ئامارێکی نوێی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران راگەیاندرا
02:18 - 23/12/2019
ئاژانسی
هەواڵی ڕۆیتەرز ئامارێکی نوێی خۆپیشاندانەکانی ئێرانی ئاشکراکردووە و ڕایگەیاندووە
بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوە ئەمنییەکانی ئێران ١٥٠٠ کەس لە خۆپێشاندانەکانی
ئەمدواییەی ئێراندا کوژراون.
ئاژانسەکە
ئاماژەی بەوەکردووە "کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بەشێکی زۆری
پەیوەستە بە بڕیاری ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کە ڕایگەیاندبوو دەبێت
خۆپیشاندانەکان کۆتاییان پێبێت بەهەر جۆرێک بێت".
ئاژانسەکە
زانیارییەکانی لە سێ بەرپرسی وەزارەتەکانی کابینەی ئێستای ڕۆحانی وەرگرتووە کە
لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت.
هۆکاری نا دیاری ئاماری تەواو لەبارەی
خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە پەیوەستبووە بە شاردنەوە و سانسۆرکردنی زانیارییەکان
لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارەی ڕۆیتەرز کاتێکە کە پێشتر ئاژانسە
هەواڵییەکانی دیکە ئاماژەیان بە زیاتر لە ٣٠٠ کەس کردبوو کە لە خۆپیشاندانەکانی
ئەمدواییەی ئێران کوژراون.
پێشتریش برایان هۆک، بەرپرسی کاروباری
ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، کوژراوانی خۆپیشاندەرە ئێرانییەکان
هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز پشتی بەستووە بەو زانیاریانەی کە سێ لە وەزیرەکانی
کابینەی ڕۆحانی ڕایانگەیاندووە کە گەوایە
ئەوان زانیارییەکانیان لە نەخۆشخانەکان و گۆڕاستانەکان و پزشکی دادوەری
کۆکردووەتەوە.
کوشتنی خۆپیشاندەرانی ئێران کاتێک زیادیکرد کە عەلی خامنەی، رابەری
شۆرشی ئسیلامی لە ئێران ڕایگەیاندبوو، "دەبێت خۆپیشاندانەکان کۆتاییان پێبێت
بە هەرجۆرێک بێت".