کوردستان

سێى ئاب؛ چیرۆکی ئازارێکی بێ کۆتایی ئێزدییەکان

09:12 - 03/08/2020 130 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

بەرەبەیانى سێی ئابی ساڵی ٢٠١٤ بەبێ ڕووبەڕووبونەوەیەکی گەورە، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، دانيشتوانى شەنگال و گوندەکانی دەوروبەری کە زۆرینەیان کەمایەتییەکی نەتەوە کوردی ئێزدی بوون کەوتنەبەر ڕقی یەکێک لە دڕندەترین و بێبەزەیترین هێزی مێژووی مرۆڤایەتی، داعش.


بەیانییەکی زووی ئەو ڕۆژە، هیچ کەسێک هاوڵاتیانی شەنگالی ئاگادار نەکردبوویەوە، بەڵام بەرپرسانی شارەکە هەموویان هەڵهاتن و بەبێ ڕووبەڕووبونەوەیەکی بەرچاو شارەکە ڕادەستی داعش کرا.

 لەرۆژەکانى سەرەتاى پەلامارەکەدا داعش هەموو رێگاکانى دەربازبوونیان بەڕووى خەڵکەکەدا داخست ئەمەش واى کرد، ئەو خەڵکە ناچارى ئەوەبن وەک چۆن لە مێژودا هەمیشە پەنایان بردوەتە بەر چیاى شەنگال دیسان ئەوە دوبارە بکەنەوە و دەیان هەزاریان روویانکردە ئەو چیایە، لە رۆژانى 3-4-5/8- 2014 چەندین منداڵ و خەڵکى بەتەمەن و ژنى دووگیان لەتینوان و لەگەرما مردن، ئەمەش واى کرد سەرنجى کامێراکانى دنیا بەلاى خۆیدا رابکێشێ.

هەروەها هاوار و چاوە پڕفرمێسکەکانی  ڤیان دەخیلى پارلەمانتارى  ئێزدى لە رۆژى 5-8 -2014ى ناو پارلەمانی عێراق، ئەو سکاڵاو گریانە لە میدیاکانى دنیا بەرادەیەک دەنگى دایەوە، تا ئەوەى ئۆباماى سەرۆکى ئەمەریکا بڵێ ئێمە بەدەنگتانەوە دێن.

بەهۆی هێرشەكەی داعشەوە تەنها 25%ی دانیشتوانی شەنگال و ناوچەكانی دەوربەری توانیان هەڵبێن، بەڵام ئەوانیش پەنایان بردە بەر چیای شەنگال و بۆ ماوەی چەندین رۆژ بەبێ نان و ئاو مانەوەو حكومەتیش نەیتوانی بە هانایانەوە بچێت. بە هۆیەوە بەشێكیان لە برسیەتی و تیونیەتی گیانیان لەدەستدا.

لە چیای شەنگال چی ڕوویدا؟
بەیانی ئەو ڕۆژە نزیکەى 400 هەزار ئێزدى ئاوارەو دەربەدەربوون بۆ چیاى شەنگال، ناوچە ئارامەکانى هەرێم  وەک دهۆک و زاخۆو شوێنەکانى تر، رۆژئاواى کوردستان، باکورى کوردستان، ئەوە جگە لە بێسەرو شوێن بوونى زیاتر لە 5000 هاوڵاتى و شەهید بوونى زیاتر لە 3000 هاوڵاتى ئێزدى.

لە ڕۆژانی سەرەتادا، کوردانی ئێزدی پەنایان بۆ چیای شەنگال برد و دوای (10) رۆژ مانەوە، بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانانی یەپەگە، توانرا رێگەی دەربازبون بۆ ئەو هاوڵاتیانە بکرێتەوە و بەشێکی زۆریان دوای گەیاندنیان بە رۆژئاوای کوردستان و بەشێکیان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکاوە گەیندرانەوە باشوری کوردستان و لە کامپی خانکێ لە دهۆک نیشتەجێکراون.

لە چەند رۆژی یەکەمی روداوەکەدا، نەتوانرا هیچ هاوکارییەک پێشکەش بە ئێزیدییەکان بکرێت لەسەر چیای شەنگال، ئەوەش بەهۆی گەمارۆدانی لەلایەن داعشەوە، دواتر فڕۆکەیەکی ئەمەریکی توانی کۆمەک و هاوکاری بۆ ئەو هاوڵاتیانە فڕێبداتە خوارەوە.

بەشێکی دیکە لە کوردانی ئێزیدی رویان لە رۆژئاوای کوردستان کرد کە ژمارەیان لە (10) هەزار کەس نزیک دەبێتەوە، تائێستاش ژمارەیەکیان لە کەمپی نەورۆز لە نزیک شاری دێرکی سەر بە کانتۆنی جزیرە ژیان بەسەر دەبەن.

شەنگال.. داگیرکاری دوای داگیرکاری
شەنگال، لەروی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌و نزیکەی (120) کیلۆمەتر لەناوەندی شاری موسڵه‌وه‌ دورەو بە دوەم گەورەترین قەزای عێراق دادەنرێت، دانیشتوانەکەی زیاتر لە (200) هەزار کەس دەبێت شەنگال لە ساڵی (1075)ی زاینیدا ژمارە‌ی‌ دانیشتوانە‌کە‌ی‌ زیاتر لە‌ (30) ھە‌زار کە‌س بوە، لە ساڵی (1394) ژمارە‌ی‌ خانوە‌کانی‌ زیاتر لە‌ (35) ھە‌زار بوە.

شەنگال چەند جارێک داگیرکراوە، یەکەم داگیرکاریش لە کاتی هاتنی تەیموری لەنگ بۆ شەنگال بووە کە (35) هەزار خانوی ناوچەکەی روخاندوە و ناوچەکەی بە تەواوەتی لەگەڵ زەویدا تەخت کردوە، هەروەها عوسمانیەکانیش لە ساڵی (1516)دا هاوشێوەی شارو شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان، شەنگالیان داگیرکردوە بەوەش قەزاکە بۆتە‌ مە‌یدانی‌ ململانێ و بەیەکدادانی نێوان عوسمانیەکان و سە‌فە‌وییە‌کان.

لەگەڵ ئەوەی لیژنەیەكی تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە لەو تاوانە پێكهێنراو لەماوەی شەش مانگدا لێكۆڵینەوە لە گەڵ دەیان بەرپرسی حیزبی‌ و سەربازی‌ و هاوڵاتی رزگاربوی ئەو شاڵاوە كرا، سەرەڕای تێپەڕبونی شه‌ش ساڵ بەسەر كەوتنی شەنگال‌ و پێكهێنانی لیژنە بۆ لێكۆڵینەوە لە هەڵاتنی هەزاران پێشمەرگە و زێرەڤانی‌ و چەكداری حیزبی بەبێ‌ هیچ بەرەنگاربونەوەیەك، هێشتا هیچ بەرپرسێكی حیزبی‌ و پلەدارێكی سەربازی لەسەر ئەو پرسە سزا نەدراوە.

کۆنترۆڵ کردنەوەی شەنگال
رۆژی 11ی تشرینی دوەمی ساڵی 2015ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵ کردنەوەی قەزای شەنگال لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەهاوکاری فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان و بەشداری شەڕڤانانی یەبەشە و یەپەگە و گەریلاکانی هەپەگە دەستی پێکرد.

کۆنتڕۆڵکردنی قەزاکە دوو ڕۆژی خایەند و ڕۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ کۆتایی بە دەسەڵاتی چەکدارانی داعش هات، بەڵام قوربانیدانی ئێزدییەکان کۆتایی نەهات و ئێستاشی بەسەرەوە بێت چارەنوسی چەندین ژنی ئێزدی بە نادیاری ماوەتەوە وبەشێکیشیان هێشتا لای ئەو چەکدارە کەمانە ماونەتەوە کە شەڕی پارتیزانی دەکەن.

ئاماری قوربانییەکان
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی نوسینگەی رزگارکردنی رفێندراوەکانی ئێزیدی بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بوون 360000 کەس شەهیدبوون.

 لەسەرەتای شەڕەکە 1293 منداڵ بێ سەرپەرشت بوون و لە 80 شوێنی قەزای شنگاڵ گۆڕی بەکۆمەڵیان دۆزراوەتەوە 68 مەزاری ئاینیان تەقێندراوەتەوە ژمارەی ئەو کەسانەی ئاوارەی دەرەوەی عێراق بوونە بە 100000 کەس دەخەملێندرێت ژمارەی رفێندراوەکان 6417 کچ 3548 کوڕ بوون، تا ئێستا لە 3509 کەس، ١١٩٢ پیاو و ١٠٣٢ منداڵی کچ و ٩٤٧ منداڵی کوڕ ڕزگارکراون، هێشتاش ٢٩٠٨ کەس ڕزگار نەکراون کە ١٣٢٣ کوڕ و ١٥٨٥ کچی ئێزدین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement