌تای كۆرۆنا وه‌رده‌گیرێت و داخل ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ په‌تاكانی دیكه‌ی ئاسایی و نه‌شته‌رگه‌ری هه‌یه‌ یان هه‌رجۆره‌ نه‌خۆشیه‌كی دیكه‌یه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و شوێنه‌، له‌ڕووی پشكنینیشه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ پشكنینی لێ ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك ڕێنمایی تایبه‌ت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیه‌وه‌ ده‌چێت بۆ ئه‌وه‌ شوێنانه‌ كه‌ چۆن پشكنین ده‌كرێت."
"له‌پلانی وه‌زاره‌تدا هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تییه‌كان بتوانن ڕێنماییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن ئه‌وا ڕێگه‌یان پێده‌ده‌رێت پشكنینی كۆرۆنا بكه‌ن "
وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی وت" دیراسه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كرێت به‌كۆمه‌ڵێك ڕێنمایی تایبه‌ت كه‌ هه‌یه‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تییه‌كان ده‌توانن پشكنیینی كۆرۆنا بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ڕێنمایانه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵێك بنه‌مای زانستی هه‌بێت."
د.محه‌مه‌د خۆشناو زیاتر ڕونیكرده‌وه‌" له‌پلانی وه‌زاره‌تدا هه‌یه‌ كه‌ئه‌گه‌ر بتوانن ئه‌و ڕێنماییه‌ زانستیانه‌ی كه‌پێویسته‌ جێبه‌جێبكرێت وه‌ ئه‌و نرخه‌ی كه‌ وه‌زاره‌ت دیاری ده‌كات پێوه‌ پابه‌ندبن ، ئه‌وا ئه‌وانیش ده‌توانن ده‌ست پێبكه‌ن (ده‌ست بكه‌ن به‌ پشكنینی كۆرۆنا) تاوه‌كو ئێستا نرخه‌كه‌ دیاری نه‌كراوه‌ بۆ پشكنینی كۆرۆنا له‌لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تییه‌كانه‌وه‌ به‌ڵام هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كرێت هه‌م بۆ توانای هاوڵاتیان هه‌م بۆ ئه‌و كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌ پزیشكانه‌ و كارمه‌ندانه‌ی كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ن."

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement