ئێزدییە ئاوارەکان بۆ قوتی رۆژانەیان لە پشووەکانیشدا کار دهكهن
04:28 - 03/08/2020
"زەمەن"
شەش ساڵ بەسەر کارەساتی ئێزدییەکاندا تێپەڕ دەکات، زۆرێکیان ئاوارەی
شارەکانی تری ههرێمی كوردستان و عێڕاق بوون، بەڵام ئێستا زۆربەیان بۆ
بژێوی و قوتی رۆژانەیان ناچارن لهرۆژه پشووهكانیشدا کار بکەن.
هاوکاتی تێپەڕینی شەش ساڵ بەسەر کارەساتی کۆمەڵکوژی ئێزدیەکاندا، دوای
ئەوەی کە زۆرێک لە ئێزدیەکان ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بوون، لە ئێستادا
زۆرێکیان بۆ پەیدا کردنی قوتی رۆژانەیان، ناچارن بەردەوام بێ گوێدانە شەو و رۆژ
کار بکەن و هەندێکیان لە رۆژانی جەژنی قورباندا سەرەڕای پشووی فەرمی لە دەزگاکانی
حکوومەتدا، کار دەکەن.
کارگەی دروست کردنی گازی ئۆکسجین کە پێویستییەکی سەرەکییە بۆ نەخۆشخانەکانی
سلێمانی و هەولێر بەتایبەت ئەوانەی توشبووانی کۆرۆنایان لەخۆگرتووە، لەرۆژانی جەژندا
بەردەوامن لەکار کردن و خزمەت کردن بەهاوڵاتیان.
ئەوەی جێی سەرنجە لە کارگەکەدا چەندین کرێکاری ئێزدی بێ گوێدانە پشووی
فەرمی، بەمەبەستی دابین کردنی قوتی رۆژانە و بژێوی ژیانیان، دوای ئاوارەبوونیان لە
شنگال و دەوروبەری، ناچارن لەبەر بژێوی ژیانیان، بەردەوام بێ گوێدانە سەرماو گەرما،
پشووەکان، رۆژانی جەژن کار بکەن.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوەبەری کارگەی دروستکردنی ئۆکسجینی
تەندروستی، شۆرش بەهجەت کابان ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کرێکارە ئێزدیانە سەر بە بەرێوەبەرایەتیەکەیان
نین، بەڵکو تایبەت بەو کۆمپانیایەن کە کاری گواستنەوە و پاککردنەوەی بتڵە ئۆکسجینەکانیان
بۆ دەکات و ناچارن بە رۆژانی جەژنیشدا کار بکەن بە گەرما و سەرما، ئەویش بۆ پەیدا
کردنی بژێوی ژیانیان.
شۆڕش بەهجەت کابان دەڵێت، "ئێمە خۆمان وەک کارگەی دروست کردنی ئۆکسجینی
تەندروستیی ٦ کارمەندمان هەیە بۆیە لە رۆژانی جەژندا کارمەندەکانمان نەیانتوانی
پشوو وەرگرن، هاوشانی ئەوە چەند کارمەندێکی تر کە سەر بە کۆمپانیای گواستنەوە و
پاککردنەوەی بتڵە ئۆکسجینەکانن ئەوانیش هاوشانی ئێمە کار دەکەن و لەهەوڵی دابین
کردنی ئۆکسجینی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆناین".
شەهاب ئەحمەد ١٩ ساڵ کە ٦ ساڵە شەنگالی بەجێهێشتووەو کەسوکاریان
ناچار بوون لە کەمپی تایبەت بە ئاوارەکانی کەبەرتوو لەپارێزگای دهۆک نیشتەجێ بن،
ئاماژە بەوە دەکات کە لەپێناو بژێوی ژیاندا هاتۆتە سلێمانی و رۆژانە بێگوێدانە سەرمای
زستان، گەرمای هاوین، پشووی جەژنەکان، کار بکات تاکو خێزانەکەی بەخێو بکات.
شەهاب ئهحمهد دەڵێت، "من شەش ساڵ لەمەوبەر ناچاربووم کە لەگەڵ
کەسوکارەکەم شنگال بەجێبهێڵین، دوای ئەوەی کە داعش هێرشی کردە سەر ناوچەکەمان، چەندین
کەسوکاری خۆم لە ماڵی خاڵ و پورەکانم تێداچوون لەو هێرشەداو بێسەروشوێن بوون، دوای
ئەوە لە کەمپی کەبەرتو لە نزیک دهۆک نیشتەجێ بوون".
شەهاب ئەوکاتە کە تەمەنی تەنیا ١٣ ساڵ بووە، نازانێت کە چی روو دەدات
لە گوندەکەیان، تەنیا ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەیدا ناچار دەبێت بۆ رزگار کردنی گیانی خۆیان
هەڵبێن و لە کەمپێکی ئاوارەکان نیشتەجێ بن.
شەهاب بۆ پەیدا کردنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانی دوای ئەوەی کە هەست دەکات
پێویستیان بە پارە دەبێت بۆ بژێوی ژیانیان روودەکاتە سلێمانی و ئێستا لە کۆمپانیایەکی
گواستنەوەی بتڵی گازی ئۆکسجین کار دەکات.
ئەو بەمەبەستی دابین کردنی بتڵە گازە ئۆکسجینیەکان بۆ نەخۆشخانەکانی
تایبەت بە کۆرۆنا رۆژانە کار دەکات و مانگانە تەنیا ٤٠٠ هەزار دینار وەردەگرێت و
برێکی زۆر لەو موچەیەی بۆ کەسوکارەکەی دەنێرێتەوە لە کەمپ، ئەوەی تریش بۆ ژیانی رۆژانەی
خۆی خەرج دەکات.
شەهاب دەڵێت، "من لەگەڵ دوو هاوڕێی تری ئێزدیدا بەردەوامین لەکار
کردن و لێرە لە خانووەیەکی کۆمپانیادا دەمێنینەوە و بەردەوامین لەکار کردن حەزدەکەم
رۆژێک بچمەوە بۆ شنگال بە ئاوەدانی".
شەهاب ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر حەز دەکات بگەڕێتەوە بۆ شنگال و گوندەکەی
خۆیان بەڵام بەهۆی بێخزمەتی و ترسی بەردەوامیان لەهێرش کردنە سەریان لە شنگال،
ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.