510 عیراق

كۆمسیۆن به‌مه‌رج ئاماده‌ی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت راگه‌یاند

04:57 - 01/08/2020

"زەمەن"

كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق رایگه‌یاند، ئاماده‌ن رۆژى 6ى حوزه‌یرانى ساڵی داهاتوو، وه‌ك ئه‌وه‌ى مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دیاریكردووه‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ به‌ڕێوه‌به‌رن، به‌ڵام به‌ كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رج.

كه‌مێك پێش ئێستا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق راگەیەندراوێكی لە بارەی داواكاری مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ دیاریكردنی رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەوه‌ بڵاوكردەوە.

به‌گوێره‌ی راگەیەندراوەكەی كۆمسیۆن، ئامادەن بۆ سازدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا كە سەرۆك وەزیران دیاریكردووە، بەڵام بەم كۆمه‌ڵێك پێش مەرج.

راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی كۆمسیۆن ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یاسای هەڵبژاردنەكان لە زوترین واده‌دا  تەواو بكات‌و لە بڵاوكراوەی فەرمیدا په‌خشی بكات بەوپێیەی چوارچێوەی یاسایی پرۆسەی هەڵبژاردنةكانة.


هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان بۆ پێشمه‌رجێكی تر كردووه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دەقی بەدیل بۆ ماددەی (3)ی فەرمانی ژمارەی (30)ی ساڵی 2005 پەسەند بكات بۆ تەواوكردنی نیسابی دادگای باڵای فیدراڵی كە تاكە لایەنی سەرپشككراوی یاساییە بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی فیدراڵی بودجەی هەڵبژاردن و ئەو پێداویستیانە ئامادە بكات كە پێشتر كۆمسیۆن داوای لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كردووە كە بوونیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی كۆمسیۆن هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراویدا ئەنجام بدات.

له‌كۆتایشدا ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی ئه‌وه‌شیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ كۆمسیۆن پابەندبوونی تەواوەتی خۆی رادەگەیەنێت بە ئەنجامدانی ئەركی دەستوری خۆی بەشێوەیەكی دڵسۆزانە دوای جێبەجێكردنی ئەوەی لە سەرەوە باسكراوە، بەڵێن بە رۆڵەكانی گەلی عێراق دەدەین دەنگەكانیان بخەینە ئاستی ئەمانەتی یاسایی‌و ئەخلاقیدایی بە ئەنجامدانی پرۆسەیەكی هەڵبژاردن بە شێوه‌یه‌كی شەفاف و دادپه‌روه‌رو دیموكراسی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن