كازمى سەردانی ئەمریكا و ژمارەیەك وڵاتی ئەورووپا دەكات
02:48 - 06/07/2020
"زەمەن"
ئەندامێکى لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، راگەیاند
كە مستەفا كازمی دوای سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ واشنتۆن، سەردانەی ژمارەیەك وڵاتی
ئەورووپاش دەكات.
عامر فائز ئەندامى لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرای كرد كە بەم زووانە سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی
سەرۆک وەزیرانى عێراق، بە ئامانجی تەواوكردنی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغدا و
واشنتۆن، سەردانی ئەمریكا دەكات.
وتیشى، "تا ئێستا وادەی
سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ ئەمریكا دیاریی نەكراوە، هەروەها بە ئامانجی پتەوتركردنی
هاوكارییە ئابووری و ئەمنییەكانی نێوان بەغدا و ژمارەیەک وڵات، کازمی سەردانی ژمارەیەك
وڵاتی ئەورووپا و ناوچەكەش دەكات".
پێشتر وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاندبوو كە سەرۆكوەزیران مستەفا
كازمی بە ئامانجی تەواوكردنی گفتوگۆی ستراتیجیی لە میانی ئەم مانگەكەدا، سەردانی
واشنتۆن دەكات.
لە 11ی مانگی رابردوودا، یەكەم قۆناغی گفتوگۆی ستراتیجیی لە نێوان عێراق و
ئەمریكا سازكرا كە لە میانیدا سەبارەت بە كۆمەڵێك تەوەر بیروڕا ئاڵوگۆڕی كرا لەوانە
ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئابووری، وزە و بابەتە سیاسیی و كولتوورییەکانی نێوان
هەردوو وڵات.
چاوەڕوان دەكرێت قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمریكا لە
میانی ئەم مانگەكەدا ساز بكرێت.