728 دیمانە

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتی: لە لیژنەی دەستور لەبری دەنگدان لەسەر تەوافوق رێكکەوتووین

02:17 - 13/11/2019

سازدانى: سەرچین ساڵح

ڤیان سەبرى، ئەندامى لیژنەى نووسینەوەى پرۆژە هەموارى دەستورى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى “زەمەن”دا باس لە هەنگاوەکانى هەموارى دەستور دەکات و پێیوایە داواکارى خۆپیشاندەرانى شارەکانى عێراق خزمەتگوزارى و ئیشوکار بووە نەک هەموارى دەستور، ڤیان کە لەهەمانکاتدا سەرۆکى فراکسیۆنى پارتیە لە پەرلەمانى عێراق ئەوەش دەخاتەڕوو کە هاوڵاتیانى  هەرێمى کوردستان دەتوانن هەموارى دەستور رەتبکەنەوە، ئەگەر زانیان مەترسییە لەسەر قەوارەى هەرێم و مافەکانیان.

زەمەن: پێکهاتەى ئەندامانى لیژنەى هەموارکردنەوەى دەستور چۆنەو لەسەر چی بنەمایەک دانراون؟
ڤیان سەبری: مادەى 142ی دەستوری عێراق دەڵێت لیژنەیەک لەسەرەتاى خولى پەرلەماندا لە پێکهاتە سەرەکیەکان پێکدێت بۆ هەموارى دەستور، لیژنەکە 27 ئەندامى هەیەو هەموو پێکهاتە ئەساسییەکانى تێدایە، لە شیعە و سوننە و کورد و تورکمان و مەسیحى و ئێزیدى کورد بە شەش ئەندام بەشدارە لیژنەکەدا. 

زەمەن: تا ئێستا چیتان کردووەو لەکوێى هەموارکردنەوەکەدان؟
ڤیان سەبری: تائێستا کۆبونەوەیەکمان کردووەو رێککەوتووین لەسەرئەوەى لەناو لیژنەکەدا دەنگدان نەبێت، بەڵکو هەموو کارێک بە تەوافوقى پێکهاتەکانى لیژنەکە بێت و دەنگدان لەناو ئەنجومەنى نوێنەران دەبێت بەپێى مادەى 142 بێت. لیژنەکە دەبێت لەماوەى چوار مانگدا کارى خۆى تەواو بکات، ئینجا چوارچێوەى کارکردنمان داناوەو وێبسایتێک دروستدەکرێت بۆئەوەى پێشنیارى هاوڵاتیان وەربگرێت، بۆ هاوکارى لیژنەى نووسینەوەى دەستوریش لیژنەیەک لە سەندیکاو رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دروست دەکرێت کە رۆڵى هەرێمى کوردستانیشى تێدا دەبێت.

زەمەن: کەى دەست دەکەن بە نووسینەوەى پرۆژە هەموارەکە؟
ڤیان سەبری: تا ئێستا نازانین. 

زەمەن: گرنگترین ئەو ماددانەى کە ئەگەرى هەموارکردنەوەیان هەیە چین؟
ڤیان سەبری: هەندێک ماددە ناکۆکى لەسەر هەیە وەکو ماددەى 76 کە تایبەتە بە کوتلەى گەورە، هەروەها دەستە سەربەخۆکان و یاساى هەڵبژاردنەکان. ئێستا هەر 100 هەزار کەس نوێنەرێکى هەیە، بەڵام  قسە لەسەر ئەوە هەیە کە ژمارەى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران زۆرە دەبێت کەمتر بێت، بەشێوەیەک  250 هەزار کەس نوێنەرێکى هەبێت، بەڵام ئەمانە هێشتا نەچووینەتە ناو وردەکاری و باسکردنیانەوە. 

زەمەن: هەموارکردنەوەى ئەو ماددانە چی لە دۆخى عێراق دەگۆڕێت؟
ڤیان سەبری: ئێستا قسە هەیە ئایا سیستمى پەرلەمانى یان سیستمى سەرۆکایەتى کامیان هەڵبژێرین؟ هێشتا نەگەیشتووین بە گفتوگۆکردن لەسەرى، بەڵام لە یەکەم کۆبونەوەى لیژنەى نووسینەوەى پرۆژە هەموارى دەستوردا، هەمووان کۆک بووین لەسەر سیستمى پەرلەمانی، هەرچەندە نەچووینەتە ناو گفتوگۆى وردەوە لەسەر ئەم بابەتە، ئەگەر سیستمەکە بگۆڕێ زۆرشت دەگۆڕێت. 

زەمەن: کەى داواکارى خۆپیشاندەران هەموارکردنەوەى دەستور بوو، بۆچی پەرلەمان لەم کاتەدا دەستى بۆ ئەم بابەتە بردووە؟
ڤیان سەبری: ئەو قسەیە دروستە، لە بنەڕەتدا خەڵک خزمەتگوزارى و ئیشوکارى دەویست، بەهیچ شێوەیەک باسی دەستوریان نەدەکرد، هەندێک لایەنى سیاسی سودیان لە ناڕەزایى هاوڵاتیان وەرگرتووە لە بەرژەوەندى خۆیان، بۆیە خۆپیشاندەران ئێستا داواکارییەکانیان زیاتر بووەو هەموارکردنەوەی دەستور بووە بە یەکێک لە داواکارییەکانیان، هەموار ئاساییە بەڵام ناکرێت هەموو رۆژێک هەموار بکرێتەوە، بەپێى مادەى 142 و 126 دەبوایە ساڵى 2005 دەستور هەمواربکرایەتەوە ئەویش تەنیا دوو بۆ سێ مادە، دەستور دروستە کارنەکردن بە دەستورو بەکارهێنانى نادروستە، دەستورى عێراق بەگشتى لەناو دنیاى عەرەبی و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست یەکەمینە، بەڵام کارکردن بەو دەستورە هەڵەبووە. 

زەمەن: هەموارکردنەوەی دەستور چی کاریگەرییەکى دەبێت لەسەر ماف و قەوارەى هەرێمى کوردستان؟
ڤیان سەبری: مادەى 142 بڕگەى چوار دەڵێت “دوو لەسەر سێى دەنگدەرانى سێ پارێزگا هەر پێشنیارێک رەتبکەنەوە، ئەوا ئەو پێشنیارە سەرناگرێ”، مادەى 126 بڕگەى چوار دەڵێت “نابێت هیچ هەموارکردنێک بکرێت کە دەسەڵاتى هەرێمەکان کەمبکاتەوە یان ئەوەتا پەرلەمانى کوردستان رازیبێت و خەڵکى هەرێم لە راپرسیدا پەسەندى بکات”، بۆیە ئەمە وەک ڤیتۆیەک وایە بۆ هەرێم، بەڵام ئەبێ هۆشیار بین ئەگەر هەموارەکە شتێکى ئاسایی بوو ئەوا هەموارەکە ئاساییە، بەڵام ئەگەر شتێکى چارەنوسسازبوو لەسەر هەرێم ئەوا ئەبێت ئاگادارو هۆشیار بین. 

زەمەن: ئەگەر لیژنەکە پرۆژە هەموارێکى ئامادەکرد بەخواستى کورد نەبوو، چۆن ئەتوانرێ بەر بە پەسەندکردنى بگیرێت لە پەرلەمان؟
ڤیان سەبری: لەناو پەرلەمان دەنگدانى لەسەر دەکرێت، بەپێى مادەى 126 دەبێت دوو لەسەر سێى ئەندامانى پەرلەمان دەنگى پێبدەن، ئەمەش 220 ئەندام دەکات‌و زۆرە.

زەمەن: ترستان لەوە نیە هاوڵاتیانى هەرێم وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر دەسەڵاتدارانى هەرێم دەنگ بە هەموارى دەستور بدەن؟
ڤیان سەبری: من نازانم ئەکرێ ئەو پرسیارە لەمن نەکەیت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن