بۆچی دەنووسین؟
11:12 - 23/01/2020
د. ئەحمەدی مەلا
“ئەدەب چییە؟” کتێبۆکەیەکی ژان پۆل سارتەرە کە لە بواری ئەدەبیات - پەخشان - لەلایەک و هونەری شێوەکاری و شیعرو مۆسیقاش لەلایەکی دیکە، وردتر باسی “لانگاژ” و “شت” دەکات. لانگاژیش، بەکارهێنانی زمانە بە شێوەیەکی تاکگەرایانە. سارتەر وەک هونەری شێوەکاری سەیری شیعر دەکات و لە شوێنێک دەڵێ: “شاعیران ئەو کەسانەن کە تەوزیفکردنی لانگاژ رەتدەکەنەوە.” کاتێک ئێمە بۆ نموونە، رەنگی سوور لە سەر پانتایی تابلۆیەک دەبینین، ناشێ لە خۆمان بپرسین، ئەم رەنگە سوورە مانای چییە. بەڵکو ئەم سوورییە لە مانا داماڵێراوە و بووە بە شت. ئەگەر ئاماژە بۆ خوێن بکات، هەڵبەت دەبێ لە خۆمان بپرسین چ خوێنێک، لە کوێ و کەی و بۆچی؟ تابلۆ ناتوانێ وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، چونکە ئەرکی ئەو نییە.
لە بواری شیعریشدا، ئیدی وشە ئاماژە بۆ رێفێرانس- مەرجەعێک ناکات کە لە دەرەوەی ئەودا بێت، هەندەی خەریکی نووسینەوەی دنیایە، هەندە دنیا ناخوێنێتەوە. ئەو دەمەی وشە دەبێت بە “شت” ئیدی ناو لە هیچ نانێت، بەڵکو خۆی دەبێ بە “شت.” ئەوە پەخشانە باسی شتانی دنیامان بۆ دەکات، هەڵوێست وەردەگرێت، داواکاریی دەبێ، شی دەکاتەوە، گرێکوێرەکان دەکاتەوە. شیعر قسە ناکات، چونکە هەموو قسەکردنێک ئیلتیزامی لێوە پەیدا دەبێ، وردتر هەموو دەربڕینێک ئەم ئیلتیزامەی هەیە.
وشەی شیعریی باس لە راست و چەوتیی هیچمان بۆ ناکات، بەڵکو لەسەر کاغەز هەڵدەنیشێ و خۆی دەبێتە دنیا. عەقڵی شیعریی ئێمە، عەقڵی هونەری پلاستیکیی ئێمە، هەمیشە دەیەوێ دەق، تابلۆ بگەڕێنێتەوە بۆ دنیای واقیع، یا بە لایەن کەم بیگەڕێنێتەوە بۆ بنووسەکەی، واتە بە دوای بیوگرافیای شاعیردا بگەڕێت، وەک ئەوەی شیعر دەفتەری نووسینەوەی ژیانی شاعیرە. ئێمە، دەیان لاپەڕەمان لەسەر ئەوە نووسییوە، ئایا تەمەنی فڵانە شاعیر لە کاتی نووسینەوەی فڵانە دەق چەند بووە؟ پێش سەفەرەکەی بووە یا دوای سەفەرەکەی، وەک بڵێی ئێمە لە رێگەی خوێندنەوەی دەقی شیعرییە مێژوو و ژیانی شاعیران دیاری بکەین! ئەم تێگەیشتنە وا دەکات بە تەواوی ئاشنای شیعر نەبین، ئاشنای تابلۆ نەبین. هەمیشە پرسیاری ئەوە لە خۆ دەکەین: دەبێ مەبەست لە دروستکردنی ئەمە چی بووبێت؟
ئەم جۆرە پرسیارانە هەموو پڕۆژەکانی شیعرنووسین پووچ دەکەنەوەو ئەرکی ئامێر-کەرەسە دەبەخشنە زمان.
کەواتە چۆن شیعر بخوێنینەوە؟ چۆن سەیری تابلۆیەک بکەین؟ ئەی چۆن گوێ لە مۆسیقا بگرین. مۆسیقا، لە شیعر و تابلۆ زیاتر پڕۆژەی بە “شتبوون”ی تیا ئەنجام دراوە، نۆتەی مۆسیقا هێما نییە بۆ شتێک کە لە دەرەوەی خۆی بێ، بەڵکو خۆی دەبێتە ئامانج. گوێ لە میلۆدییەک دەگرین و دەمانەوێ بچینە ناویەوە، لەگەڵ ئەفسوونەکانی بژین، لەگەڵ شەپۆلەکانی بەرزبینەوەو لێژبینەوەو دواتر هیچ پرسیارێکیش ناکەین، کە ئایا فڵانە ئەفسوون، یا فڵانە شەپۆل لە واقیعدا هەن یا نین، هەر بەم پێیەش دەبێ دەقی شیعری بخوێنینەوە، رۆبچینە قووڵاییەکانی دەقەوە، لەگەڵ ئەو رەنگە سوورە خۆمان تێکەڵ بکەین کە لە تابلۆیەکی دیاریکراودا دەیبینین. بە پێویست دەزانرێ، هەم شاعیر، هەم واقیع لە بیری خۆمان بەرینەوە.
زۆرێک لە خوێنەرانی ئێمە سوودەمەندانە دەخوێننەوە، باس لە سوود و قازانجی خوێندنەوەی دەقی شیعری دەکەن. ئەگەر خوێندنەوەی شیعر سوودیشی هەبێ، ئەو سوودەی راستەوخۆی نییە، بەڵکو وروژانی راستەقینەمان پێ دەبەخشێ، ئەمەش سنوورەکانی نێوان هونەر و پەخشان بە تەواوی جودا دەکاتەوە. وروژان ناخمان دەهەژێنێ، نە قسەمان بۆ دەکات نە بیدەنگیشە، دنیایەکە لەو نێوەندە. ئەم نێوەندە زەمینەیەکی دەوڵەمەندە لە ئاماژە و خرۆشان، لە پرسیارگەلێک کە پێویستیان بە وەڵامی دەسبەجێ نییە، بەڵکو هەلومەرجی مرۆڤمان بۆ یەکاڵا دەکەنەوە.