هەواڵ

کتێبخانەی زەمەن

10:22 - 07/11/2019 53 جار خوێندراوەتەوە

رووناکبیرێکی گومناو

دوای نزیکەی ١٠٠ ساڵ لە تیرۆرکردنی رووناکبیری کورد (جەمال عیرفان) بۆ یەکەمجار کتێبێک لەبارەی ئەم نووسەرە کوردەوە ئامادە دەکرێت. دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان، لەم رۆژانەدا کتێبێکیان لەسەر مێژووی کەسایەتی و تیرۆرکردنی ئەو رووناکبیرە کوردە بڵاوکردەوە. کتێبەکەش، لەلایەن (مۆفەق میراودەلی) ئامادەکراوە.

 کتێبی (جەمال عیرفان... رووناکبیرێکی گومناو) بریتییە لە کۆکردنەوەو ئامادەکردنی کۆمەڵێ بابەتی تایبەتمەند لەسەر لایەنە جیاواز و تایبەتمەندییەکانی کەسایەتییەکی گرنگی وەک جەمال عیرفان، لەوانە کۆکراوەتەوە بیرەوەریی و یاداشت و نووسینی کەسانێکی ئەو رۆژگارەن، لەسەر رووداوکە، لەگەڵ سەرجەم ئەو وتارانەی لەسەر جەمال عیرفان نووسراوە.

نووسەری کتێبەکە، نووسیوویەتی: (لەم کتێبەدا هەوڵمداوە وتارەكانی جەمال عیرفان و ئەوەی لەسەری نووسراوە لە(رۆژنامەو گۆڤار و بڵاوكراوەكان) و كتێب و سەرچاوە كوردی و بیانییەكان كۆبكەمەوە، لە چوارچێوەی ئەم كتێبەدا بیخەمەڕوو. كاری من لێرەدا تەنها كۆكردنەوەو ئامادەكردنی كتێبەكەیە، نەهاتووم سەرجەم لایەنەكانی شەنوكەو بكەم، پاشان بڕیاری ئەوە بدەم جەمال عیرفان كێ‌ شەهیدی كرد و بۆچی شەهید كرا؟ بۆیە بەوردی سەرچاوەو پەراوێزەكانم دیاری كردوون، چونكە بڕیاردان لە بكوژانی(جەمال عیرفان) لەو رۆژگارەدا نەزانراوە، جا چ جای ئەوەی پاش نزیكەی (100) ساڵ حوكمی ئەوە بدەین.!

جەمال عیرفان یەكێكە لە رووناكبیرەكانی شاری سلێمانی، لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیست، لەو سەردەمەدا لە بواری رۆژنامەوانی و ئیداری و سەربازی کاری کردووەو بەناوبانگ بووە.  لە سەردەمی فەرمانڕەوایی شێخ مەحمودی حەفید، لە رووداوێکی تەموموژ و ئاڵۆزدا تیرۆرکراوەو تا ئێستاش ساغنەبووەتەوە، کێ تیرۆری کردووە و کێ لە پشت تیرۆرکردنەوەکەیەتی.!

 

پەیڤەکان دەدوێن

پەیڤەکان دەدوێن، ناوی کتێبێکی نووسەر (سدیق سەعید رەواندزی)یە و لەم رۆژانەدا بڵاوکرایەوە. کتێبەکە نزیکەی ٢٨ بابەتی هەمەجۆری نووسەرن، کە پێشتر لە رۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاوکراونەتەوە.
بابەت و ناوەڕۆکی وتار و نووسینەکانیش، زیاتر خۆی لە خوێندنەوە و رانانی کتێب دەبینێتەوە. کە کتێبەکانیش بابەتی هەمەجۆری کولتوورین و نووسەران لەسەر بابەتی جیاوازی ئەدەبی و فەرهەنگی و توێژینەوەی مێژوویی و بابەتی سیاسی و کۆمەڵناسی نووسیوویانە. 
هەندێ لە ناونیشانی  سەرەکی بابەتەکانی کتێبە، لەوانە:(تەرمی نەناسێک و رانانێکی خێرا، کتێبی پێداگۆگی و ستەملێکراوان، کتێبێ لەبارەی ماندێلاوە، دوا شەوەکانی ژیانی قەزافی، زمانی کوردی و دیالێکتەکانی و زۆر ناونیشانی تریش.)
ئەم کتێبە، بۆ خوێنەرێ زانیاریی هەمەڕەنگ و هەمەچەشنی مەبەست بێت، گرنگی و بایەخی زۆرتری دەبێ  و چێژی زیاتر و زانیاریی زۆرتر لەسەر بابەتەکانی وەردەگرێ، چونکە، بابەتی رۆژ و بابەتی هەمەلایەنن، کە نووسەر، لە کات و شوێنی جیاوازدا لەسەری نووسیوون، پاشتر لەم کتێبەدا، وەک فەرهەنگێک کۆیکردوونەتەوە.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن