وەفدێكی هەرێم بۆ سەرەخۆشی دەچێتە تاران
01:58 - 14/01/2020
زەمەن - سەرچین ساڵح
لە كۆبونەوەی چوارشەممەی رابردووی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و كەسی یەكەمی حیزبە سیاسیەكان گفتوگۆ لەسەر ناردنی شاندێكی هەرێم بۆ تاران و بەغدا كراوە، بەڵام كۆبونەوەكە نەگەیشتووەتە رێككەوتن لەسەر پێكهاتەو شێوازی شاندەكە، بۆیە هەڵگیراوە بۆ كۆبونەوەیەكی تر.
باپیر كاكە مەلا، سكرتێری پارتی كرێكارانو رەنجدەرانی كوردستان كە بەشداری كۆبونەوەكەی كردبوو بە “زەمەن”ی وت: “ئەو وەفدەی بە نوێنەرایەتی هەرێم دەچێتە تاران لەسەر ئاستی سێ سەرۆكایەتییەكەیەو تەنیا بۆ پرسەو سەرەخۆشی دەبێت، هەروەها وەفدێكیش دەچێتە بەغدا بۆ قسەكردن لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێمو بەغدا”.
لەسەر پێكهاتەی ئەو وەفدەی بڕیارە بچێتە بەغدا ناوبراو وتی: “دوو بۆچوون هەبوو بەشێك پێی وابوو وەفدەكە لەسەر ئاستی حكومەت بێت، رای زۆرینە پێی باشبوو لەسەر ئاستی حزب بێتو سەردانی لایەنە سیاسیەكان بكات، لەبەرئەوەی حكومەت كار بەڕێكەرەو زیاتر لایەنە سیاسیەكانی عێراق خاوەن بڕیارن، بڕیارە كۆبونەوەیەكی بچوك بكرێت بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو دوو پێشنیازە”.
ئامانجی سەردانی ئەو وەفدە بۆ بەغدا بەوتەی سكرتێری پارتی كرێكارانو رەنجدەران، بنەمای “شەراكەتو تەوافوق” كە حكومڕانی عێراق لەدوای 2003 لەسەری رۆیشتووە بەردەوام بێت، بۆئەوەی تەواوی پێكهاتەكان بەشداری دەسەڵاتو بڕیارو ئایندەی عێراق بن.