1065 جیهان

کۆرۆنا رەونەقی زێر زیاتر دەکات

04:32 - 19/05/2020

"زەمەن" 

یەکەمین ڕاپۆرتی ھاوبەشی ئینستیوتی ئابووری بەژمارە بۆ شیکردنەوەی ئابووری و کۆمپانیای(INGOT BROKER)ی نێوەندگیری داراییە کەرەستەکانی وەبەرهێنان لە بازاڕە داراییەکان تایبەت بە کاریگەرییەکانی کڕۆنا لەسەر بەھای زێر لە بۆرسەی جیھانی....

 
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری نەرێنی بەهێزی لەسەر ئابووری دروستکرد، بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی لەمانگی نیساندا حكومەتی وڵاتان بڕیاریان لەداخستنی سەرجەم سێکتەرەکانی ئابووریدا  و زیاتر لە 3 ملیار و 600 ملیۆن کەس لەسەرتاسەری جیهان کەرەنتینکرا،ئەمەش بووە هۆکارێکی سەرەکی کە ترسی وەبەرهینەران و بازرگانان روو لە زیادبوون بکات و بەشێکی سامانەکانیان بکەن بە زێر بەمەبەستی خۆپاراستن لەهەر دۆخێکی مەترسیدار  کە رووبەڕووی ئابووری جیهان بێتەوە.

لەمانگی نیسانی رابردووەوە نرخی یەک ئۆنسە زێر بەرزبوویەوە بۆ سەروو ئاستی 1600$ ، زیادبوونی ریژەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری لە جیهاندا بووە هۆکاری سەرەکی بۆ بەرزبوونەوەی خێرای نرخی زێر، بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی گەورەترین داکشان لەکەرتی کاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تۆمارکرا لە ساڵی 2010ەوە.

ناجێگیربوونی بازاڕە داراییەکان هانی بازرگانانیدا کە خواست لەسەر کڕینی زێڕ زیاتربکەن، ئەم هەنگاوەی بازرگانان هاوکاتبوو لەگەڵ ئەوەی بانکی فیدراڵی ئەمریکا بڕیاری پەیڕەوکردنی سیاسەتی پاڵپشتی نەختی بدات.

پەیڕەوکردنی سیاسەتی پاڵپشتی نەختی لەلایەن بانکی فیدراڵییەوە ، پاڵپشتی کۆمپانیاکان دەکات بۆ ئەوەی لەرێگەی پێدانی قەرزەوە بتوانن پەرە بە کارەکانیان بدەن و هەلیکاری نوێ دەستەبەر بکەن ، بەم شێوەیەش تارادەیەک لە کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابووری کەمدەبێتەوە.

بانکی فیدراڵی بڕیاریدا کە بە بڕی 2.3 تریلیۆن دۆلار پاڵپشتی ئابووری بکات ، ئەمەش ئەگەرەکانی روودانی داکشانی ئابووری زیاترکرد، هەربۆیە بازرگانان و بانکەکان و بەشێک لە سندوقەکانی وەبەرهێنان خواستیان لەسەر کڕینی زێڕ زیاترکرد.

بەرنامەکەی بانکی فیدراڵی بووە هۆکاری کەمبوونی خواست لەسەر دۆلاری ئەمریکی  و قەواڵەکانی ئەمریکا لەلایەن بازرگانانەوە، ئەوکات بەشێک لەشارەزایانی بازاڕە داراییەکان پێیان وابوو کە ئەگەری هەیە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بگاتە ئاستەکانی 1900$ تا 2000$ ، بەڵام هەر زۆری نەخایاند، لە ناوەراستی مانگی نیسان بۆ سەرەتای مانگی ئایار جارێکی دیکە خواست لەسەر دۆلاری ئەمریکی زیادبووەوە بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی  دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە ناوەراستی مانگی ئایاردا بەشێوەیەکی پلەبەندی ئابووری دەکەنەوە و رێگە بە کۆمپانیاکان دەدەن دەستبەکارەکانیان بکەنەوە و کەرەنتین دەشکێندرێت چونکە ئابووری لەوەزیاتر بەرگەی راگرتن ناگرێت.

ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی لەسەرەتای مانگی ئایاردا نرخی زێڕ هێزی بەرزبوونەوەی کەمبێتەوە.

لەدوای بڕیارەکەی سەرکی ئەمریکا ، بانکی فیدراڵی رایدەگەیەنێت کە ئەوان بەشێوەیەکی رۆژانە  بەردەوامدەبن لە کڕینەوەی ئەسپاردەکان ، لەگەڵ بەرێوەچوونی پرۆسەکەش چاودیری بازاڕدەکەن ، هەموو ئەمانە بوونە هۆکاری ئەوەی ئارستەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لاوازبێت، بەڵام زۆر ناخایەنێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و دابەزینی خەرجی بەکاربەر و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ، کێشە لە نێوان ئەمریکا و چین دروست دەبێتەوە ، سەرۆکی ئەمریکا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی زۆر خێرا بەجیهاندا دەخاتە ئەستۆی وڵاتی چین کە ئامارە راستەقینەکانی لە جیهان شاردۆتەوەوە رێژەی مەترسییەکەی وەک خۆی نەگەیاندووە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای قەرەبووکردنەوەی لە چین دەکات.

سەرهەڵدانەوەی کێشەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بووە هۆکاری ئەوەی جارێکی دیکە ئاراستەی بەرزبوونەوەی نرخی زێر کارا بێتەوە و نرخی یەک ئۆنسە زێر بگاتە 1750$.

بەشێک لە شارەزایانی بازڕە داراییەکان پێیان وایە کە داکشانی ئابووری و مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابووری ، ئەگەری هەیە نرخی زێڕ بگەیەنێتە ئاستەکانی 1810$ - 1945$.

بەڵام بەشێکیش لەشارەزایان پێیان وایە کە کاتێک نرخی زێڕ دەگاتە ئاستەکانی 1780$ -1810$ ئەگەری هەیە بەشێک لە بانکەکان بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارەی بەردەستی نەختی بەشێک لە یەدەگەکانی زێڕیان بفرۆشنەوە، ئەمەش ببێتە هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ.

بەشێوەیەکی تەکنیکی لە 2/10/2019 گەشتی بەرزبوونەوەی نرخی زێر لە ئاستەکانی 1030$ دەستی پێکرد، لەدوای گەیشتنی بە 1920$ لەساڵی 2011دا ، رووبەڕووی گەورەترین جوڵەی خۆراستکردنەوەی ساڵانە بوویەوە کە جارێکی دیکە نرخ بۆ ئاستەکانی 1062$ دابەزیەوە.

ئەگەر سەرنجی ناوچەی دابەزینی نرخی زێر بدەین دەبینین کە ئاستەکانی 1750$ ئەو ناوچەیەبوو کە نرخی زێڕ پاڵپشتی دابەزینی لێوەرگرت.

بەشێوەیەکی تەکنیکی جوڵەکانی نرخی زێڕ ئەوەمان پێدەڵێت ، کە دوو وێستگەی گرنگ هەیە بازرگانان بە وردی چاودێری دەکەن.

وێستگەی پێش شکاندنی ئاستی 1920$ بۆ هەر ئۆنسێک ، ئەگەر هاتوو ئاراستەی بەرزبوونەوەی نرخ ، نرخی زێڕ بگەیەنێتە 1795$ بە بێ ئەوەی بتوانێت ئاستی ئاماژەپێکراوو بشکێنێت ، ئەوا ئەگەری هەیە  دووبارە لە 1795$ دابەزین تۆمار بکاتەوە بۆ ئاستەکانی 1659$ ، بەر لەوەی جارێکی دیکە بەرزبێتەوە.

وێستگەی دووەم وێستگەی دوای شکاندنی 1920$ دەبێت، کە لەئەگەری شکاندنی ئاستی ئاماژەپێکراوو بۆ سەرەوە، ئەوا چەندین نرخی نوێ بۆ زێر دروست دەبێت کە 2090$ - 2225$ - 2445$ دەبێت.

داخستنی مانگانەی نرخی زێر ، زۆر گرنگە بۆ ئەوەی قەبارەی جوڵەی خۆراستکردنەوەکەی دەربکەوێت کە لە چ ئاستێکدا مامەڵە دەکات.

لە رووی مێژووییەوە کە ئەگەر سەرنجی نرخی زێر بدەین ئەوا سەرجەم جوڵە خۆراستکردنەوەکان دووبارە بوونەتەوە:
•کاتێک نرخی یەک ئۆنسە زێر دەگاتە 180$ ، بەرێژەی 50٪ خۆراستکردنەوەی تۆماردەکات و نرخ دادەبەزێنێتەوە بۆ 100$.
•کاتێک نرخ لە 100$ جارێکی دیکە بەرزدەبێتەوە بۆ 870$، بەرێژەی 70٪ خۆراستکردنەوە دەکات و نرخ دادەبەزێت بۆ 250$.
•کاتێک نرخ لە 250$ بۆ 1030$ بەرزدەبێتەوە ، ئەوا بە نزیکەی 65٪ خۆراستکردنەوە دەکاتەوە و نرخی دادەبەزێتەوە بۆ ئاستەکانی 680$.

• کاتێک نرخ لە 680$ بۆ 1920$ بەرزدەبێتەوە، ئەوا بۆ 1030$ دادەبەزێتەوە.

بەم شێوەیەش دەبێت چاودێری ئاستی 1920$ بکەین، لەئەگەری شکاندنی بۆ سەرەوە ئەوا ئاراستەی زێر بەرەو 2445$ دەبێت، بەڵام لەئەگەری نەشکاندنی ئەوا ئاراستەی خۆراستکردنەوە دەستپیدەکاتەوە کە بنەماکان و رووداوەکانی ئەوکاتە، دەستنیشانی دەکات کە خۆراستکردنەوەکە تا چ ئاستێک دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن