عیشق: ناسنامهی نهتهوه و خودناسین له ڕۆمانی (آتيلا آخر العشاق)دا
01:21 - 13/05/2020
نیشتیمان عبدالقادر
خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی ( آتيلا آخر العشاق ) سەردار عبداللە نوسیویەتی.. دوا دێڕی ڕۆمانەکە ، ولكن...ترى...أين كفني أنا؟
ئەڵێم ( ئەم ڕۆمانە ئەو کفنەیە کە دەکرێ لە ئێستاوە بیپۆشیت یا ڕاستتر لە دەستپێکی نوسینیەوە پۆشیوتە، ئەشکرێت بە ئێمەی ببەخشیت بۆ ئەوەی وەک کفن لە ئێستاوە و بۆ پاراستنی خۆمان لەو کەسانەی کە نەک کفنی پاک و بێگەرد بۆ خۆیان نادورن بەڵکو پاش مردنیشیان کفن نایانگرێتەخۆی ) بپۆشین.
کەسێک لە ژیانیدا توانی (کفن) ێکی پاک و جوان بپۆشێ ئەوا (دفن) کردنی ناوێ چونکە ژیانکردن بە پۆشینی (كفن) ەوە بۆ خۆی تەحەداکردنی (دفن)کردنە و مردنە، وە بەردەوامی و نەمریی لە ناوەڕۆکیا ھەڵئەگرێ.
لەم ڕۆمانەدا، ئەفسانە تێکەڵ بە مێژووی دوور و نزیکی نەتەوە و ناوچەیەک، تێکەڵ بە سەربوردەی کەسیی، تێکەڵ بە عەشق بە خوا بە ئایین لە ڕێی عیرفان و مەعریفەی میتافیزیکیانە بووە،
گێڕانەوەیەکی پڕاوپڕە لە ھەست و سۆز بەرەو بەخۆبوون وەک کورد وەک گەل وەک نیشتیمان، کە لە خوێندنەوەی دێڕبەدێڕی ڕۆمانەکەوە دەتتەنێ، بەڕادەیەک خواستی تێڕامان لە تەواوی ڕوداو و مەسەلە و ھەڵوێستەکان و ئەوەی گوزەراوە لەو قۆناغانەدا حزوری دەبێت تەنانەت پاش خوێندنەوەی ڕۆمانەکە وەک ئەوەیە کە دانەبڕابیت، ھەڵبەتە ئەوەش زادەی مەستبوون و خامۆشبوونە لە ئاست ڕابردوو یا بەشێک لە تەمەنی ئێمەمانان.
گۆی زەوی لە ھاوسەنگیدایە لەگەڵ تەواوی گەردوون، نیشتیمان گۆی زەوییە بۆ ھەر نەتەوەیەک بۆیە ھاوسەنگێتی لە پەیوەندی نیشتیمان بەوەی کە تیایدا ئەگوزەرێ پەیوەستە بە ھەبوونی ھاوسەنگی لەنێوان خودی کەسەکان و ئەوەی ئەگوزەرێ، گەر ئەوەی ئەگوزەرێ زوڵم و ستەم و زۆردارییش بێت بەوەی کە بنەمایەکی فکری ، ئایینی، ئایدیایی، ڕەگەزپەرستی،.... تەنیا ڕوانگەیەک نەبێ بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتن و بەھا بەخشین و ھەڵوێست وەرگرتن، ئەو دژایەتی و براکوژی و یەکتر سڕینەوەیەی لەم نیشتیمانە گوزەراوە و ئەم ڕۆمانە تۆماری کردوە، دەرئەنجامی نەبوونی خودنەناسی بوە وەک مرۆڤ، وەک کورد، کەبوەتە ھۆی نەناسی نەتەوە و نیشتیمان، وە جوداییش نەک تەنیا لە ناساندن و پێناساندنیان بەڵکو جوداکاریی و پەرتپەرتکردنی خودی نەتەوە و نیشتیمانیش.
شتێک نیە بە ناوی عەدالەتی ئیلاھی لە ئاست وجودی نەتەوەدا، کەچی لە چاوەڕوانی ئەو عەدالەتە ئیلاھیە، کەس، کۆمەڵ، خێزان، عەشرەت تەنانەت وەک کۆی نەتەوەش دەستبەرداری خودناسیی بووە، بەدیوێکی تردا ترس لە خودناسی لە ئاستی خواناسیی، ترس لە نەزانراو( مجھول ) لەئاستی زانراو ( معلوم )، تا ئێستا وای کردوە کە ناوچە و ناوچەگەریی فاکتەری تەنیا و سەرەکی کوردناسی بێت، ئەمەش دەرئەنجامێکە کە ڕۆمانەکە بەرجەستەی کردوە.
ململانێی نێوان مرۆڤ و خوا ململانێی نێوان مرۆڤە لەگەڵ خودی خۆی کاتێ کە ڕێگەیەکی ڕاستەقینە نابینێتەوە بۆ خۆدۆزینەوە و خۆناسین ، ھەربۆیە توانەوە لە کەسێک یا مەسەلەیەک یا مەبدەئێک ئەبێتە میسال و بەبەھاترین و ھاوکات بەچێژترین ھەڵبژاردە، وەک ڕێگەچارەیەکیش بەکاردێ بۆ خۆناساندن نەک خۆناسین، چونکە خودناسیی لە توانەوە و وابەستەبوون و عەشقێکی پەیوەست بە کەسێکەوە یا مەسەلەیەکەوە یا باوەڕێک تێپەڕ ئەکات، ڕۆح ڕزگار ئەکات لە ئازارچەشتن تەنانەت لە ترس لە مردنیش، ھەرلەبەر ئەوەشە کە غافڵبوون لە خودناسیی گەرچی کەسێک یا کیانێکی ( مخیر ) یش بیت ئازارچەشتن و ناخۆشبوون حزورێکی ھەمیشەیی دەبێ ، مرۆڤ لە خۆناساندندا بەدەر لە خودناسیی ژیانی قاڵباندوە و سەرقاڵە بە بەھابەخشین و قەزاوەت و بڕیاردان و ھەڵبژێرکاریی لە مەسەلە، مرۆڤ، ئایدیا، بیروباوەڕ، وە پۆلێنکردنی ڕەوابوون و ناڕەوابوون، ھەموو ئەوانەش لەسەر بنەمای ھاوکێشە بیرکارییەکانی خودی مرۆڤە کە بۆ خۆناساندن نەک خودناسیی دایڕشتوە، لەم ڕوانگەیەوە ئەم ڕۆمانە ھەنگاوێکە بۆ خودناسیی وەک مرۆڤ ، وەک کورد.
دێڕی یەکەمی ڕۆمانەکە ( لن اتردد هذه المرة ولو للحظة وساتجرعها دفعة واحدة ) ئەمە قسەی ئەوەڵ و ئاخیری ئاتێلا ( کەسایەتیەکی سەرەکی) یە، کە نموونەیەکە بۆ بوون بە کوتلەیەک لە عیشق، توانەوە، نەک بۆ ئافرەتێک بەڵکو بەھۆی ئافرەت یا مەعشوقێکەوە بەڵام تاڕادەی خودناسیی نا، چاوەڕوانیکردنی عەدالەتی ئیلاھی بۆ گەیشتن بە خود پاش پێکەوەبوون لەگەڵ مەعشوق ڕێگرە لەبەردەم خودناسیی ئاتێلا خۆی وەک عاشق ، ھەربۆیە تا دواسات لەنێوان نۆشین یا نەنۆشینی پێکێ شەراب خودی خۆی بۆ ناناسرێتەوە، ئاتێلا تعبیر لە چاوەڕوانی عەدالەتی ئیلاھی ئەکات لەئاست خۆی وە لە ئاست کوردیش وەک نەتەوە و وەک گەلێکی مسوڵمان.
ئایین سەروکاری لەگەڵ دنیای نادیاردا ھەیە، کە لە ترس لە دۆزەخ و مژدەی بەھەشتییدا بەرجەستە ئەبێ، وەھمی ئەوەی کە ئایین حاڵەتێکی ڕۆحیە لەو بنەمایەوە سەرچاوەی گرتوە، ئایین بەھیچ جۆرێک کار لەسەر گەشەی ڕۆحی ناکات، چونکە احکام و تعالیمی ئایینی ھەموو شتێک تا دەگاتە ڕۆح وەک وەسیلە دەبینێت نەک ئامانج ، ژیانکردن تاقیکردنەوەیەکە بۆ تێپەڕبون و گەیشتن بە دنیایەکی تری ھەتاھەتایی کە نە وەسیلە نە ئامانج لەخۆناگرێ، ئایین تەسلیمبونی ڕەھایی ئەخوازێ، بۆیە لەو نێوەدا عیشق یا خواپەرستی کامیان وەسیلە و کامیان ئامانجە ، کامیان تەسلیمبوون ھەڵئەگرێ و کامیان ھەڵیناگرێ ئاتێلا ئەگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر کە لە نۆشکردن یا نۆشنەکردنی پێکە شەرابەکەدا دەردەکەوێ.
بەخشینی سیفەتی پاکیی و جوانیی بە عیشقێک دووبارە دووفاقێتی لای عاشق دروست ئەکات کە بە تەسلیمبوون بە خواپەرستیی یەکلاناکرێتەوە، نەگەیشتن بە مەعشوق پێوەرێک بوە بۆ بەخشینی سیفەتی پاکیی و جوانیی عیشق و ھاندەرێک بۆ قبوڵکردن و ئیعتیرافکردن بە ڕاستیی و ڕەواییەتی ئەو عیشقە، گەرچی عیشق ھەڵسەنگاندن و پێواندن و قەزاوەت و پاساو ھەڵناگرێ، ھەموو ئەوانە بازنەیەکی وەھمیان پێکھێناوە و ئاتێلا تەمەنێکی پێ بەخشیوە و دیسان ئەو تەوەھومە ئەیباتەوە بۆ ڕەفزکردنی ھەموو شتێک یا قبوڵکردنی ھەموو شتێک بە نۆشکردن یا نۆشنەکردنی پێکێ شەراب.
عیرفان و عیشقی عیرفانی و عیشق بۆ عیرفان چوارچێوەیەکن کە تەواوی ڕۆمانەکە ئەنەخشێنێ، ژیان وەک رحلەیەک لە ناوەوەی خۆت یا رحلەیەک لە دەرەوەی خۆت یەکلاکردنەوە ھەڵناگرێ، چونکە زەمەن و توانا دیار و نادیارەکانی مرۆڤ ڕەھەندەکانی ئەو رحلەیە پێکدێنن، ژیانکردن ڕاستەھێڵێکە لەنێوان دوو خاڵدا لە دەرەوەی ھەموو دوو دیوییەک یا چەند دیوییەک، عیرفان لەوێوە ڕێڕەوێک ئەبێت کە تێگەیشتن و تەفسیرکردن و قبوڵکردن لە یەک لەحزەدا کۆئەکاتەوە، بەخوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە حاڵەتی مەستیی بە خودی عیشق و عاشقبوون جا بۆ ھەرچیەک بێت لە پرۆسەی خودناسیدا ڕەنگئەداتەوە.
ئاتێلا بە مەیخۆری و بە تائبی ھەر مەست بوو، عاشقی عیشق بوو ، لەغیابی مەعشوق وێڵی مەنزڵگا و پەرستگای عاشقانە جا گەر بۆ نزاکردن یا بۆ ھاوخەمبوونیش بێت، تا ئەگاتە ئەوەی مەسافەیەک نامێنێتەوە لەنێوان خودی خۆی و خودی خوا بۆ نزاکردن ، ناچار پەنا بۆ فەنابوون ئەبات وەک دوا مەنزڵی ئەو ڕێگایەی کە لە ڕێی تەیری ھودھودی ( منطق الطير ) ی فرید الدین العطار ەوە ئاوێتەی بوە .
کتێبی ( منطق الطير ) ى ( فريدالدين العطار) نەخشەی ژیانکردن، جا ئاگاییانە یا نائاگاییانە لای ئاتێلا،ئەکێشێ. ھودھود وەک تەیرێکی ڕێنوماییکەر لە دەرەوەی ڕەھەندەکانی زمان و مکان ژیانی ئاتێلا ڕائەگوزەرێنێ.
سەیرە، لەیەکەم ھەناسەوە تا دوا ھەناسە، بەخشین بەمانای (عطاء) جا وەک کردار یا پەرچەکردار بووبێت یا لێکەوتەی بارودۆخێکی خوازراو یا نەخوازراو بووبێت یا بۆ خۆی وەسیلە یا ھەدەف بووبێ، جا خۆڕسکانە و بەسروشتی کەسەکان بووبێت یا بەکۆمەڵ ، لەئاست ڕوداو یا خواست یا خۆزگەدا بووبێت ، سیمایەکی زاڵە کە بەتەواوی ڕۆمانەکەوە دیارە، خوێنەر لە فەزایەکی پڕ مەحەببەت، لێبوردەیی، بەخشین و بەخشندەیی نقووم ئەکات بەڕادەیەک کە سنووری نێوان حەوت دۆڵەکەی فرید الدین العطار نامێنن، لەخۆبردوویی بە ڕادەیەک بەرجەستە بووە کە زەمەنی خەباتکردن و پێکانی ھەدەفی تەواو ئاوێتە بەیەکتر کردووە، بەرەنجام ( ھیوا ) وەک ھەوێن حزوری ھەمیشەیی ئەبێ.
ڕەھەندەکانی ژیانکردن، دیلانێکردنێکە کە ترس، خواستی بەردەوامبوون، فڕین، نیشتن، تەنانەت لە ھەناسەدانیشدا دیلانێکردنەکە چێژێکی سەرسوڕھێنەر دەبەخشێ تاڕادەی مەستبوون ھاوشێوەی نەشوەی نۆشینی خۆشترین شەراب ، ئەم ڕۆمانە گوژمێکە لە گوژمەکانی دیلانێکردن،ئەم ڕۆمانە ھەوڵێکە بۆ خودناسیی کە باڵاترین مەعریفەیە و کەفیلە بە گەشەی ڕۆح.