1318 کەلتور

مەلا کافر!

03:31 - 28/03/2020

كامه‌ران عوسمان

 مەلا عەبدوڵلای توتنچی یاخود موفتی پێنجوێنی، سەرباری مەلایەتی شاعیرێکی گەورەی کورد بوو.لەنێوان ساڵانی ١٩٣٦ تاوەکو ١٩٥٢دا دژ بە جەهالەت و کۆنەپارێزی شیعری دەنوسی و بۆ مافی ژنان تێدەکۆشا. ئەوکاتەی کە تەنیا مەکتەبێکی بچوک لە دێیەکەیاندا دەبێت بۆ کوڕان. موفتی پێنجوێنی بڕیادەدات "ڕابیعە"ی کچی بنێرێتە بەر خوێندن. کە لەوکاتەدا ئەمە وەک کوفری ئەکبەر وابووە. موفتی پێنجوێنی بەقسەکردن لەسەر ئاغا و دەرەبەگەکان و ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگەی نێرسالاری و وەستانەوە لەدژی خورافیات و جەهالەتی ئەوکاتە کاری بۆ کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانە و یەکسانیخواز کردووە. بەڵام ئەمە وادەکات کە خەڵکی ناوچەکەی لەدژی بوەستنەوە و ئازاری زۆری بدەن. نازناوی "مەلا کافر"ی بۆ دادەنێن و منداڵانی گەرەک بە بەرد و دار دوای منداڵەکانی دەکەون و جنێویان پێدەدەن. هەندێک لە مەلاکان بۆ ناوزڕاندنی موفتی پێنجوێنی، سوێند دەخۆن و دەڵین، لە حەمام بینیومانە و کلکی لێ ڕواوە!.

ڕۆژێکیان مەلایەک، شیعرێک بۆ موفتی دەنێرێت و بە شیعر ڕەخنەی ئەوەی لێدەگرێت کە موفتی بڕوای بە ئازادی خوێندن و چونە دەرەوەی کچان و ژنان هەیە و لە بەشێکی شیعرەکەیدا پێی دەڵێت:

داخی بەجەرگم ئاخر زەمانە
نیشانەی چاکی ڕوو لە نەمانە
وەکو بیستومە لای ئێوە کچان
ئەچن بۆ مەکتەب بە ئابڕو تکان
زۆری نەماوە کە قەهری یەزدان
ئاگر بارێنێ لەجیاتی باران
ژنی میرداریش هەموو بەهارێ
ئەچن بۆ سەیران یەکسەر بەجارێ
ماڵیان نابیینن هەتا ئێوارێ
چاکیشە هێشتا بەردیش نابارێ
ژن هەقیان نیە لە ماڵ بێنە دەر
دین پایە ماڵ بوو هەی قوڕمان بەسەر

لەوەڵامی ئەمەدا، موفتی پێنجوێنی شیعر نامەیەک بۆ ئەم مەلایە ڕەوانە دەکات، و لەبەشێکی شیعرەکەدا دەڵێت:

فەرمووتە کچان بۆ مەکتەب نەچن
کەی خوا فەرمویە خوێندەوار نەبن
ئەوانیش وەک تۆ ئادەمی زادن
شەریکی پیاون حوڕ و ئازادن
ژنی وڵاتان بوون بە کار بەدەس
تۆش ئەمر ئەکەی بخرێنە قەفەس
عالەم بە سەنعەت چون بۆ ئاسمان
تۆش تازە ئەگریت بۆ ئاخر زەمان

هەشتا ساڵ بەر لەئێستا موفتی شاعیر، داوای دەرفەتی خوێندن و ژیانی یەکسانی بۆ کچ و کوڕی کورد کردووە و بەهیوای نەهێشتنی نەخوێندەواری و نێرسالاری قەڵەمی تاو داوە. بەهیوام ئێمەش لە دەردی جەهل و نەزانین خۆمان بپارێزین و لە بەڵای پیاوسالاریش بەدووربین!.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن