کەلتور

ململانێی «خۆخواردنەوە» و «خۆخوێندنەوە» لە شیعری «با ئەو ژیانە بژیت، ناوەوەت بانگی ئەکات»ـی ڕامیار مەحمووددا.

11:03 - 11/07/2020 224 جار خوێندراوەتەوە

پێشەوا کاکەیی    

 سەرەتا، دەمەوێت بڵێم، لەسەر کۆی شیعری «ڕامیار مەحموود» قسە ناکەم، چونکی کاتێکی زیاتر، قووڵبوونەوەیەکی زێدەترمان گەرەکە. شیعری ڕامیار مەحموود، سادەگۆیە؛ بەڵام بیرخوێنە. لێرەدا هەرگیز بە شێوەیەکی گشتی، باس لە شیعرەکانی ڕامیار مەحموود نییە، بەڵکوو لەسەر شیعرێکی ئەو شاعیرەیە.

 شیعر، لەو تێمایانە نییە ڕاست و چەپ هێڵێکی پێدابێنیت و تەواو؛ شیعر خۆی پڕ هێڵە. شیعر، بەوەدا لە فەلسەفە جیا دەکرێتەوە بە مانا بوونگەراییەکەی کە پڕ هێڵە؛ بەڵام هەمیشە ویستویەتی لەگەڵ فەلسەفەدا لە ماڵی بووندا یەک بگرنەوە، ئەگەر یەکێکیان دەرگا بێت، ئەویتر پەنجەرە، ئەوا ویستوویانە سەر و بنی هەردووکیشیان هەر لە مانای بوون بێت.

  لە کتێبی «لەشی ئێمە، کاتژمێری زەمەنە»ـی «ڕامیار مەحموود»دا، لەسەر کۆی ئەو شیعرانە نادوێم، ئەم کتێبە تەنیا دال و مەدلوولێک نییە، هەر دالێک چەند مەدلوولە. کۆی شیعرەکانی ناو ئەو پەڕتووکە، (١٦) شیعرە، من لێرەدا تەنیا شیعرێکی وەردەگرم. شیعر لە شاعیر وەردەگرینەوە و وەک بناغەیەکی بوون تێیدا پرسیار لە بوونیەتی شیعری دەکەین. «با ئەو ژیانە بژیت، ناوەوەت بانگی دەکات» ئەمە ئەو شیعرەیە، کە ناچارمان دەکات و پرسیار لە بوون بکەین. نەک ئێمە ناچار بین شیعرەکە بدوێنین.

 شاعیر، واقیع ناترنجێنێتە ناو خەیاڵ و لە وێنە و مانادا شتێکمان دەست بکەوێت، بەڵکوو ئەو بە پێچەوانەوە خەیاڵ دەترنجێنێتە ناو واقیع کە لە وێنە و مانا زۆر دوور نەکەوینەوە. پێمان بڵێ، بۆ ژیان زۆر دوور مەڕۆ، هەزاران فرسەخ لە نێوان خۆت و ژیان، خۆت و واقیدا نییە؛ بەڵکوو کەمێک لە ڕێی «زمان، بیر، تێڕامان»ـەوە، شۆڕبەرەوە ناو خۆت. ئا لەوێدا؛ «زمان، بیر، واقیع» خۆی ناچارت دەکات بێیتە ناوییەوە. ئەو؛ واقیعگەرا، دەشێ شاعیر خۆشی نەبەسێتەوە بە هیچ چەمکێکەوە، لێرەدا ئێمە لەتەک شیعرداین، نەک شاعیر. (کێشەی سەرەکی خوێندنەوەی شاعیران و ڕەخنەگرانی ئەمڕۆ بۆ شیعری هاوچەرخ، یان ستاییشە، یان لێدانە؛ یان گۆترەکاری بە چوار دێڕ کتێبێک دەداتە بەر تەشتەر.) تا ئێرە، شاعیری ئەم شیعرەی «با ئەو ژیانە بژیت، ناوەوەت بانگی دەکات»ـمان لەگەڵدا بوو. لێرەوە شاعیر لەگەڵماندا نییە، شیعر لەگەڵماندایە. شاعیر لە ڕێی شیعرەوە ناچارمان دەکات بیر بکەینەوە، نەک دابنیشین و بیر لە شیعری بکەینەوە.

     بیرکردنەوە لە دەرەوە بۆ شیعر و بیرکردنەوە لەناو شیعردا بۆ خۆمان، دوو تێمان، کە پێوستی بەرهەمی بوونمانە. ئەم شیعرە، بە جۆرێکی تری «نان و شەراب»ـی هۆڵدەرلین/ هوێلدەرلین، پێمان بیر دەکاتەوە. برسێتی لە هەناوی خودماندا، چی پێ دەجووینەوە بۆ ڕۆژگار؟ ئەم قسەیەم بۆ هاتە سەرەتای بیرکردنەوە لە خۆمان لەناو شیعردا، چۆن ئەم شیعرە، ئەم کلیلەی پێداوین، کە برسێتی چەشنی زۆرە، جووینەوەش زاری زۆرە!

لە سەرەتای ئەم شیعرەدا ئاوها دەدوێت:
«با ئەو ژیانە بژیت،
ناوەوەت بانگی ئەکات
ئەگەرنا،
هەموو ئەڵتەرناتیڤەکان
خراپترن لەوەی تۆ ئەتەوێت.»

     هەر لە سەرەتاوە، ئەم شیعرە بە فکرێکی فەلسەفی-شیعری خۆی دەخزێنێتە ناو بوونمانەوە و پرسیارمان پێ لە بوون دەکات، چەمکی «ژیان» و «ناوەوە» کە ڕەسەنێتیی بوونە، بانگهێشتمان دەکات بۆ جۆری ژیان. ژیان چییە؟ خۆت ئەمەت دەوێت، کە دەتەوێت، یان ئەوەیە کە دەبێت بتەوێت؟ ئەو زەمەنە نوێیە چی لە بوونمان وەردەگرێتەوە و ئێمە چ جورە بوونێک لەو زەمەنەدا دەدۆزینەوە و خۆمانی پێ دەدوێنینەوە. لە هەڵچوون و داچوونداین، یان ئارامین و بە ئارامی دەژین. کەواتە، ڕاشکاو پێمان دەڵێ ئێمە لەناو بوونێکی بێ بوونداین. ئەوەیە کە شیعر چۆن بە جیهانی بوون بکەین، ئەی خۆمان چۆن بە مانای بوون بکەین. ئێمە لە دەرەوەین و لە «ناوەوە» نین. ئەم شیعرە، ناوەوە وەک دوو هاوکێشە بە ڕووی واقیعدا دەداتەوە؛ ناوەوەی یەکەم، ئەوەیە کە ناچار کراوین لەم شیعرەدا، یان بە مانایەکی دی، لەو ژیانەدا دەستبەسەر کراوین، کە چۆن بۆ دەرەوە بڕوانین. ناوەوەی دووەم، ئەوەیە کە ناوەوەمان چی دەوێت؟ یان چۆن لەگەڵ خودی ناوەوەدا بدوێین. هەر بۆیە، بەدوای جێگۆڕکێ لە بوونماندا دەگەڕێ و یاخییانە دژی هەموو ئەو ئایدیانە دەوەستێتەوە، کە تۆ بە ئایدۆلۆژیت کردوون و ناتوانیت بەرەنگاریان ببیتەوە. ئەم شیعرە، ناچارمان دەکات بیر بکەیەنەوە لە بوونمان، لە کوێی بوونداین. لەنێو واقیع بوونێتیمان چ ڕۆڵێکی هەیە. هەر بۆیە بانگهێشتمان دەکات بۆ دوو جۆر لە تێکشکاندن، تێکشکاندنی یەکەم، ئەوەیە لە نێوان دوو ناوەوەکەی دەستەبەسەرکراو و ناوەوەکەی خودی خۆت، یەکێکیان هەڵبژێریت، شەڕ لەگەڵ تاریکیدا بکەیت و خۆت بدەیتەوە بەر ڕووناکی، کە سەرەتات ڕووناکی بوو. تێکشکاندنی دووەم، ئەوەیە خۆت داوەتە دەست واقیعێک کە ناوەوەتی دەستبەسەر کردووە و ڕازیشیت بەوەی ئەو ئایدیۆلۆژییانە، (هەڵبەت لێرەدا مەبەسەتمان لە بە ئایدیۆلۆژیکردنی حیزبە، کە دەوری تاکی داوە و ژیانی دەستبەسەر کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی حیزبیی کوردیدا، چۆن شاعیری ئەم شیعرە، هەم لەو زەمەنەدا دەژی و هەمیش کوردێکە، لەم هەرێمەی کوردستانەدا دەژی.) ژیانی ناوەوەیان خراپ کردووین. لەم کۆپلەیە، داوای یاخیبوونمان لێ دەکات، لە ڕێی فکر و تێڕامانەوە، پێش ئەوەی ببینە شۆڕشگێڕ. پێش ئەوەی هەڵچوون و داچوونمان هەبێت. ئەوەتا لە کۆپلەیەکی تردا، بانگهێشتمان دەکات بۆ ناوەوە کە چۆن کەڵکی لێ وەربگرین، دەبێژێت:

«سەردەمێکە مرۆڤ بەختی ئەوەی هەیە
پەنگ بخواتەوە؛
ئەمە لە هاوارکردنی بێسوود بەکەڵکترە.»

     لە کۆپلەی دووەمی ئەم شیعرەدا، جیهانبینییەکمان دەست دەکەوێت بۆ کولتووری کوردستان، کە مرۆڤ لەم کوردستانە دەتوانێت لە ناوەوەی جیهاندا بێت؟ دەیەوێت بڵێت مرۆڤ لە ڕێی ناوەوەی دەتوانێت بگاتە کەشکەڵان. مرۆڤ سوود لەم ئەزموونەی ناوەوەی خۆی نەبینیوە، کە ئەم پەنگخواردنەوەیە لە ناوەوەی دووەمە، کە لە سەرەوە باسمان کرد. مرۆڤ «خۆی دەخواتەوە،» نەک «خۆی بخوێنێتەوە.» پێمان دەڵێ، لەم هاتوهاوارانە بە ئەزموونترە کە لە ڕێی ناوەوە خۆت بخوێنیتەوە، کە ئاماژەیە بۆ کۆپلەکانی دواتر. مرۆڤ ڕستەیەکی درێژە لە هەر وشەیەکدا مانای «بیر و جووڵە و هێز»ێکی تری هەیە. ئەو؛ درکی بە شۆڕش کردووە کە لە کوێی مێژوودایە، نەک مێژوو لە کوێی شۆڕشدایە. سەردەمەکە، سەردەمی «خۆخواردنەوەیە،» نەک «خۆخوێندنەوە؛» بەڵام، ئەم شیعرە تێدا وەها ناچارمان دەکات شەڕ لەگەڵ هێزی ئەم وشەیە بکەین، کە خۆ بخۆینەوە یان خۆ بخوێنینەوە. ئەم شیعرە، باس لە نێوان دوو جیهاندا دەکات، بە دیدی منی خوێنەر، سەردەمی تاریکی و ڕووناکیی تاکی کورد لە بەردەم پڕۆسەی ژیان و سیستەمدا ڕووبەڕوو دەکاتەوە. ئەو؛ لە نائاگایی بێدارمان دەکاتەوە، کە تاکوو ئێستاکە نەمانتوانیوە سوود لە مێژوویی خۆمان چ وەک بوونێتی تاک لەنێو جیهاندا چ وەک تاک لەنێو بوونێتیی کورددا، چ وەک لە نێوان ناوەوە و دەرەوەی خۆماندا خۆ بخوێنینەوە، کەواتە لە ژاوەژاوێکداین و هێشتا خۆ دەخۆینەوە لەنێو یەکتردا، نەک ئەوی دیکەی پێ بخوێنینەوە. ئەوەتا لە کۆپلەی سێیەم، ڕاستەخۆ بۆمان ڕوون دەکاتەوە، کە لە چ ژاوەژاوێکداین، ئەم کەفوکوڵەی ئێمە تا کوێ بڕ دەکات. دەبێژێت:

«هەموو داغان بووین؛
کەس ئاگای لە خۆی نییە.
بڕیارمداوە،
لە چۆڵەوانییەکدا جێتان بێهڵم و
ناچارتان بکەم کە بیر بکەنەوە.»

     لێرەدا ڕاستەوخۆ، لەگەڵ ئەوەدا ڕووبەڕوو دەبینەوە، کە هەموو داغان/ سووتان بووین، کە ئاماژەیەکە بۆ سەرەتای لە بیرچوونەوەی ناوەوەی خۆمان. (هەموومان قسه دەکەین، بیر دەکەینەوە، بڕیار دەدەین، چاکی دەکەین، دەیڕووخێنین، گەندەڵ دیاری دەکەین، چاکەکار دیاری دەکەین، هتد...) کەچی ڕاستەوخۆ خۆشمان لەناو هەمان بازنەدا دەخولێینەوە. کەس ئاگای لەوی دیکە نییە بە مانا بوونێتییەکە، بەڵام هەموومان ئاگامان لێیە لە کوێی جووڵەداین. پرسیاری جووڵە و بیر دێتە پێشەوە، کە ئەویش ئەوەیە، لە ڕێی جووڵەوە بیری یەکتر دەخوێنینەوە، نەک لە ڕێی بیرەوە جووڵەی یەکتر بخوێنینەوە. هەر بۆیە شاعیری ئەم شیعرە، وەک بکەرێک دێتەوە ناو خوان و بڕیار دەدا، دەسبەرداری «جووڵە و بیر»مان بێت، کە لەناو بازنەیەکدا دێین و دەچین، نەخۆش و بۆڵەبۆڵمانە. ئەو؛ بە مانایەکی دی، پێمان دەڵێ، دەبێت لە بۆڵەبۆڵتان بکەوێنم. یەکەم پەیامی ئاگادارکرنەوەی «نەخۆشی لەبیرچوونەوە»مان، وەک دەستەکۆیی لەنێو ڕووبەری گشتییدا بە گوێماندا دەدات. ئەو؛ سەرەتا لە ڕێی فکری- شیعری بوونێتیمان دەدوێنێ، دواتر وردە وردە دێتە نێو فکری سیاسی و تێڕوانیمان بۆ نیشتمان و شۆڕش و بەرگری لە ئێستادا. ئەو؛ پێمان دەڵێ، لەدوای ڕاپەڕینەوە هەتاکوو ئێستاکە، هەر ئەم چۆڵەوانییەیە کە دەروێش و ئایدیۆلۆژیستەکانی حیزب پێیان وایە ئەم هەرێمە پاش خێڵە و بەرەو ئاقاری مۆدێرنێتە هەنگاوی ناوە. ئەو؛ لەو ئەزموونە چۆڵەوانییەدا جێمان دەهێڵێ تا بیر بکەینەوە کە بۆچی بیر ناکەینەوە. ئەوەتا لێرەدا ئەم شیعرە ڕاستەوخۆ وەک یەکەم کردەی لێدان، لە جووڵە، بیر، پەنگخواردنەوە دەدات. یان جووڵەیەکین لە ڕۆبۆتدا یان بیرێکی دەستەمۆین، یان ئەوەتا ناچارمان دەکات کە لە نێوان «خۆخواردنەوە و خۆخوێدنەوە»دا، دەرگیر نەبین و ڕێی ناوەوەمان هەڵبژێرین. ئەم شیعرە، بە دەستی سەنعەتکارێک چنراوە، کە ئاگاییانە، لە بێئاگاییمان دەدوێ، لە قۆناغی سێیەمدا ناچارمان دەکان بیر لە قۆناغی داهاتوومان بکەینەوە. لە کۆپلەی چوارەمدا، دەبێژێت:

«بیرکردنەوە...
ئەوکاتە دەست پێ دەکات،
ئەوسەری هەموو شتێک، دیار نەبێت.»

     ئەوەیە بناغەی شیعری هاوچەرخ، لەگەڵ دۆخی خۆیدا، لەگەڵ زەمەنی خۆیدا، کەرەستە و زمان و بیر ناچار بکات، وەک خۆی خۆی دەرببڕێت، نەک پێی دەرببڕدرێت. ئەو؛ پێمان دەڵێ ئەوکاتە هێزی بیر دەدۆزینەوە، کە لە تاریکیدا دەست لە ڕۆشنایی بدەین، بێ ئەوەی بەر ڕۆشنایی بکەوین. شیعر ئەوەیە، لە تاریکیدا بیر لە ڕۆشنایی بکاتەوە، نەک تاریکی بجووێتەوە. ئەو؛ لە تاریکی دەدوێ، بەڵام ڕێی ڕۆشنایی بەر باس دەدات. گرفتی شاعیر نییە دنیات بۆ ئاوەدان بکاتەوە. لە ڕێی شیعرەوە، نە سیستەم وێران دەبێ، نە کورسی دەلەقێ، چۆن سیستەم و کورسی، بە دەروێشبوون کراوە. ئەم شیعرە دەیەوێ پێمان بڵێ، سەرەتا کۆت و بەندی خۆتان بشکێنن، خۆتان لە ناوەوە، بیر بکەنەوە. کە بەرهەمی بێ بیرکردنەوە لە جووڵەخستنە. هەر لەبەر ئەویە، کە پێی وایە، هیچ ئاسۆیەک نییە. ئەو؛ بیرکردنەوە لە سیستەم وەهای وێنا دەکات، کە چۆن لە ناوەوە دەستبەسەرکراوی ئەو سیستەمەن. بە مانایەکی تر، غەڵبەغەڵب دەکەین لەنێو سیستەمدا. ئەوەتا لە کۆپلەی پێنجەمدا، ڕێک باس لەم ئەزموونە دەکات، کە نامانەوێت لە غەڵبەغەڵب بێینە دەرەوە. ئاوها دەبێژێت:

«ئێمە لە سەردەمێکدا ئەژین، ناتوانین بیر بکەینەوە،
ئەگەر شاعیر نەبین؛
لەگەڵ ئەوەشدا...
لە شیعردا تەنها بیرکردنەوە
خاڵاێکی مێژوویی نییە
لە سەری خول بخوات.»

     لێرە، ئەم شیعرە گرێدراوە بە دۆخی واقیعەوە. کە سەردەمی تاریکییە لە زەمەنێکی تردا. بیر نەکردنەوە خودی تاریکییەکەیە. «ئەگەر شاعیر نەبین» لێرەدا چاوی شاعیر وەک دەروونشیکارێک و وەک کۆمەڵناسێک هەم لە ناوەوەی خۆی و هەمیش پێی لە دەوروبەری خۆی دەڕوانێت. لێرەدا هیگڵ وتەنی، دەیەوێ پێمان بڵێ «تەنیا شتێک کە لە مێژوو فێربووم، ئەوەیە کە هیچ لە مێژوو فێرنەبووم.» چۆن پێی وایە، بە تەنیا بیرکردنەوە خاڵی وەچەرخانی مێژوو نییە، ئەگەر نەچینە ناو خودی مێژووەوە. دەبێت خۆمان مێژوو وەچەرخێنین، دەبێت ئێمە لە سەری مێژوودا خول بخۆین، نەک مێژوو لە سەری ئێمە خول بخوات. ئەگەرچی شاعیر دێنێتە ناو خوانەوە، دیسانەوە، نائامادەیی شاعیر دەخاتە بەر نەشتەری مێژووەوە.

     لە کۆپلەی شەشەمی ئەم شیعرەدا، باس لە گەورەبوونی خودێتیی شاعیر وەک تاکێک لەنێو ڕووبەری گشتیدا دەکرێت، بەو پێودانگەی کە گەورەبووین، گەورەبووین لەگەڵ ڕووداوەکانی ناو «مێژوو، جوگرافیا: وەک شوێن و جێ، کات، بکەر» لێرەدا بەر نەشتەری ئەو شیعرە دەکەوین، کە دەبێژێت:

«ئێستا نەختێک گەورە بوومە؛
دەربڕینی هەندێک هەست، بە شایستە نازانم.
دەرفەتەکە زۆر نییە،
بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەکانی غەمگینی.
هەندێک جار باوەشێنێکی شاد پێویستە،
بۆ ئەندازەکردنی ئەم ناخۆشییە.»

     ئەو؛ خۆشی درک بەوە دەکات کە لەناو ڕووداوەکاندایە وەک شاعیرێک، ئەو هەستەی پێ هەزم ناکرێت کە دەزانێت لە ڕێی شیعرەوە ناتوانێت گەورەبوونی خودێتی وەک گەورەبوونێک وێنا بکات، کە هەڵگەرانەوەی مێژوو بە ئاقاری بیر کردنەوەدا بڕوات. دەرفەتەکە بە دوورمەودا نازانێت چۆن لەنێو خودی کاتداین نەک لە دەرەوەی کات. لەناو ڕووداوداین نەک لە دەرەوەی ڕووداو، بەڵام نائومێدە لەوەی خودی ڕووداو و کات، تاکوو ئێستا نەیتوانیوە بمانخاتە سەر ئەوەی مێژوو وەچەرخێنین، هێشتا هەر لەنێو مێژوودا دێین و پات دەبینەوە بێ کردەی مێژوو. لە مێژوو پاتبوونەوەدا، پێمان دەڵێ، لە ئێستادا دەژین، لەدوای ڕاپەڕینەوە، کە مێژووەکەی تا ساتی نووسینی ئەم شیعرە، ۲۷ ساڵە. لەو شیعرەوە، بەر مێژووی شیعری «فایەق بێکەس» دەکەوینەوە، کە لە شیعری «بیستوحەوتساڵە»دا دەڵێ:
بیستوحەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم
بە نان و ئاو و جلوبەرگی خۆم
خزمەتم کردی لە ئێران و ڕۆم
لە پێناوی تۆ شکاوە ئەستۆم
کەچی هێشتا هەر دیل و ڕەنجەڕۆم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟!
بۆچی بە ناهەق وا سووکت کردم؟!
(فایەق بێکەس، شیعری ”بیستوحەوت ساڵە!“ ۱۹٤٦.)

     ئەم شیعرە پێمان دەڵێ، زۆر مەڕوانە و زۆر دوور مەکەوە لە مێژوو، خۆت ئێستاکە لە مێژووییەکی تاڵدایت، کە ئاکامەکانی شادیی و غەمگینیی ئەم کارەکتەرانەی ناو ڕووداوی سیاسیی لە مێژووی کوردستانی باشووردا، بەرهەمیان هێناوەتەوە.
لە کۆپلەی حەوتەمی ئەو شیعرەدا، دەبێژێت:

«خۆشترین شت ئیشە!
کاتێک کە کارت نییە و بێکاریت،
کارکردن دووەم هەڵەی مێتافیزیکییە، مرۆڤ دۆزیویەتییەوە
ئەگەر هەڵە نەبم، ئەمە یەکێکە لە دۆزینەوەکانی مارکس.
ئەبێت بۆڕۆین،
ئەبێت زمانمان بڕوا
ئەم ڕۆشتنە، شۆڕشە.
کە بە هەلومەرجی وەستاو گەمارۆ دراویت.»

     لێرەوە خەسڵەتی ئەم شیعرە، بە دەر دەکەوێ، کە پێشتر لە کۆپلەی چوارەمدا، ئاسۆکانی بیرکردنەوە دیار نەبوون. چۆن خودی ڕاستی ئەوە بوو، کە هێشتا بیرمان نەکردبۆوە. لێرەدا، بەر ئەو تەنە شیعرە ڕیالیزمییە دەکەوین، کە ئەو شیعرە لێمانی دەوێت، بە شێوەیەکی سەرسڕمان دەرکەوتەکانی ئیش/ کار بزانین، خۆشی ئیش وەک دەسکەوتێکی واقیع بۆ کردەی ڕۆژانە دێنێتە ناو شیعرەوە. لێرەوە مارکسانە بۆ ئیش پێمان دەڕوانێت. ڕەخنە له کارەکتەرەکانی نمایشی سیاسەتبازان دەگرێت، کە له ڕێی هەلی کارەوە، لە بێکاری دەدات. بێکاری وەک دەردێک وەک کوشندەیەک وێنا دەکات، کە ڕیالیزمانە دێتە ناو مێژووە و سوریالیزمانە باسی مێتافیزیکا دەکات. کارکردن وەک دووەم هەڵە وێنای دەکات، کە هەڵەی یەکەم دیار نییە، دەشێت لەم بێکارییەدا خودی هەڵەی یەکەم مرۆڤ و بەرهەمهێناوەی مرۆڤ بێت. مرۆڤ وەک هەڵەی یەکەم، هەڵەی دووەم بەرهەم دەهێنێت. بۆیە لێرەوە ئەم شیعرە پێمان دەڵێت چیدی بێکاری بەرهەمی عاریف و شاعیر و سۆفیی نییە، بەڵکوو ڕووبەرەکە هەموومانی تەنیوە. پێمان دەڵێ مرۆڤ بۆ ئەوەی هەڵەی یەکەمی بیرچێتەوە، دەبێت سەرقاڵ بێت بە کارەوە. کاتێک مرۆڤ بێکار دەبێت، نەخۆش دەکەوێت، ناچالاک و بێ بیر و جووڵە دەبێت. لێرەوە، باس لە دیار و نادیار، هەڵچوون و داچوون، خۆخواردنەوە و خۆخوێدنەوەمان دەکات، کە دەبێت دەرچین و بیر بکەینەوە لە ڕێی زمانەوە، گفتوگۆ دەرهاویشە و کارلێکی دیکەی هەبێت. تا زمان نەدوێ، جارێکی دی شۆڕش لە دایک نابێتەوە. بە واتایەکی دی، لە ڕێی «بیر، زمان»ـەوە، شۆڕشێکی ساختە هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەم شۆڕشەی کە هاتووە دەبێت بڕوا، پێی وایە کە بارودۆخی نێودەوڵەتی و چینی سەرمایەدار پایەکانی شۆڕشگێڕانی دوێنێی بێ «بیر، زمان» ڕاگرتووە. ئەم شیعرە، زۆر ئاگاییانە باسی شۆڕشمان بۆ دەکات کە شۆڕشی بێ بیر، هەمان شۆڕش بە دەموچاوێکی تر دێتەوە ناو زمان. ئێمە لە ڕێی ئەو شیعرەوە تێ دەگەین، کە «بیر، زمان، جووڵە» وەستێنراوە. باسی خەیاڵ لە گۆڕێ نییە، باسی خود لە گۆڕێیە کە لە کوێ و لە چ ئێستایەکداین.

     ئەوەتا لە کۆپلەی هەشتەمدا، بۆمان لە شۆڕشێک دەدوێ، کە شۆڕش نەبووە، بۆیە شاعیر باس لەو پەیوەندییە دەکات یان بەدوای ئەو پەیوەندییەدا دەگەڕێت کە لە ناوەوەیە نەک لە دەرەوەیە. چۆن زۆر ڕاستگۆیانە، بەشداری لە شۆڕشێک ناکات و هانی کەس نادات، تا نەزانێ چیت لە شۆڕش دەوێ. بە واتەیەکی تر، نایهەوێت پێیەکانت بە زەوییەوە گیر بێت و سەرت لە هەوادا بجووڵێ، بەڵکوو دەیەوێ سەرت لە زەویدا گیر بێ و زەوی لەژێرتدا بجووڵێ و بڕوا. چۆن باس لە ئاورێک دەکات کە لە ناوەوەیە نەک لە دەرەوە، ئەوها دەبێژێت:

«ڕەوتی ڕووداوەکان بەو شێوەیە نین بەدڵی تۆ بن.
من گڕ بەرنادەمە کەس،
بۆ ئەوانە ئەگەڕێم کە خۆیان ئاگرن.
من چیتر قسە ناکەم؛
خۆ لاڵکردنم ڕەنگە مانایەکی زیاتر بدات.»

     گەر سەرنج بدەین، ئەو باس لە دوو ئاور دەکات، ئاورێک کە لە ناوەوەیە و ئاورێک کە لە دەرەوەیە. ئاورێکی دەوێت کە بڵێسە بێ و ڕۆشنایی درێژ بێت، دوورمەودا بێت، ئاسۆکانی دیار بێت. ئاورێکی ناوێ، کە گڕ بێ و پڕ دووکەڵ بێ، تاریکی لە سەریەوە دەرچێ. پێش ئەوەی کۆتایی بەو شیعرە بێت، شاعیر دەتوانێت خۆ لاڵ بکات و لە شوێنێکی تری مێژوودا بژیێت. ئەوەتا لە کۆپلەی نۆیەمدا، بێدەنگی دەبەستێتەوە بە زانینەوە. پێمان دەڵێت کە ئەگەر بزانین گەیشتووینەتە چ خاڵێک و لە کوێی مێژووداین و چیمان لە مێژوو دەوێت و چیمان پێ دەگوڕدرێ، ئەوە پێویستە ڕووبەڕووی بینەوە تا لە چاڵ دەریبێنین. لێ، ئەو دەزانێت ئەم مێژووە بە دەست ئەو کارەکتەرە سیاسیی و حیزبە خێڵەکیانە و ئەو سیستەمە سیاسییەی کە دروستکراوی حیزبە خێڵەکییە شاگردەکانی عوسمانی نوێ و ئاخوندەکانن، هیچ لە زانین ناگۆڕێ، چۆن هەلومەرجێکی وەستاو و بێ بیر و جووڵە هەیە. وەک دەبێژێت:

«زانین خۆی ئەبێت بگاتە خاڵێک، بێدەنگی هەڵبژێرێت
بەڵێ،
زانین کە تووڵ ئەکێشێت، کۆتاییەکەی بێدەنگییە.»

     لە کۆتایی ئەم شیعرەدا، چنینەوەی قۆناغەکانی مێژوو بەیەکەوە و وەک بکەرێک لەنێو مێژووی ڕووداوەکان لە خۆدێتی شاعیربوونی خۆشی خۆشنابێت. پێش ئەوەی هێرش و ڕەخنە لەوی دی بگرێت و ئەوی دی بە ئاگا بێنێتەوە، خۆی بە ئاگاییەوە لە شۆڕش و ڕاپەڕین دەدات، کە نەتواندراوە بیر و زمان تێیدا بگۆڕدرێت، بەڵکوو شۆڕشەکانی کورد و دەستکەوتەکانی وەک زەڕەزەڕێک وێنا دەکات کە جگە لە تێشکاوی کوردبوون دەستکەوتێکی تری نەبووە. کوردایەتی وەک زەڕەزەڕێک لە ڕێی ڕاپەڕینەوە دەفرۆشرێتەوە و دەهێندرێتەوە ناو مێژوو، کە خودی ڕاپەڕین هیچ ڕووداوێکی لەناو مێژووی کورددا دروست نەکردووە، بەڵکوو لەناو مێژوودا زەڕەزەڕی بەرهەم هێناوە، لە ڕێی کارەکتەرە سیاسییەکانیەوە. ئەوەتا لە کۆتاییەکەیدا نایەوێت سیاسییەکان لە دڵشکاوی تێبگەن، دەیەوێت لە ڕێی ناوەوە، بۆ مانایەکی تری ژیان بگڕێت، بیر کردنەوە لە ژیان بە جورێکی تر بێت. بژین وەک ئەوەی خۆمان دەمانەوێت.

«لە زەڕەزەڕی شۆڕش و لە وەڕەوەڕی ڕاپەڕین
خۆش نابم وەک خودێک.
دڵی شکاوی خۆم ئەبەمم بۆ پیاسە،
با پۆڵەتیک نەزانێت من "دڵ"ـم باش ناگوزەرێت.»


شیعری «با ئەو ژیانە بژیت، ناوەوەت بانگی ئەکات»
مارچی۲۰۱۸، ڕامیار مەحموود.
سەرچاوە:
مەحموود؛ ڕامیار: لەشی ئێمە کاتژمێری زەمەنە، چاپخانەی کارۆ، چ۱، سلێمانی، ۲۰۲۰. مارچی ۲۰۱۸.ل ٥-۸.

 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement