789 کەلتور

سلێمانی.. شیزۆفرینیا یاخود ئینتیگراسیۆن

11:42 - 17/11/2019

شاربەدەر/ بەکر عەلی

لەم ڕۆژانەدا ئێمە ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی دەکەینەوە، هەڵبەتە ئەم یادکردنەوەیە ئەگەر بۆ شارێکی تر بووایە ڕەنگە هێندە سەرنجی ڕانەکێشاینایە، بەڵام لە حاڵەتی سلێمانیدا پێویستە هەڵوێستەیەک بکرێت، بە پلەی یەکەمیش لەبەرئەوەنا کە ئەم بۆنەیە شایستەی ئاوڕ لێدانەوە و بایەخ پێدانە، بەڵکو سەرەتا و بەر لە هەر شتێک لەبەرئەوەی لەکایەی ڕوناکبیری و سیاسی ئەو دەڤەرەدا ئاهەنگگێڕانێکی شادیهێنانە بۆ ئەم یادە سازکراوە و جۆرێک لە کەشێکی دەروونیی وایان سازکردووە کە هەر خەریکی پیاهەڵدان و شانازیکردنە بە مێژووی شکۆمەندانەی ئەو شارەوە. 

لەکاتێکدا ئەوەی شکۆمەندی شارێک دەنەخشێنێت تەنیا ئاهەنەگگێڕان نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لەو خەسڵەتە پسایکۆدینامیکییەی بزوێنەری ڕۆحی ئەو شارە بووە. واتە دەبێت دەرک بەو دینامیکیەتە، بەو بزواندن و خرۆشە نێوەکییە بکەین کە شار دەبزوێنێت. لەکاتێکدا ئەو کەشە ئاهەنگسازییەی لەمڕۆدا بۆ ئەو شارە سازکراوە تەنیا بەرجەستەی ڕووە میکانیکیی و ماتەریالییەکەی شار دەکاتەوە.

لەکوێدا قسەمان سەبارەت بە شار کرد، لەوێدا دەبێت هاوشارییەکان بدوێنین. شار و هاوشاری دووانەیەکی دێرین و لێکدانەبڕاون. ئەوانەی نیشتەجێی شارن، لەڕووی یاسای باری شارەوانی و لەڕووی یاسای  دەوڵەتدارییەوە پێیان دەگووترێت هاوشاری یان هاووڵاتی. هەموو ئەو هاوشارییانەش لەژێر سایەی دەستوور و یاسای ئەو شارەدا پێکەوە کۆبوونەوەتەوە. مێژووی شارستانی بریتی بووە لە دەرەنجامی ئەو تەبایی و یەکانگیرییەی دەستووری شارێک بۆ هاوشارییەکانی دەڕەخسێنێت. پلاتۆن وەک دێرینترین تیۆریسازی شار ئاوەها دەڵێت: ( هیچ شتێک له‌وه‌ باشتر نییه‌ بۆ شارێک که‌ ئه‌ندامانی به‌ یه‌کتری ئاشنا بن).

شار و هاوشاری دووانەیەکن پێکەوە لەدایکبوون. لەهیچ باریکدا ناکرێت وێنای یەکێکیان بەبێ ئەوەی تریان بکرێت. شار ئەگەر لانکەی لەدایکبوونی هاوشاری بێت، ئەوا هاوشاری مەرج نییە هەمیشە دڵسۆزانەپەیوەست  بەو لانکەیەوە بمێنێتەوە، هاوشاری تەنیا بەمانەوەی لەئامێزی شارەکەیدا گەورە نابێت، بەهەمانشێوەش شار بە لەئامێزگرتنی توندی هاوشارییەکان بەرفراوان نابێت، بەڵکو بەشێکی گەشەسەندنی ژیانی شار کەوتۆتە سەر هەڵهاتن و بەجێهێشتنی هەندێک لە هاوشارییەکان. لەڕەوتی ئەم مێژووەدا گەلێک ساتەوەختی ناباو هاتوونەتە ئاراوە کە هاوشارییەکان لەتاو جەور و ستەمی شارەکانیان شاربەدەر کراون و لە هاوشارێتی خراون. لە شاری سلیمانیدا ئەم شاربەدەرکردنە لەسایەی دەسەڵاتی کوردییەوە بەرانبەر بەو هاوشارییانەی خۆی ئەنجامی داوە کە وێنایەکی تریان بۆ کرانەوەی شار پێشکەش کردووە، بە نموونە لە سایەی دەسەڵاتی بابانییەکاندا نالی و نەقشبەندی وەکو دوو داهێنەری بواری پەرەپێدانی کولتوری لەهاوشارێتی خران و شاربەدەر کران، لەدوای ڕاپەڕینیشەوە ژمارەگەلێک لەو جۆرە کارەکتەرانە شاربەدەرکران کە تەنیا یۆتۆپیایەکی تری جیاوازیان بۆ شار و هاوشارییەکان ڕاگەیاند بوو.  ئیتر ئەوەی هێزی دینامیکی شارە تەنیا ئەوانەن نین کە تیایدا ماونەتەوە، هەرچەندە چالاک و کاراش بن، بەڵکو هێزی گەورەی دینامیکییەکە زۆرجار کەوتۆتە ناو پسایکۆی ئەوانەی شار بەدەر کراون.  سلێمانی تەنیا ئەوانە نایژێنن کە تێیدا ماونەتەوە، بەڵکو ئەوانەش ترپەی دڵی سلێمانین کە بەجێیان هێشت، نالی و نەقشبەندی، وەک دوو نموونە ئەو دوو هاوشارییەی شاری سلێمانی بوون کە لە ئێستاشدا ناکرێت وێنای سلێمانی بەبێ بەجێهێشتنەکەی ئەوان بکەین. لێرەوەیە هاوشاری دەشێت دوو ڕووی هەبێت، هاوشاری/نیشتەجێبوو، وە شاربەدەر/بەجێهێشتوو.

 ئەو هێزەی ڕووی زیندووی شارێک/دەوڵەتێک دەخاتە ڕوو بریتییە لە هەبوونی ئەو شاربەدەرانە. ئەوانن بەگژ نێوکۆییبوونی سیستەمی داخراو و ستەمکارانەی شارەکانیان دا دەچنەوە، ئەوانن لەخۆشنوودی ژیانی شارەکانیان ئاوارە دەبن، ئەوانن هەمیشە هەڵگری خەونی داڕشتنەوەی شارێکیترن لەناو شارە داخراوەکانی خۆیاندا، شاربەدەرەکان لەڕاستیدا بریتین لە هێزێکی پسایکۆدینامیکی ئەفرێنەر بۆ شار. لێرەوەیە گەشەسەندنی کولتورییانەی سلێمانی لەڕۆحی نیشتەجێبوونەوە نییە، بەڵکو لەڕۆحی بەجێهێشتنەوەیەتی. لەکوێدا باسی سلێمانیمان کرد دەبێت لەوێدا باسی نالی و مەولانا بکەین، باسی ئەو شاربەدەرانە بکەین کەلەبەر هۆکاری کولتوری شارستانی شاربەدەر کراون. بۆیە بۆئەوەی لە هاوشاری تێ بگەین دەبێت لەشاربەدەر تێبگەیەن. کەم نین ئەوانەی سلێمانییان  بەرەو وڵاتانی دراوسێ و جیهان بەجێهێشتووە. ناشێت ئەو هاوشارییانەی سلێمانییان جێهێشتووە لە هاوشارێتیدا بماڵرێن. ئەوە هەقێکی هاوشاریبوون و مەدەنی بوونیانە، تەنانەت لەدوای بەجێهێشتنیشی ئەو هەقە لەکیس نادەن، نەلەڕووی کولتوری و نەلەڕووی یاساییەوە. شار خۆی چییە جگە لە کۆی هەموو ئەو مرۆڤانەی تێیدانیشتەجین و هەموو ئەوانەشی بەجێیانهێشتووە.  ئێمە چۆن گەشەی شارستانییانەی شارێک بناسین، کەچاوپۆشی لە خوڵقێنەرە کولتورییەکانی ئەو شارە بکەین؟ نالی و نەقشبەندی وەک دوو سوبیەکتی ئایدیاساز لەبەرئەوە لەشار هەڵدێن چونکە شار چیتر جێگەی یۆتۆپیاکانی ئەوان ناهێڵێتەوە، جێگەی بیرۆکەکانی ئەوان بۆ شارێکیتر، سەبارەت بە سلێمانییەکی تر ناهێڵێتەوە و دواجار شاربەدەریان دەکەن.

مۆدێلی یۆتۆپیای بابانییەکان

 
ئاشکرایە کە بابانییەکان لە دەڤەرێکی بچووکی خۆیانەوە، لە قەلەمڕەوییەکی دەسەڵاتی بەرتەسکەوە ئایدیای ئەوەیان داهێنا یۆتۆپیایەک داڕێژن، توانییان لەم مۆدێلەدا سلێمانی وەکو ناشوێنێک بۆ قەڵاچوالان بکەنە شوێنێکی گەورەتری قەڵەمڕەوی سیاسی و ئەدەبی، کەچی سیاسییەکانی ئەمڕۆ ئیش بۆ بەرهەمهێنانەوەی هەمان مۆدێلی بابانییەکان ناکەن، ئەوان پتر دەیانەوێت تەنیا بگەڕێنەوە بۆ هەرێمەکەی بابان نەک بیانەوێت سلێمانی وەکو شارێک ناشارێک/یۆتۆپیایەکی تری بۆ داڕێژن. بابانییەکان توانییان یۆتۆپیایەک دابڕێژن و ناشوێنێک بکەنە شوێنێک و خودی سلێمانی لەڕۆحی ئەم ئایدیایەوە لەدایکبوو، کەچی ئەمڕۆ لەسایەی دەسەڵاتەوە سلێمانی نەک هەر بیرۆکەی ناشوێن داناڕێژێت، بەڵکو بەردەوام شوێن دەسڕێتەوە و شوێن لەناو دەبات. سیاسەتی ئەرشیتێکتۆری لەو شارەدا تەنیا کۆمەکی هاتنی ستەمێکی ئەرشیتێکتۆری کردووە، تۆپۆگرافیای شار شێوێنراوە، شار کراوەتە چەند گرد و چەند گوندێکی لێکدابڕاو، کە لەڕووی تۆپۆگرافییاوە ئەو شارە لە شێوەی چەند دورگەیەکی لێکدابڕاو لە دەڤەرێکی گۆشەگیردا دەردەکەوێت. دەسەڵاتی هەنووکەی سلێمانی بەخۆتێوەگلانی بە سیستەمی کاپیتالیزمی جیهانی وای کردووە پرۆگرامی سیاسی شار تەنیا بریتی بێت لە کۆنزوم و لەبەکاربردنی وزە سروشتییەکان و لە سڕینەوەی پانتاییە شوێنییەکان. لەکوێدا سەرچاوەی وزەی سەرمایە، کەلێرەدا نەوتە، هەبێت لەوێدا ئەو ژێدەرەیان گرێداوەتەوە بە کەناڵەکانی گلۆبالیزمەوە، ئەمەش لە ئاستی لۆکالدا بووەتە مایەی سڕینەوەی ڕووبەرێکی گەورەی شوێنی جوگرافی و کولتورییانەی ئەو دەڤەرە. ئەو پەرەسەندنە خێرایەی لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٣ شارەکانی کوردستانی گرتەوە زیانی گەورەی بەهەنگاوە خاوەکانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی گەیاند. لێرەدایە دەسەڵاتی کوردی تا ئێستا نەیانتوانیوە مۆدێلە بابانییەکە دووبارە بەرهەم بهێننەوە و یۆتۆپییایەکی تر بۆ شار دابڕێژن. لەم نێوبەندییەدا بەشێک لە هاوشارییە ڕووناکبیر و یاخی و چۆکدانەدەرەکان لەبەر خستنەڕووی یۆتۆپییایەکیتر بۆ شار، دەربەدەر و شاربەدەرکراون و بەسەر هەموو کیشوەرەکانی گۆی زەویدا پەرشوبڵاو بوونەتەوە. شاربەدەرەکان بەرگریکاری ئەو عەدالەتە کۆمەڵایەتییە و ئەو وزە کولتورییەی شارن کە وا بەخێرایی بەر لێشاوی پرۆگرامی ئیمپریالیزمی گلۆبال دەکەوێت. بەڵام ئەوانەی لەشاردا مانەوە بوونە سووتەمەنی، چونکە ئەوان بێئاگا بوون لەوەی شار کارخانەیەکی پسایکۆدینامیکییە و تیایدا خولیاکانی مرۆڤ بۆ بەجێهێشتنی دەبێتە سووتەمەنی لەپیناوی مانەوەی شاردا وەکو خۆی.  لەکاتێکدا ئەوانەی بەجێیانهێشت نەبوونە سووتەمەنی ئەو کارخانەیە و بگرە کاریش بۆ بزواندنی دینامیکییانەی گەشەسەندنی کولتورییانەی دەکەن. بەشێکی گەورەی ئەو بەشدارییەی لە پرۆسێسی گەشەسەندنی شاردا دەبینرێت، لەلایەن شاربەدەرەکانەوە پێشکەش کراوە. بەهێزبوونی ستەمی کولتوری و شارستانی و کۆمەڵایەتی لە شارێکدا لەوێوە دێت کە هاوشارییەکان تیایدا دەمێننەوە و بەجێی ناهێڵن بۆ هێنانی ڕوانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێ بۆ شار. ئەفراندنی گەورەی شارستانی لەناو ئەو خولیایەدا مت بووە کەهاوشارییەکان هەیانە بۆ هێنانی دنیایەکی تر بۆ ئەو دنیا نادروستە. بێهوودەبوونی ژیان و گەندەڵبوونی بوارە ڕۆحییەکانیش لەناو شارێکدا لەوێدا برەو بەخۆی دەدات کە نەفرەت لە شاربەدەرەکانی دەکات. ئەوەشی وا دەکات پەنجەرەیەکی بەسەر جیهاندا هەبێت هەبوونی شاربەدەرەکانێتی، بوونی کۆمیونیکاسیۆنێکی ئەفرێنەرانەیە لەنێوان هاوشارییەکان و شاربەدەرەکانی. لەڕووی پسایکۆلۆگیشەوە ئەوەی دینامیکییەتی شار درێژە پێدەدەتات هەڵبژاردنە لەنێوان ئەوەی ئەو دوولایەنە ئینتیگراسیۆن و ئاوێزە بکرێنەوە یاخود هەر درێژە بە دۆخی دووکەرتەیی و شیزۆفرینیای خۆیان بدەن.  سلێمانی لەسایەی دەسەڵاتی گەندەڵییەوە بەشێوەیەکی ڕادیکال جەنگێکی دەروونی و مۆرالی خسۆتە نێوان هاوشاری و شاربەدەرەکانیەوە. ئەرکی نوێی هەر نەوەیەکی نوێ، گەر بخوازێت شار لە بەرهەمهێنانی یۆتۆپیا نەچێتەوە، گەیاندنی هاوشارییەکانە بە شاربەدەرەکان و سازدانی کۆمیونیکاسیۆنێکە ئەو دوولایەنە لە دۆخی شیزۆفرینیاوە بگوێزێتەوە بۆ دۆخی ئینتیگراسیۆن.

سڵاو لەو نەوەیە کە ڕۆژێک لە سلێمانی لەدایک دەبێت، من لەئێستاوە بۆنی عەتری ئەو نەوەیە دەکەم.  




‌‌

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن