ئەنتوان چیخۆف وەهای وت
12:17 - 22/01/2020
شوان ئەحمەد كردوویەتی بە كوردی
مرۆڤ سەروەختێك دەست بۆ كارێك دەبات كە هیچی لەبارەوە نازانێت (هونەر بۆ نموونە) و ناتوانێت ببێتە هونەرمەند، ئەوا ئەو كەسە وەردەگۆڕێت و دەبێتە ئەفسەری پۆلیس.
***
مرۆڤی نەرم و نیان، تەنانەت لەبەردەم سەگێكیشدا شەرم دەكات.
***
جیاوازی نێوان ژن و پیاو:
ژنان تا بچنە تەمەنەوە، زیاتر و زۆرتر خۆیان بۆ مەسەلەكانی ژنان تەرخان دەكەن، وەلێ پیاوان كە تەمەنیان هەڵدەكشێت، زیاتر خۆیان لەو پرسانە دەدزنەوە.
***
گریانی منداڵم پێ تەحەموول ناكرێت، وەلێ سەروەختێك منداڵەكەم دەگری، گوێم لێی نابێت.
***
ملكەچی و رووپامایی، ماندووی كردین.
***
بە درێژایی ژیانی “س” لەبارەی بەدفەساڵیی خزمەتكارانەوە دەیوت و دەینووسی و رێوشوێنی ئەوەی دادەنا، چۆن كۆنترۆڵ بكرێن و بە چ جۆرێك ئاڕاستە بكرێن، بەڵام سەروەختێك مرد كەس لە دەوری نەمایەوە، جگە لە خزمەتكار و چێشتلێنەرەكەی نەبێت.
***
پیاوە یەكی یەكییەكان لادێكان جێدێڵن و روودەكەنە شارەكان، هەر لەبەر ئەوەشە گوندەكان بارودۆخیان تێكدەچێت و تادێت خراپتریش دەبن.
***
ژن و مێردێك كوشتەی ئەوەن بەردەوام میوانیان بێت، لەبەر ئەوەی گەر كەس سەردانیان نەكات، ئەوا بەشەڕ دێن.
خاتوو “ن” جەستەی خۆی دەفرۆشێت و هەر پیاوێك كە دەچێتە لای پێی دەڵێت: خۆشم دەوێی، لەبەرئەوەی لە پیاوانی دیكە ناچیت.
***
ژنە نووسەرە و كابرای مێردیشی نووسینەكانی بە دڵ نییە، وەلێ وەك رێز نیشاندانێك، هیچ ناڵێت و بە درێژایی ژیانی ئازار دەچێژێت.
***
سەروەختێك منداڵ دێنینە ژیانەوە، ئەوا دێین و پاساوی هەرچی لاوازی و خەمساردی و بێچاو و روویی خۆمانە، بەوانی دەدەینەوەو دەڵێین:(هەرچی هەیەو نییە، بۆ خاتری منداڵەكانمان دەیکەین.)
***
بەدەست ناكەسبەچەكانەوە گیر بخۆیت، چاكترە لەوەی پیاهەڵدان و ستایشەكانیان پەسەند بكەیت.
***
رۆژنامەنووسێك درۆودەلەسەی لە رۆژنامەدا دەنووسی، وەلێ پێی وابوو هەقیقەت دەنووسێ.
***
گەر ترست لە تەنیایی هەبوو، هاوسەرگیری مەكە.
***
ئەو كەسێكی دەوڵەمەندە، وەلێ دایكی لە خانەی پیرو پەككەوتەكانە.
***
هەر كەسەو شتێكی شاراوەی هەیە.
***
رووسیا پێدەشتێكی پانوپۆڕە، لەمسەر بۆ ئەوسەری بەدكاران و گەندەڵكاران تەراتێنی تێدا دەكەن.
***
رۆشنبیران بەكەڵكی هیچ نایەن، لەبەرئەوەی چا زۆر دەخۆنەوەو بەردەوامیش لە ژوورە پیس و بۆنناخۆشەكانداو لە بەرامبەر قاپە شەرابە بەتاڵەكاندا، خەریكی هەڵەوەڕین.
***
درووشمی من ئەمەیە: هیچم ناوێت.
***
ژنێك: پیر بووم، سەروەختێك شومكرد.
***
خوشكم من بەختەوەر و قانیعم بە بەشی خۆم، وەلێ گەر جارێكی دی لەدایك ببمەوەو لێم پرسن:(ئارەزووی ژنهێنان دەكەیت؟) لە وەڵامدا دەڵێم: نا) ئەی حەز بە پارەكۆكردنەوە دەكەیت؟(نا.)
***
ئەوانەی بۆ بینینی شانۆ دەچن و زۆربەی جاریش گۆڤارە سەنگینەكان دەخوێننەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر كینە لە سك و هیچ و پووچن.
***
لەسەر حیسابی هەڵەو گوناهی ئەوانی دی، نابیت بە قەدیس.