894 کەلتور

رۆحی تیرۆریزم

09:12 - 13/02/2020

شوان ئەحمەد
ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی (وشەکان و شتەکان - ١٩٦٦) کە نێو و نێوبانگێکی زۆری بۆ میشێل فوکۆ پەیداکرد، لە گۆڤاری (رەخنە)ی فەرەنسیدا، (ژان بۆدریار) وتارێک بڵاودەکاتەوە، وتارێک بە تایتڵێکی ئیستیفزازیی و سەرنجڕاکێشەوە(فوکۆ لەیاد بکە) ئەڵبەت دواتر و پاش ساڵانێک، ئەو کوورتە وتارە دەکاتە نامیلکەیەک.
پەلاماردانی بیرمەندێکی خاوەن پێگە و سەرمایەی رەمزیی گەورەی وەک میشێل فوکۆ لەو سەردەم و زەمانەدا، بوێری و جەسارەتێکی زۆری ویستووە و باجی قورسی بەدواوە بووە.
رەنگە بێبەشکردنی بۆدریار لە وانەوتنەوە لە نێو ناوەندە ئەکادیمییەکانی فەرەنسا، توڕەکردن و پەلاماردانەوەی، لەلایەن لایەنگر و هەوادارانی فوکۆوە و کەنارخستنی، بەشێک بووبن لەو باجە قورسەی (بۆدریار) لەپای نووسینی ئەو وتارەیدا دابێتی.
ئەو رستە پڕ لە تەوس و تەنز ئامێزەشی، فوکۆ لە بەرامبەر ژان بۆدریاردا بەیانیکرد(هەرچی جارێک بیر لە بۆدریار دەکەمەوە، دەردیسەرییەکانم زیاتر دەبن) رەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان رۆڵ و کاریگەریی خۆی هەبووبێت لە زیاتر کەنارگیرکردن و پەراوێزخستنی ئەودا.
بۆ خۆم وەک خوێنەرێک سەردەمانێک ئەو رستەیەی خاوەنی (وشەکان و شتەکان) رۆڵی هەبووە لەوەی، مەسافەیەک لەو بیرمەندە قووڵ و ورد و کاریگەرەی پۆست مۆدێرنە وەربگرم و نووسینەکانی بە فەرامۆشی بسپێرم.
بەڵام سەروەختێک لە ئایدیا و بیر و بۆچون و پڕۆژە فیکرییەکەی نزیک دەبێتەوە و دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەیت، تێدەگەیت سەنگ و قورسایی ئەم بیرمەندەی سەرسەختانە کون و قوژبنی ژیانی نوێ‌و واقعی مەجازی دەپشکنێ، هیچی لە رۆڵ و پێگەی کەسانی وەک: (ژیڵ دۆلۆز و میشێل فوکۆ و ژان فرانسوا لیوتارد و ژاک دێریدا) کەمتر نییە کە هەموویان سەر بەو بەریانەن بە بیریارانی پۆست مۆدێرن ناودێر دەکرێن.
خۆشبەختانە لە ئێستادا دوو بەرهەمی گرنگی ئەم کۆمەڵناس و بیرمەند و رەخنەگرە سەرسەختەی کۆمەڵگەی پۆست مۆدێرن، لەپاڵ چەند دیدار و وتارێکی دیکەیدا، لە بەردەستی خوێنەرانی ئێمەدایە و دەتوانن لەو رێیەوە، کەم تا کورتێک ئاشنای هێڵە گشتییەکانی بیرکردنەوەی ئەو بن.
هەوڵی یەکەمجاری وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەو و پەلکێش کردنی یەکێک لەسەرنج راکێشترین بیرمەندە رەخنەگرەکانی دنیای ئەمڕۆ، بۆ سەر زمانی کوردی و بۆ نێو کایەی رۆشنبیری کوردی، بۆ هەوڵی برای ئازیز کاکە (سامان عەلی حامید) دەگەڕێتەوە.
ساڵی ٢٠١٤ رۆحی تیرۆریزمی (کە بۆدریار مانگ و نیوێک دوای رووداوەکانی یانزەی سێپتەمبەر نووسیویەتی) کردووە بە کوردی.
هەڵبژاردن و دۆزینەوەی بیرمەندێکی وەک ژان بۆدریار و وەڕگێڕانی یەک لە بەرهەمە گرنگەکانی، پەیبردن و تێگەیشتنە لە یەکێک لەو رەخنەگرانەی کە بە وردی دەستنیشانی کەلێن و دەردیسەرییەکانی دنیای ئەمڕۆ و مرۆڤی ئەم سەردەمە دەکەن.
لە کتێبی (رۆحی تیرۆریزم)یشدا، بە شێۆەیەکی جیاواز خوێندنەوە بۆ ئەو  دیاردە ترسناکە دەکات کە لە سەردەمی جیهانگیری و لە بەراییەکانی سەدەی بیست و یەکدا، دەبێتە هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە.
لە نێوان بانگەشەی (فوکۆ لەیاد بکە) و پاشانیش (بۆدریار لەیاد بکە) کە ماوەیەک لە نێوەندی رۆشنبیری فەرەنسیدا بابەتێکی گەرم و جێی مشتومڕ بووە، بۆ ئێمەو بۆ کایەی رۆشنبیریی کوردی، پێویستمان بە بیرهێنانەوە و لەیادنەکردنی هەردووکیان هەیە. وەک دوو سەرچاوەی گرنگ و ژێدەری بیرکردنەوەی تایبەت، بۆ تێگەیشتن لەوەی لە واقیعی دنیای نوێدا دەگوزەرێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن