ھیچ شتێك سەرسامم ناکات!
06:27 - 05/04/2020
دەقی: مەحمود دەرویش
ھیچ شتێك سەرسامم ناکات
گەشتیاری ناو پاسەکە ئەڵێ: نە ڕادێۆ و نە ڕۆژنامەی بەیانیان،
نە قەڵای سەر گردەکان.
ئەمەوێت بگریم.
شۆفێرەکە ئەڵێ: چاوەڕوانبە
ھەتا دەگەینە وێستگەکە،
ئەو کات بە تەنیا چەند ئەتوانی بۆ خۆت بگری.
خانمێك ئەڵێ: ھەروەھا منیش،
ھیچ شتێك سەرسامم ناکات.
نازی کوڕەکەم لە سەر گۆڕەکەم ھەڵگرت،
سەرسام بوو، خەوی لێکەوت،
ئیدی ماڵئاوایی لێنەکردم.
خوێندکارێکی زانکۆ ئەڵێ: منیش،
ھیچ شتێک سەرسامم ناکات.
ئارکۆلۆژیام خوێند، بە بێ ئەوەی لە بەردا
ھیچ شوناسێك بدۆزمەوە،
ئایا بە ڕاستی ئەوە منم؟
سەربازێ ئەڵێ: ھەروەھا منیش،
ھیچ شتێك سەرسامم ناکات.
ھەمیشە گەمارۆی تارمایی ئەدەم و
گەمارۆم ئەدا!
شۆفێرە توڕەکە ئەڵێ: ئەوا ئێمە
لە کۆتا وێستگەکەمان نزیک بوینەوە،
ئامادەبن بۆ دابەزین....
ھەموو ھاوارئەکەن: ئەمانەوێت
لە دوای کۆتا ویستگەش بڕۆین،
لێخوڕە!
بەڵام من وتم: لێرەدا دامبەزێنە،
منیش وەك ئەوان ھیچ شتێك سەرسامم ناکات،
بەڵام ماندوو بووم لە گەشت!
*وەرگێڕانی: ڕۆزا حەمە ساڵح-هۆڵەندا