سەدرەدین عارفی چیرۆکنووس و وەرگێر کۆچی دوایی کرد
12:14 - 02/08/2020
چیرۆکنووس و وەرگێڕ و هونەرمەندی شێوەکاری کورد، سەدرەدین عارف پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
سەدرەدین عارف، یەکێک بوو لە نوێخوازانی چیرۆکی کوردیی لە ناوەڕاستی شەستەکاندا لە کەرکوک. وەرگێڕێکی بەسەلیقەی ئەدەبیات بوو. چەندین شاکاری ئەدەبی لە ئینگلزییەوە کردبوویە کوردیی. بەرهەمی کەم، بەڵام بەرهەمەکانی ناوازەبوون. زیاتر لە بیست ساڵ، لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم وەک پسپۆڕی بواری هەڵسەنگاندنی کتێب و وەرگێران کاری دەکرد.
بەدەر لە وەرگێڕان و چیرۆکنووسین. هونەرمەندێکی شێوەکاری بە سەلیقەش بوو، لە ژیانی ئەدەبیدا، بە بێدەنگی ژیا و کەم تێکەڵاوی نێوەندی ئەدەبی و ڕوناکبیریی دەبوو. ماوەی چەند ساڵێک بوو، بە نەخۆشی کوشندە گیرۆدە بوو. دوێنێ شەو بە یەکجار لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.