557 دیمانە

"کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مەسعود بارزانی بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی کێشەکان زەرور بوو"

07:06 - 24/07/2020


زه‌مه‌ن-هه‌ولێر


سه‌باره‌ت به‌ دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی، ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی سازكراوه‌.


چەند رۆژێکە نیگەرانییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەریان هەڵداوتەوە و باس لە بەشداریی نەکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکرێت، لەمبارەیەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو لایەنێکی سیاسیی نیگەرانی خۆی دەبێت بەهۆی ئەوەی کە کۆمەڵێک کێشە و گرفت هەیە کە پێویستییان بەچارەسەرکردن هەیە.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتی: "هیچ لایەنێکی سیاسیی نییە لە هەرێم، عێراق و وڵاتانی دیکەیش نیگەرانیی نەبێت، ئابووری هەرێم ئیعتیماد لەسەر نەوت دەکات، نرخی نەوت لەبەر دۆخی کۆرۆنا لە ١٠٠ دۆلار دابەزیووە بۆ ٢٠ دۆلار کە ئەمە ئەزمەیەکی مالی دروست کردووە، هەروەها ئێمە موکەلەفین کە سەری مانگ مووچەی خەڵک بدەین، کەموکوڕیەک لەو میزانییە هەیە کە بۆ مووچەی خەڵک تەرخان دەکرێت، لەگەڵ عێراق کێشەیەکمان هەیە لەسەر ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە نێوانمان پێنج تا شەش کیلۆمەترە و تیرۆر لەوێ هاتوچۆ دەکات، گرووپەکانی سەربە داعش زیندووبوونەتەوە، هەڵسوکەوتی حەشدی شەعبی لە هەندێک ناوچە، بۆیە ئەگەر لە حاڵەتێکی وا نیگەران نەبین، ئەی کەی نیگەران بین".

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی: "بە دڵنیایی-یەوە جۆرێک لە گرژی هەبووە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی کە کۆبوونەوە پێویستەکان دوابخرێت، هەندێک لە هەڵوێستەکانی پارتی نائیجابی بوون بەرامبەر بە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی، ئەمانە هەمووی پێویستی بە بەدواداچوونە، کۆبوونەوەی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ (مەسعود) بارزانی زەرور بوو بۆ دەستپێکی کردنەوەی هەندێک گرێ کوێرە کە رێگربوون لە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکان و پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی کورتدا کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام هیچ کاتێک دیاریی نەکراوە".

سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەیش کرد کە هەموولایەک نیگەرانن لەم دۆخەی هاتووەتە پێش و پێشی وایە کە باشترە نەوت رادەستی بەغدا بکرێت و لەبەرامبەردا گرەنتی ناردنی میزانییەی هەرێم بکرێت و گوتی: "خیلافاتێکی زۆر هەیە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەموومان لەم دۆخە نیگەرانین، بەڵام هەندێک لە ئێمە پێی وایە چارەسەرکردنی کێشەی دارایی بەجۆرێک دەکرێت، هەندێکی دیکە پێی وایە بە جۆرێکی دیکە دەکرێت، ئێمە پێمان وایە، نەمانتوانیووە مۆفەق بین لە فرۆشتنی نەوت و رادەستی عێراقی بکەین، بەڵام لەبەرامبەردا، عێراق گرەنتی ئەوە بدات کە میزانییەی تەواو بنێرێت و ئەمە کێشەی رۆژانەی خەڵکە، جاری وا هەیە ئەم ناکۆکییانە پەل دەهاوێژێت بۆ ناو حکوومەت و پەرلەمان و زۆرجار هەبووە گفتوگۆی جیددی هەبووە و ئەکید ئەمە لەنێوان سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی هەیە".


لە دوو هەفتەی رابردوو، پۆستی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پڕکرایەوە و لەبارەی پڕکردنەوەی پۆستەکانی دیکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەناو دامودەزگاکانی حکوومەت سەعدی ئەحمەد پیرە وتی: "کەسەکان ناوزەدکراون و پێموایە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمیش لەسەر پشکی یەکێتیی، کارەکانی تەواوبووە و ئەمانە پەیوەندی بە بابەتێکی رۆتینەوە هەیە و بابەتێکی سیاسیی نییە".

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆتاییدا لەبارەی دید و تێروانینی بۆ ئایندەی ئەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتی: "من بە گەشبینی لەدایک بووم و پێویستە هەراسان نەبین، بۆ هەر کێشەیەکیش چارەسەر هەیە".  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن