کوردستان

بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ: بەرپرسانی باڵا لە پشت قاچاخچێتی دەروازە سنورییەکانەوەن

09:34 - 14/08/2020 273 جار خوێندراوەتەوە

"زه‌مه‌ن"


بەرێوەبەرى گومرگى باشماخ، رایگەیاند: مانگانە لەهەر دەروازەیەکی سنوریی نزیکەی (20) ملیۆن دۆلار قاچاخچیەتى دەکرێت، کە بەرپرسانی باڵای حیزبیان لە پشتەوەیە.

شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی سنوریی باشماخ ئاشکرای کرد؛ کێشە گەورە لە دەروازە سنورییەکان هەیە، کە قاچاخچیەتى رێکخراوە، دەروازەکان و وەزارەتى دارایى و ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانیش گیریان خواردوە بە دەستیانەوە و ناتوانن کۆنتڕۆڵى بکەن، چونکە کەسانى باڵادەستى لەپشتە و ناتوانرێت هیچ لێپرسینەوەیەکى یاساییان لەگەڵدا بکرێت.

لەو لێدوانەیدا بۆ دیجیتاڵ میدیای (KNN) وتیشی :"دەروازەکان خەتى گومرگى و خەتى ئاسایی هاتوچۆیان هەیە، ئەوانەى لە خەتى گومرگییەوە دێن هەمو رێکارێکیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەمو بارەکان لە خەتى گومرگەوە نایەن، بەشێکیان لە رێگەى هێزى تایبەتى ئەمنییەوە دەهێنرێن بەبێ ئەوەى هیچ ئیجرائاتێکیان لەگەڵدا بکرێت، واتە نە گومرگ نە پشکنین".

شاخەوان بەکر ئاشکرای کرد؛ هیچ کەس بۆى نییە سەیرى ئەو شتانە بکات کە بە قاچاخ دەهێنرێن، بەڵام بەپێى زانیارییەکان ئەوانە دەهێنرێن کە هێنانیان قەدەغەیە وەکو هێلکە، یان ئەوانەى گومرگیان زۆرە وەک جگەرە.

بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ رایگەیاند: ئەو جۆرە قاچاخچێتییە لەسەرجەم دەروازە سنورییەکان هەیە، بە مەزەندەى ئێمە مانگانە لە هەر دەروازەیەک (15) بۆ (20) ملیۆن دۆلار بە قاچاخچیەتى بە هەدەر دەڕوات.

وتیشی :"بەداخەوە دەڵێم بەشێکى زۆر لە بەرپرسەکانى پارتى و یەکێتى خۆیان خاوەنداریەتى ئەو کۆمپانیایانە دەکەن کە قاچاخچیەتى دەکەن، هەمو ئەوەی دەکرێت بە پشتیوانى هێزى ئەمنی دەکرێت، هێزى چەکدارى حیزبەکانە و رەنگە هى حکومەتیش بێت".

شاخەوان بەکر ئاشکرای کرد؛ لە هەر دەروازەیەکدا (10) بۆ (15) کۆمپانیا هەن و زۆربەیان حیزبین و لە ژێر ناوى جۆراوجۆردا پارە لە خەڵک وەردەگرن و ئەمانە یاسایان بۆ دەرکراوە و گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت هەیە، مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار دەچێت بۆ ئەم کۆمپانیایانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement