دوا نیگای ژه‌نه‌راڵی پاییز
12:04 - 03/11/2019
جەبار سابیر
ساڵی ١٩٩٤ و له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ناخۆدا، له رێگه‌ی هاوڕێیه‌كه‌وه دیوانی “له غوربه‌تا”م پێگه‌یشت و زۆر تامه‌زرۆیانه خوێندمه‌وه و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌وتمه ژێر كاریگه‌رییه‌وه و سه‌رمه‌ستی وشه و دێڕه‌كانی بووم. ئه‌وسا تازه خولیای ئه‌وه كه‌وتبووه سه‌رم بنووسم و كه‌م كه‌م شیعرم ده‌نووسی و خۆم دڵم پێیان خۆش‌بوو. زۆرم حه‌ز كرد نووسه‌ری “له غوربه‌تا” بناسم و له نزیكه‌وه بیبینم؛ بزانم ئه‌م مرۆڤه كێیه كه ئه‌وه‌نده قووڵ چۆته ناخی مرۆڤ و ژیان و ئه‌وه‌نده بۆنی بیابان و ده‌شتی قاقڕ له شیعره‌كانی دێ. ده‌مویست بزانم خودی خۆی و شیعره‌كانی تا چه‌ند له‌یه‌ك ده‌چن. فروغ ده‌ڵێ: (من ناتوانم به كۆڵانێكدا بڕۆم بۆنی میزی لێ بێت و دواتر له كاتی شیعرنووسین و وه‌سفی ئه‌و كۆڵانه‌دا شووشه عه‌تره‌كانم ریز بكه‌م و بۆنی یه‌كێكیان بخه‌مه شوێنی بۆن میزه‌كه). حه‌مه‌یش رێك ئه‌مه‌ی كردبوو. ژیانی وه‌ك خۆی نووسیبووەوە، مرۆڤی وه‌ك خۆی وێنا كردبوو، هه‌موو ئه‌وه‌ی ئه‌و له شیعره‌كانیدا وتبووی، له راستیدا وابوون و وان، به‌ڵام ئه‌و شاعیرانه و داهێنه‌رانه ژیان و مرۆڤی كردبووه شیعره.
سه‌ره‌تای ٢٠٠٠، له رێگه‌ی (كاروان سدیق)ه‌وه ناسیم. ئه‌وسا دوكانێكم له شه‌قامی پیره‌مێرد هه‌بوو، زوو زوو ده‌هاته لام و باسی شیعر و ژیانمان ده‌كرد. كه زۆرتر لێم نزیكبۆوه، هه‌فته‌ی یه‌كدوو جار ده‌هات و هاوڕێیانه به شه‌رمێكه‌وه ده‌یوت دینارێك یا دوو دینارم بده‌رێ!. ئه‌وسا پاره‌كۆنه‌كه هه‌بوو. هه‌موو جارێ ده‌مدایه، یان بۆ جگه‌ره‌ی بوو، یا بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ و نانخواردن. قه‌ت وه‌ك كه‌سێكی ساخته‌چی و ده‌ستبڕ داوای زۆری نه‌كردو منیش قه‌ت ده‌ستم به روویه‌وه نه‌نا. ئێمه هه‌موو خۆشمان ده‌ویست. شانازیمان به ناسینیه‌وه ده‌كرد. ئه‌مه شتێكی ئاساییه و خەڵكانی نووسه‌ر و شاعیر هه‌میشه پێویستییان به هاوكاریی ده‌وروبه‌ره‌كه‌یانه. (من وه‌ك بێڕێزی به‌رامبه‌ر به‌و باسی ناكه‌م).
دوێنێ ئێواره، واتا ئێوارەی پێش مردنەکەی و ڕۆژی ٢٢/١٠/٢٠١٩ سه‌عات چوار‌و چاره‌ك بۆ دوایین جار له به‌رده‌م چایخانه‌ی هه‌ورامییه‌كان بینیم، سڵاوی كرد‌و وتم: حه‌مه گیان چۆنی. هه‌ر ئه‌م دوو وشه‌یه. سیمای جۆرێك په‌رێشان و بێتاقه‌ت بوو، چما ئیتر نایبینمه‌وه. مانگێك ده‌بوو نه‌مدیبوو. هه‌نگاوێك له مردنه‌وه دوور بوو. زۆرجار مرۆڤه‌كان وان، به‌ر له مردن یاده‌وه‌ر‌ییه‌كی زۆر بچووك و تاڵ، شتێكی وه‌ك پرته‌پرتی رووناكییه‌ك له شه‌وێكی ئه‌نگوسته‌چاودا جێدەهێڵن. ئه‌م پیاوه‌یش وابوو. ئه‌و سه‌یركردن و نیگایه‌ی جۆرێك بوو، ترسام لێی. دواتر كه تێپه‌ڕی، سه‌ركۆنه‌ی خۆم كرد، وتم بۆ پێم نه‌وتووه (كاكه حه‌مه!) بۆ نه‌موت: (كاك محه‌مه‌د!) له دڵم ده‌رنه‌ده‌چوو. شه‌و زۆر بیرم لێ كرده‌وه، به داخه‌وه ئاگام له هیچ نه‌بوو، نه نێت و نه تیڤی، له هیچیانه‌وه هه‌واڵه‌كه‌م نه‌بیست، چونكه شه‌وان نێت به‌كارناهێنم‌و زۆر سه‌یری تیڤیش ناكه‌م. به‌ڵام به‌یانی له شوێنی كاره‌كه‌م هاوڕێیه‌كم وتی: “محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان” مردووه و منیش باوه‌ڕم نه‌كرد. وتم: دوێنێ بینیم، قسه‌م له‌گه‌ڵ كرد. ساغ و سه‌لیم بوو، وتی: “خۆی خنكاندووه!” ئیتر باوه‌ڕم كرد!، چونكه ئه‌و ده‌مێك بوو به ده‌ست خۆیه‌وه گیری خواردبوو. ده‌مێك بوو له ژیان تۆرابوو و له دڵه‌وه پێنه‌كه‌نیبوو. بێتاقه‌تیی ئه‌و په‌یوه‌ندی به پاره و شوێن و پێگه‌وه نه‌بوو. چونكه له هه‌ر كوێ بوایه، رێزی ده‌گیرا. مرۆڤ شه‌رمی له هێژایی و جوانییه‌كه‌ی ده‌كرد.
١١/٢/٢٠١٩ له پاریسه‌وه، به فڕۆكه چووم بۆ دانیمارك، بۆ لای هاوڕێم (به‌ختیار حه‌سه‌ن) پیاوێكی شیعردۆست و خوێنه‌وار. پێموایه هه‌موو له غوربه‌تای له‌به‌ره. شه‌و بوو، سه‌عات نۆ و شتێك، له شه‌مه‌ندۆفێره‌كه دابه‌زیم و باوه‌شمان به یه‌كدا كرد. وتم: بۆ به‌خته‌وه‌ری، زۆر كورته ته‌مه‌ن، بۆ كوێره‌وه‌ی نابڕێته‌وه. وتی حه‌مه چۆنه؟ وتم خراپ نییه، كه‌م ده‌یبینم، جاروبار سڵاوێك ده‌كه‌ین.
ئەم بابەتە لە ژمارە ١٩ی پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە