393 کوردستان

"دارستانەكان لە بەردەم مەترسی گەورەی ئاگركەوتنەوەدان"

05:03 - 10/07/2020

"زه‌مه‌ن"

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە 10 ساڵی رابردوودا بەهۆی ئاگركەوتنەوە، ملیۆنێك و 30 هەزار و 873 دۆنم دارستان و پاوان لە هەرێمی كوردستاندا سووتاون، زیاتر لە 50%ی ئەو رووبەرە سووتاوەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە.


حسێن حەمەكەریم، بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "هەرێمی كوردستان، هاوینێكی وشك و درێژ و گەرمی هەیە، كە راددەی شێ تێیدا زۆر دادەبەزێت، بەم هۆیەشەوە زۆرترین ئاگركەوتنەوە لەم وەرزەدا روودەدات".

وتیشی، پێشتر دارستانەکان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ پاکدەکرانەوە و ئاگربڕیان بۆ دروستدەکرا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە، حكومەت وەك پێویست نەیتوانیوە بودجە بۆ هەڵمەتی پاكکردنەوە و دروستكردنی ئاگربڕ بۆ دارستان و پاوانەكان دابین بكات، بۆیە بەهۆی ئاگركەوتنەوەكان لە چەند ساڵی رابردوودا رووبەرێكی زۆر لە دارستانی دەستكرد و سروشتی سووتاون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ و دابین نەكردنی بودجە، نەمانتوانیوە لەكاتی خۆی هەڵمەتی پاكکردنەوە و هەڵپاچین و دروستكردنی ئاگربڕ لەناو دارستانەكان ئەنجام بدەین، بۆیە گژوگیا و پووشێكی زۆر لەنێو دارستانەكاندا هەیە، لەوانەیە لە ئەنجامی هەر ئاگركەوتنەوەیەك، بە سەدان دۆنم لە دارستانەكان بسووتێن".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە چیای شەمێران كە هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان، مەترسی سووتانی لەسەرە، لە پارێزگای هەولێر چیای سەفین، لە پارێزگای دهۆك چیای زاوا، لە پارێزگای سلێمانیش چیای گۆیژە و ئەزمەر مەترسیی ئاگركەوتنەوەیان لەسەرە.

باسی له‌وه‌شكرد، "هەر بودجەیەكمان بۆ دابینبکرێت، كار بۆ پاكکردنەوە و دروستكردنی ئاگربڕ لەو چیایانە دەكەین، چونكە گەشتیارێکی زۆر بۆیان دەچن".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو "ئەگەر پێشوەختە دارستانەکە پاککرابایەوە و ئاگربڕی بۆ دروستکرابا، بێگومان زیانی سووتانی دارستانەکە زۆر کەمتر دەبوو".

هۆكارەكانی ئاگركەوتنەوە زۆرن، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە بەشی زۆری ئاگركەوتنەوەكان بەهۆی كەمتەرخەمی، دەستی ئەنقەست، پاشماوەی ئاگری شوان و گەشتیاران و تۆپبارانەکانی ئێران و بۆردوومانی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا روودەدەن.

لە ساڵی 2018 لە كۆی 166 دۆسیەی سووتانی دارستان و پاوان تەنیا 40 دۆسیە لە دادگاكان یەكلایی كراونەتەوە، لەو 40 دۆسیەیەدا، تەنیا 5 ملیۆن و 130 هەزار دینار لە سەرپێچیكاران وەرگیراوە.

لە ئەنجامی چەند ئاگرگەوتنەوەیەك ئەمساڵ لە دارستانەكانی كۆیە، خانزاد، خەبات، چیای سەفین، كەسنەزان لە سنووری پارێزگای هەولێر تا ئێستا زیاتر لە 478 دۆنم دارستان و پاوان سووتاون.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم پاوان، نزیكەی 570 هەزار و 496 دۆنم دارستانی سروشتی و 15هەزار و 980 دۆنم دارستانی دەستكرد هەن.

بەپێی داتاكان لە 10 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 518 هەزار دۆنم دارستان و رەز و باخ و پاوان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاوە، كە دەكاتە نزیكەی 50%ی كۆی رووبەری سووتاو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.

هەرێمی كوردستان خاوەنی زیاتر لە دوو ملیۆن و 327 هەزار دۆنم دارستانی سروشتی و 35 هەزار دۆنم دارستانی دەستكردە.

 

رووبەری سووتانی دارستان و پاوان بە دۆنم لە 2010 تاوەكو 2019:

 

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن