کورد لە کەرکوک دوو کورسی پەرلەمان لەدەست دەدات
01:29 - 07/01/2020
زەمەن: بەهادین یوسف
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن و بچووککردنەوەی بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگاوە بۆ قەزا، کورد لە کەرکوک زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت و ئەگەری هەیە ژمارەی کورسییەکانی بۆ 4 کورسی کەمببێتەوە.
رۆژی 24ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، بەپێی یاساکە بازنەی هەڵبژاردنی عێراق لە 18 بازنەو لەسەر ئاستی پارێزگاکانەوە بچووککرایەوە بۆ بازنەی قەزا، بە جۆرێک هەر قەزایەک دەبێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن.
بەپێی یاساکە، سیستمی فرەبازنەیی لەسەر ئاستی قەزایەك یان زیاتر، لەگەڵ براوەی زۆرترین دەنگ پەیڕەوكراوە، بەجۆرێک هەر کاندیدێک لەسەر ئاستی قەزایەک زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێتە براوەی کورسی پەرلەمان.
بەپێی ماددەی 15ی یاساکە، کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەهۆیەوە بایکۆتی دانیشتنی پەسەندکردنی یاساکەیان کرد، هەر قەزایەک ژمارەی دانیشتوانەکەی لە 100 هەزار دانیشتوان زیاتر بێت دەکرێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن و هەر قەزایەکیش لەو ژمارەیە کەمتربێت دەلکێنرێت بە قەزایەکی دیکەوە.
لە دوا ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی 2019 عێراق لە رووی کارگێڕییەوە دابەشکراوە بۆ 168 قەزا لە چوارچێوەی پارێزگاکاندا، لەو ژمارەیەش 78 قەزایان ژمارەی دانیشتوانیان ناگاتە 100 هەزار کەس کە دەکاتە رێژەی 46%ی کۆی قەزاکان، کە دەبێت بلکێنرێن بە قەزایەكی ترەوە بۆ ئەوەی ببنە بازنەیەکی هەڵبژاردن.
ئامارەکەی پلاندانان ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای کەرکوکی بە 1.639.953 کەس خەمڵاندووە، بەپێی دابەشکاریی بەسەر 12 کورسی پارێزگاکەدا، نرخی یەک کورسی پەرلەمان دەگاتە 136.663 دەنگ، کە بەرزترین نرخی کورسییە لەسەر ئاستی عێراق.
پارێزگای کەرکوک لە ناوەندی قەزاو سێ قەزای دیکە پێکدێت (حەویجە، داقوق، دوبز)، بەپێی ئەو دابەشکارییە قەزای ناوەندی کەرکوک 9 کورسی و حەویجە دوو کورسی و داقوق ئەگەر هەیە یەک کورسیی بەربکەوێت، یان لەگەڵ قەزایەکی دیکەوە پێکەوە بلکێنرێت.
کورد، جگە لە ناوەندی قەزای کەرکوک، لە قەزاکانی دوبزو داقوقیش رێژەیەکی زۆر پێکدەهێنێت، بەڵام لەبەرئەوەی ژمارەی دانیشتوانی هەردوو قەزاکە ناگاتە 100 هەزار کەس و رێژەی کوردیش کەمترە لە نیوەی دانیشتوان مەترسیی لەسەر فەوتانی دەنگی تەواوی کورد هەیە لەو دوو قەزایە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان ژمارەی دانیشتوانی قەزای دوبز 72.637 کەسەو قەزای داقوقیش 97.615 کەسە، کورد رێژەی 42%ی قەزای داقوق پێکدەهێنێت لە دوبزیش لەو رێژەیە کەمترە، بەڵام قەزای حەویجە بە تەنیا 301.010 کەسەو ژمارەی کورسییەکانی 2.2 کورسی دەکات و دانیشتوانەکەی ئێستا 100% عەرەبن، بەوشێوەیە هەر قەزایەکیان بخرێنە سەر حەویجە ئەوا دەنگی کورد بە تەواوەتی دەفەوتێت.
لە ناوەندی قەزای کەرکوکیش، کە رێژەی دانیشتوانی بە 1.168.691 کەس خەمڵێنراوە، بە رێژەیی 9 کورسی بەردەکەوێت، بەپێی زانیارییەکان ئێستا کورد 51%ی ناوەندی کەرکوک پێکدەهێنێت، بۆیە بەراورد بە رێژەی دانیشتوانی عەرەب و تورکمان، بەشێکی زۆری دەنگیشی لە ناوەندی شارەکە دەسوتێت.
خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ “زەمەن” ئاماژەی بەوە کرد؛ کورد دەبێت هۆشیارانە مامەڵە بکات، چونکە لە دابەشکردنی بازنەکاندا زۆر شت دەگۆڕێت. بۆ نمونە قەزای دوبز ژمارەی دەنگدەرانی ناگاتە یەک کورسی، بەڵام نابێت بهێڵرێت ئەو قەزایە بلکێندرێت بە قەزای حەویجەوە، کە 400 هەزار دەنگدەری عەرەبی تێدایە.
سەبارەت بە دۆخی پارێزگا کێشەلەسەرەکانی کەرکوک و سەڵاحەدین و نەینەوا، شارەزایەکی بواری ئامارو هەڵبژاردن پێیوایە، کە دابەشکردنی بازنەی هەڵبژاردن و پێکەوەلکاندنی ئەو قەزایانەی ژمارەی دانیشتوانیان کەمە، گەورەترین مەترسی و ئاڵۆزی دروست دەکات.
لەوبارەیەوە سەعد عەبدەلی دەڵێت: لە شارێکی وەک کەرکوک کە بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت 100 هەزار کەس بێت و شارەکە لە پێکهاتەی کوردو عەرەب و تورکمان پێکهاتووە کێشە دروست دەکات، بەشێکی زۆری دەنگی ئەو پێکهاتانە لە بازنەکانی هەڵبژاردنی تاکەکەسیدا دەفەوتێت.
شەمسەدین مەحمود، بەرپرسی هەڵبژاردنی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، سەبارەت بە دابەشکردنی بازنەی هەڵبژاردن بەپێی قەزاکان، لە لێدوانێکیدا بۆ “زەمەن” نەیشاردەوە، کە کورد لە پارێزگاکە زیانی بەردەکەوێت و دەنگێکی زۆری لەو دوو قەزایە دەفەوتێت.
“حەویجە گەورەترین قەزای کەرکوکەو 100%ی دەنگدەرانی ئێستای عەرەبن، ژمارەی دانیشتوانی قەزاکانی دوبزو داقوق ناگەنە 100 هەزار، ئەگەر بلکێنرێن بە حەویجەوە، لە زیانی کوردەو زۆرترین دەنگی کورد دەفەوتێت”، ئەوەش بە وتەی شەمسەدین مەحمود.
ئاماژەی بەوەشکرد؛ راستە لە ناوەندی کەرکوک زۆرینەی دانیشتوان و دەنگدەرانی کوردن، بەڵام ئەگەر لە قەزاکانی دیکە زیان بکەین، ئەوا ناوەندی کەرکوک ناتوانێت قەرەبووی دەنگی فەوتاوی کورد بکاتەوە.
بەهۆی سیستمی تاک کاندیدیەوە نەک لیست، ئەمجارە کاندید بەدوای حیزبدا ناگەڕێت بۆ ئەوەی لەسەر لیستەکەی دایبنێت، بەڵکو دەبێت حیزب بەدوای کاندیدی باش و جەماوەریی و گونجاودا بگەڕێت بۆ ئەوەی گرەنتی نەفەوتانی دەنگەکانی بکات.
بەرپرسی هەڵبژاردنی مەڵبەندی کەرکوک بەدووری زانی ناوەندی کەرکوک کە 9 کورسی هەیە بکرێتە 9 بازنەی هەڵبژاردن و وتی: “رەنگە یەک بازنەی 9 کورسی بێت، ئەوەش بەتەنیا ناوشار نییە، بەڵکو ژمارەیەک ناحیەشی لەسەرە”.
بەپێی ئەو دابەشکاریی کورسی و بازنانەی هەڵبژاردن بێت، کوردو تورکمان لە کەرکوک زەرەرمەند دەبن و زۆرترین دەنگیان دەفەوتێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی کەرکوک بۆ “زەمەن” ئاشکرای کرد؛ بەو دۆخەی ئێستاوە کورد بچێتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە تەنیا 4 کورسی لە ناوەندی کەرکوک بەدەستدەهێنێت، بەمەرجێک سەرجەم لایەنەکان لەسەر کاندیدەکان رێککەون، نەک کاندیدی جیاوازی کورد هەبێت، بەڵام پێناچێت لە داقوق و دوبز هیچ کورسییەک بەدەستبهێنێت.
لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی 2014 لە کۆی 12 کورسی پەرلەمانی عێراق لە سنوری پارێزگای کەرکوک، کورد 8 کورسی بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 ژمارەی کورسییەکانی بۆ 6 کورسی کەمیکرد، بەهۆی گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردنەوە ئەمجارە چاوەڕوان دەکرێت کورد تەنها 4 کورسی بەدەستبهێنێت، بەراورد بە ساڵی 2014 رێژەی کورسییەکانی 50% کەمدەکات.